شارپرێس-كەنداڵ جودی:
دەزگای میدیایی شارپرێس لەم راپۆرتەدا پلانێكی مەترسیداری دەوڵەتی توركیا دژی عەفرین ئاشكرادەكات، ئەویش خستنی هەرێمی عەفرینە بۆ نێو سنوورەكانی ئەم وڵاتە، كە بە سەپاندنی لیرەی توركی بۆ مامەڵە و دوورخستنەوەی كورد و سڕینەوەی ناسنامە كوردییەكەیو نیشتەجێكردنی عەرەب و توركمان دەستیپێكردووە.
دەوڵەتی توركیا بەنیازە بە لەنێوبردنی كورد لە عەفرین و گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەكە و نیشتەجێكردنی عەرەب و توركمانەكان، ناسنامەی كورد لە عەفرین بسڕێتەوە و لە داهاتووشدا عەفرین بخاتە سەر خاكی خۆی.
٦ ساڵ بەسەر داگیركردنی عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیاوە تێدەپەڕێت، لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ پلانی مەترسیدار دژ بە كوردانی عەفرین بەڕێوەدەچێت. توركیا بە بیانووی "پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی" دەستی بە داگیركردنی عەفرین كرد، بەڵام دوای داگیركردنی عەفرین، ئەوە ڕوون بووەوە كە ئامانجی سەرەكی توركیا لەنێوبردنی كوردەكانی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات بووە، عەفرینیش وەك ناوەندێكی مێژوویی كوردی سنوورەكە بووە بە ئامانج.
ڕفاندنی كورد لە عەفرین
وتەبێژی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا ئیبراهیم شەیخۆ شارپرێسی لە پێشێلكارییەكانی توركیا لە مانگی رابردوو لە عەفرین ئاگادار كردەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییە تایبەتانەی ناوبراو، دەوڵەتی توركیا لە مانگی یەكدا ٥٣ كوردی خەڵكی عەفرینی ڕفاندووە، لەو ژمارەیەش ١٥یان ژن و ٧ كەسیان منداڵ بوون. تا ئێستا چارەنووسی ئەو كەسانە ڕوون نییە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە شارپرێس لە سەرچاوەكانی خۆیەوە لە عەفرین دەستی كەوتووە، توركیا زۆرێك لەو كەسانەی كە ڕفاندوویانن بردۆتە توركیا و لەوێ زیندانی كردوون. هەرچەندە لە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا ڕفاندنی هاووڵاتیانی دەوڵەتێك و دادگاییكردنیان لە دەوڵەتێكی دیكە قەدەغەیە و وەك تاوانی جەنگ سەیر دەكرێت، بەڵام توركیا لە عەفرین ئەو كارە دەكات.
كۆمەڵكوژی دژی سروشت
هاوكات لەگەڵ ڕفاندن و تیرۆركردنی كورد، جینۆسایدی دەوڵەتی توركیا لە دژی سروشتی عەفرین بەردەوامە. لەو چوارچێوەیەدا ئیبراهیم شەیخۆ بە شارپرێسی ڕاگەیاند، لە مانگی یەكدا حكومەتی توركیا زیاتر لە 1600 داری میوەی وەكو زەیتون و هەنار و ترێ و هی تری لە سنوری عەفرین بڕیوە و لە بازاڕەكاندا دەیفرۆشن.
نیشتەجێكردنی عەرەب و توركمان لە عەفرین
بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و لەناوبردنی ناسنامەی كورد، دەوڵەتی توركیا لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بە هاوكاری ڕێكخراوەكانی ئیخوان موسلیمین دەستی كردووە بە دروستكردنی گوند لە عەفرین و شارو شارۆچكەكانی دیكەی سنوورەكە.
لەو چوارچێوەیەدا، شەیخۆ بە شارپرێسی ڕاگەیاند، لە مانگی یەكدا توركیا گوندی ئاشتیی لەسەر خاكی كورد لە سنووری ناحیەی شێراوی عەفرین بە سەرپەرشتی ڕێكخراوی ئۆرانچ دروستكرد، هەروەها عەرەب و توركمانەكانی ناوچەكانی دیكەی سوریای لێ نیشتەجێكدەكرێن.
هاوكات شێخۆ باسی لەوەشكرد كە دەوڵەتی توركیا بە سەرپەرشتی ڕێكخراوی مەنار ئەلبەحر گوندی دینیز فیناری لە سنووری ناحیەی جندرێسی عەفرین دروستكردووە و عەرەب و توركمانەكانی ناوچەكانی دیكەی سوریای بۆ گواستووەتەوە.
دەشڵێت، دەوڵەتی توركیا هەموو ئەو پێشێلكاری و تاوانانەی جەنگ ئەنجام دەدات لە پێناو گۆڕینی ناسنامەی عەفرین و لە داهاتوودا عەفرین دەخرێتە ناو خاكی توركیاوە.
تێكەڵكردنی عەفرین لەگەڵ توركیا
ڕۆژنامەنووس و لێكۆڵەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی فورات لەزگین ئیبراهیم بە گەڕانەوە بۆ رەوشی رابردووی ناوچەكە، بۆ شارپرێس گوتی: سەپاندنی لیرەی توركی لە عەفرین و لابردنی ناسنامە لە عەرەب و توركمانەكانی نیشتەجێی عەفرین و پەیوەندییان بە دانیشتوانی توركیاوە دیارە كە توركیا پلانی هەیە هەرێمی عەفرین لە داهاتوودا بخاتە ناو خاكی توركیاوە، وەك ئەوەی لەئەسكەندرون كردوویەتی.
لەزگین ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا كە بەپێی ڕێككەوتننامەی لاهای ساڵی ١٩٠٧ و لە مادەكانی ٤٢ تا ٥٦ و بەپێی مادەكانی ٢٧ تا ٣٤ و لە ٤٧ تا ٧٨ی ڕێككەوتننامەی جنێڤ، "ناتوانرێت دەسەڵاتێكی داگیركەر حوكمڕانی خاكێك لە دەوڵەتێكی دیكە بكات، هەرچەندە توركیا ڕێككەوتننامەكانی جنێڤ و لاهای پێشێل دەكات، بەڵام هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان لە بەرامبەر ئەم پێشێلكاریانە بێدەنگن. ئەمەش ئەوە دەردەخات كە هێزە نێودەوڵەتییەكان ڕێگەیان بە توركیا داوە ئەو كارانە لە عەفرین و ناوچەكانی دیكە ئەنجام بدات". ئەمەش وا دەكات سەروەری توركیا بەتەواوی بەسەر عەفریندا بێت لە داهاتوودا و توركیا بە ئاسانی عەفرینی وەردەگرێت.