ڕەنگە بەهۆی هەڵەیەکی عێراقەوە جەنگی جیهانیی هەڵگیرسێت

عیراق

03/02/2024‌ 3123 جار خوێندراوه‌ته‌وه


هەرگیز بیرت لەوە کردوەتەوە ئەو عێراقەی ئێمەی تێداین ڕۆژێك ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی جیهانیی؟ لەگەڵمان بن لەم ڕاپۆرتەدا مەترسییەکتان بۆ ئاشکرادەکەین کە ڕەنگە بۆ بەشێکی زۆرتان نامۆبێت.

عێراق نەوتەکەی بە دۆلار دەفرۆشێت، داهاتی ئەو نەوتە فرۆشراوەش دەگەڕێتەوە سەر بانکی جی بی مۆرگان و سیتی بانک لە ئەمریکا، ئەو داهاتەش لەڕێگەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بە گوژمە دەدرێتەوە بە عێراق، ئەوە ماوەی 20 ساڵە ئەو ڕێکارە بەردەوامە...

ساڵی 2004 ئەمریکا مەرجێکی توندی بەسەر عێراقدا سەپاند، کە نابێت نەوتەکەی جگە لە دۆلار بە هیچ دراوێک بفرۆشێت، هەروەها نابێت یەک دۆلاریش چییە لە دەرەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەدەست بگات...

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئێستا پێشنیازیکردووە، حکومەت نەوت بە دراوی دیکەی جگە لە دۆلار بفرۆشێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەگەر عێراق هەنگاوێکی لەوشێوەیە بنێت، ئەوا ئابوورییەکەی دەتەپێت و عێراق بەدەستی خۆی بڕیار لە مەرگی خۆی دەدات...

هەندێک لە شارەزایانی دیکەی ئابووریی مەترسیی فرۆشتنی نەوت بە دراوی دیکەی جگە لە دۆلار بە زۆر مەترسیدار وەسفدەکەن و دەڵێن، ئەوە وەك ڕاگەیاندی جەنگێکی جیهانییە بەسەر سیستمی دارایی جیهانیدا کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات.. تەنانەت دەڵێن ئەو هەنگاوە زۆر مەترسیدارترە لە کردنە ئامانجی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، چونکە لێدان لە ئابووریی ئەمریکا بەلای بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە، تێپەڕاندنی هێڵی سورە...

ئەگەر عێراق نەوت بە دۆلار نەفرۆشێت چی ڕوودەدات؟

ئەو نەوتەی عێراق ڕۆژانە دەیفرۆشێت و ملیۆنان هاووڵاتی عێراقیی بەهۆیەوە موچەی مانگانەیان وەردەگرن، ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی عێراق بڕیاردەدات بە دۆلار نەیفرۆشێت، ئەمریکاش قەدەغە دەخاتەسەر فرۆشتنی نەوتی عێراق، ئەوەش واتای ئەوەی ملیۆنان عێراقیی بێ موچە دەبن...

تەنانەت مەترسیی هەیە عێراق بەهۆیەوە بخرێتەوە ژێر بەندی حەوتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە نەوت بەرامبەر خۆراکە، ئەوە جگە لەوەی ڕێگریی لە گەیشتنی دۆلار بە عێراق دەکرێت و بەغدا لە سیستمی سویفت دەردەکرێت کە ئەوەش یەکسانە بە هەرەسهێنانی کەرتی بانکیی لە عێراق..

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی لە نوسینێکدا دەڵێت "ساڵی 1973 شا فەیسەڵ، پادشای سعودییە بڕیاریدا لەبەرامبەر پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە، نەوت بە دۆلار بفرۆشێت، هاوکات ساڵی 1975 وڵاتانی ئۆپیک بڕیاریاندا دۆلار بکەنە دراوی سەرەکی بۆ فرۆشتنی نەوت".

بەوتەی مەرسومی "ساڵی 2000 عێراق بڕیاریدا نەوتەکەی بە یۆرۆ بفرۆشێت لەجیاتی دۆلار، ئەوەش وایکرد ببێتە یەکێك لە هۆکارە شاراوەکان بۆ لێدان لە ڕژێمی سەدام حسێن، هاوکات ساڵی 2011 موعەمەر قەزافی، سەرۆکی لیبیا هەوڵیدا دراوی زێڕین لە ئەفریقا دروستبکات بۆ جێگرەوەی دۆلار لە فرۆشتنی نەوت، بەڵام دواتر و لەهەمان ساڵدا ڕژێمەکەی لیبیا ڕوخێندرا".