سەرەڕای ترس‌و هەڕەشەکانی میسر.. ئیسرائیل بەنیازە ناوچەی ڕەفەح داگیربکات

جیهان

07/02/2024‌ 654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" عیبری بڵاویکردۆتەوە، تەلئەبیب بیر لەچۆڵکردنی دانیشتوانی ڕەفح بەرەو باکوری کەرتی غەززە دەکاتەوە پێش گریمانەی هێرشکردنەسەر ئەوشارە، بەڵام ڕۆژنامەکە بەپشتبەستن بەسەرچاوەکان ڕایگەیاندوە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێش مانگی ئازار ڕونادات.


ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ڕونیکردەوە کە میسر “لەمدواییانەدا پەیامی توندی بۆ ئیسرائیل ناردوەو ڕایگەیاندوە کە تێپەڕبونی پەنابەرانی فەڵەستینی لەغەززەوە بۆ سینا ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان میسرو ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە.”

ڕۆژنامەکە دەڵێت، "نیگەرانی میسر گواستنەوەی سەدان هەزار فەڵەستینییە لەغەززەوە بۆ سیناو مانەوەیان لەوێ، هەر ئەمەش وایکردوە میسر بەئیسرائیل ڕابگەیه‌نێت کە بەتوندیی دژی فراوانکردنی شەڕەکانە بۆ ڕەفەح‌و دەستبەسەرداگرتنی میحوەرەکەی فیلادلفیایە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە".

لەئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن‌و 400 هەزار لەدانیشتوانی کەرتی غەززە کە بەتێکڕایی نزیکەی 2.2  ملیۆن کەسە لەناوچەی ڕەفەح چڕبونەتەوەو میسر ترسی ئەوەی هەیە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیل لەوشارەدا ببێتە هۆی کۆچێکی بەکۆمەڵ بۆ سینا .

ڕۆژنامەکە دەڵێت:"بەوپێیەی ئیسرائیل ڕێگریی دەکات لەگەڕانەوەی فەڵەستینییەکان بۆسەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان لەبەشی باکوری کەرتی غەززە، لەڕاستیدا هیچ ڕێگەیەکیان بۆ ناهێڵێتەوە جگە لەهەڵاتن بۆ باشورو بەرەو سنوری میسر".

ڕۆژنامەکە لەزاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاندوە کە “ئەو پەیامە توندانەی  کە میسر بەتێکەڵەیەک لەتوڕەیی‌و دڵەڕاوکێیەوە ناردویەتی، لەئەنجامی لێدوانی جۆراوجۆری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بوە کە پێشنیازی دورخستنەوەی فەڵەستینییەکانیان لەغەززە کردوە وەک چارەسەرێکی گریمانکراو بۆ کێشەکە".

گیلا گاملیێل وەزیری هەواڵگریی ئیسرائیل لەوتارێکی فەرمیدا کە بڵاویکردۆتەوە، پێشنیازیکردوە کە فەڵەستینییەکان لەغەززە بەرەو سینا دوربخرێنەوە، لەچەند هەفتەی ڕابردوشدا چەندین لێدوانی هاوشێوە لەلایەن وەزیران‌و ئەندامانی کنێستەوە دەرکراون دیارترینیان هی وەزیری دارایی بیزالیل سمۆتریچە، کە هەمان شتیان دوبارە کردۆتەوە.
ڕۆژنامەکە باس لەوەدەکات کە هۆکاری دڵەڕاوکێی میسر دوو پاڵنەری سەرەکیی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە فەڵەستینییەکان هەوڵدەدەن لەپاشخانی دۆخی ناسەقامگیریی مرۆیی کەرتی غەززە بچنە دەرەوە، دوەمیشیان ئەوەیە کە فەڵەستینییەکان لەترسی ئەوەی جەنگ زیانیان پێبگەیەنێت، هەوڵی هەڵهاتن دەدەن.

بەپەلە