مۆساد مامۆستایەکی ئیسرائیلی دەستگیر کرد کە کاری بۆ حەماس کردوە

جیهان

13/02/2024‌ 471 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پۆلیسی ئیسرائیل‌و دەزگای ئاسایشی ناوخۆ (شاباک) دەستگیرکردنی مامۆستایەکی خەڵکی باکوری ئیسرائیلیان ڕاگەیاند، کە بەوتەی خۆیان "شوێنی دامەزراوە پیشەسازییە سەربازییەکانی بۆ حەماس دەستنیشانکردوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێکخراوە بتوانێت لەڕێگه‌ی موشەکەوە بەئامانجی بگرێت".


ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی ڕایگەیاندوە، تۆمەتبارەکە ناوی ڕامی حەبیبوڵڵایە، خەڵکی شارۆچکەی عەین ماهیلی نزیک شاری ناسڕەی باکوری ئیسرائیلە.

پۆلیس‌و شاباک بەو ئەنجامە گەیشتون کە "لەژێر ڕۆشنایی ململانێکانی غەززە، حەبیبوڵڵا بڕیاریداوە پەیوەندی بەحەماسەوە بکات، مەبەستی دەستنیشانکردنی ئەو ئامانجانەی ئەو بزوتنەوەیە دەیەوێت لەناوخۆی ئیسرائیل بەئامانجیان بگرێت".

بەگوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، حەبیبوڵڵا وێنەی کارگەیەکی پیشەسازیی بەرگریی لەنزیک ماڵەکەی خۆی بۆ چالاکوانێکی بزوتنەوەی حەماس گرتوه‌و شوێنی کارگەکەی بەوردی دیاریکردوە بۆئەوەی حەماس موشەکی ئاڕاستە بکات، هەروەها پارەی بۆ حەماس دابینکردوە و زانیاریی لەسەر چەندین پێگەی هەستیار بەو بزوتنەوەیە داوە.

بەگوێره‌ى لێکۆڵینەوەکان، ئەو مامۆستا ئیسرائیلییە کاری بۆ گرتنی سیخوڕی دیکەی ئیسرائیلی لەبەرژەوەندیی حەماس کردوە بۆئەوەی کاری حەماس لەبەئامانجگرتنی ئامانجەکانی ناو ئیسرائیل ئاسان بکات.

لەنێو ئەوانەی حەبیبوڵڵا بەسیخوڕ گرتونی، کەسێکی دیکە بەناوی خالد ساڵح کە لەگەڵ تۆمەتباری سێیەم لەپەیوەندیی بەدۆسیەکەوە دەستگیرکراون.