جەنگی جیهانی سێیەم نزیکە و وڵاتان خۆیان بۆ ئامادەکرد

جیهان

05/02/2024‌ 2574 جار خوێندراوه‌ته‌وه


هەر لە سەرۆك و بەرپرسانی باڵای وڵاتانەوە بۆ سەرمایەدار و ملیاردێرەکانی جیهان، خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادە دەکەن و دەمی هەر کەسێکیان دەکەیتەوە، دەڵێن جەنگی جیهانیی سێیەم بەڕێوەیە، ئەوەتا کەسێکی وەك مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا و ملیاردێری جیهانیی، لە ویلایەتی هاوای دەستیکردووە بە دروستکردنی ژێرزەمینێک بۆ خۆپاراستن... لەم ڕاپۆرتەدا مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم ئاشکرادەکەین.....

گۆڤاری نیوز ویك-ی ئەمریکی لە وتارێکدا باسی لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی سێیەم کردووە و دەڵێت، جەنگی ئیسرائیل و غەززە و پڕچەککردنی میلیشیاکانی فەڵەستین لەلایەن ئێرانەوە، دەستپێکردنی جەنگەکەی خێراتر کردووە.

بەڵام جۆزێف ئبستاین، توێژەر و شارەزا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیە کە دەڵێت جەنگی جیهانیی سێیەم دەستپێدەکات، بەڵکو ئەو بۆچوونی وایە کە جەنگەکە بە کردار دەستیپێکردووە، بە بەڵگەی ئەوەی ڕوسیا، چین و ئێران لە جەنگێکی ئاشکرادان لەگەڵ ئەمریکا.


ڕوسیا، ئێران و چین بەشێکن لە جەنگە جیهانییەکە

بەگوێرەی وتەی ئبستاین، سروشتی ئەم جەنگە جیهانییە ئەوەیە مەرکەزیی نییە، بەڵکو لە چەند بەرەیەکەوە جەنگ هەیە و سەرجەم بەرەکانیش بەسەر کیشوەرەکانی جیهاندا دابەشبوون، بەڵام هەموو ئامرازەکانی جەنگێکی جیهانیی وەك تانك، فڕۆکە، کەشتی جەنگی و شەڕی سیبرانیی تێدایە.

ڕوسیا، چین و ئێران بەشێکی گەورەن لە جەنگەکە و هەرسێکیشیان لەسەر یەک ئامانج کۆکن، ئەویش ئەوەیە "نفوزی ئەمریکا لە ناوچەکانیان و دەسەڵاتی واشنتۆن بەسەر جیهانەوە نەهێڵن".

لەم جەنگی جیهانیی سێیەمەدا کە شارەزایان دەڵێن دەستیپێکردووە، ستراتیژی ئەو سێ وڵاتە دابەشبووە، چین هەڵمەتێکی بێ پێشینەی سیخوڕیی بەسەر ئەمریکاوە دەستپێکردووە، ڕووسیا ملیاران دۆلار بۆ بانگەشەی دژی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا و ناوخۆی خۆی بەکاردەهێنێت، هەرچی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشە بە کردار لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەدات لەناوچەکەدا، بەڵام خۆی هێرشە سەربازییەکان ناکات بەڵکو لە ڕێگەی وەکیلەکانیەوە کە میلیشیا شیعەکانن کارەکە دەکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنوری ئوردن هێرشکرایەسەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا و سێ سەرباز کوژران و زیاتر لە 40 سەرباز بریندار بوون، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە بەوە ناسرابوو جیهانی بەرەو جەنگێکی مەترسیدار دەبرد، لە نوێترین لێدوانی دوای ئەو هێرشەدا وتی:"ئێستا جیهان لە لێواری جەنگی جیهانیی سێیەمدایە".

گرانت شابس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لەم ڕۆژانەدا لێدوانێکیدا، کە هاوشێوەی بەنزین بوو بکرێت بە ئاگردا، ئەو وتی وڵاتەکەی بەنیازە ژمارەیەک سەرباز بنێرێتە خاکی ئۆکرانیا بەمەبەستی ڕاهێنان بە سوپای ئۆکرانیا، بەڵام هەر ڕاستەوخۆ دیمتری میدڤیدیڤ، سەرۆکی پێشووی ڕوسیا و جێگری ئێستای سەرۆکی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە وتی:"ئەو قسانەی وەزیری بەرگریی بەریتانیا یەک خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، ئەویش ئەوەیە جیهان دەچێتە جەنگی جیهانیی سێیەمەوە".

چاودێران پێیانوایە ئیدارەی جۆ بایدن بێدەسەڵاتە بەرامبەر ئەو پێشهاتانەی ئێستای جیهان و چەند نمونەیەک بۆ ئەوەش دەهێننەوە و دەڵێن، ڕوسیا ئۆکرانیای داگیرکرد ئەمریکا نەیتوانی هیچ بکات، ئێران پاڵپشتی لە حەماس کرد لە ئیسرائیل بدات بەڵام ئەمریکا وتی بەڵگەیەک نییە بۆ تێوەگلانی ئێران لەو کارەوە، بۆیە بە دوری نازانن ڕووداوە گەورەکە ڕووبدات کە ئەویش داگیرکردنی تایوانە لەلایەن چینەوە.

ئەمریکا دەستی بە بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمیی کرد

ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەهەڵکشانی مەترسییەکانی جەنگی جیهانیی سیێەم لە ئەوروپا کردووە و دەڵێت "ئەمریکا دوای 15 ساڵ چەکی نوێی ئەتۆمیی لە بەریتانیا جێگیرکرد، ئامانج لەو کارەش ڕوبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی ڕوسیایە".

ئەوروپای ڕۆژهەڵات ئێستا لەسەر سینییەکی گەرم دەکوڵێت، هەرچی ئەوروپای ڕۆژئاواشە بەهۆی قەیرانی دارایی و بێکاریی و کردەوە توندوتیژییەکانەوە، تارمایی ترسی جەنگی جیهانیی سێیەم ڕووی تێکردوون.

دەوڵەمەندەکان بەرەو خۆشاردنەوە لە ژێرزەمینەکان دەڕۆن

لە هەفتەکانی ڕابردوودا هەواڵێک جیهانی شۆککرد، ئەویش کڕینی زەوییەک بوو لە ویلایەتی هاوای لەلایەن مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا بە بەهای 170 ملیۆن دۆلار. زوکەربێرگ دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی ژێرزەمینیی لەو ناوچەیە دروستبکات کە بەرگەی تەقینەوەی ئەتۆمیی بگرێت و بە کەڵکی ژیان بۆ ماوەیەکی زۆر بێت.
 
لە سویسراش دەوڵەمەندەکان بە هەمانشێوە دەستیان بە دروستکردنی ژێرزەمینی خۆپارێزی کردووە، لەو وڵاتە هەشت ملیۆن و 600 هەزار پەناگەی ژێرزەمینیی هەن، ئەوەش وەك ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی سێیەم.


ترەمپ و بایدن کلیلی هەڵگیرساندنی جەنگێکی خوێناوییان لە گیرفاندایە

دیمتری باڤێرین، نوسەر و لێکۆڵەر لە نوسینێکدا دەڵێت، جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ کارەساتن بۆ ئەمریکا و جیهان، ئەگەر بایدن بە سەرۆك هەڵبژێردرێتەوە دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی سێیەم.

لەبارەی دۆناڵد ترەمپیش ئەو نوسەرە دەڵێت، خۆ ئەگەر ترەمپ ببێتە سەرۆک و لەبایدن بباتەوە، ئەوا جەنگی دووەمی ناوخۆیی لە ئەمریکا هەڵدەگیرسێت.

بەپەلە