لە ئەڵمانیا سكاڵا لەدژی گروپە چەكدارەكانی توركیا لەسەر تاوانەكانیان لە عەفرین تۆماركرا

ڕاپۆرت

16/02/2024‌ 1072 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس-كەنداڵ جودی:

دۆسیەیەك لە داواكاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا لە دژی ئەو گروپانەی سەر بە دەوڵەتی توركیا تۆماركراوە كە تاوانی جەنگ لە ناوچەی عەفرین ئەنجام دەدەن.

لە ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان كە لە مانگی ئاداری ٢٠١٨ەوە لەلایەن دەوڵەتی توركیا و گروپەكانیەوە داگیركراوە، ڕۆژانە زۆر پێشێلكاری و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر كورد ئەنجام دەدرێن.

ئەم تاوان و پێشێلكاریانەی كە ڕوودەدەن، ئێستا سنووری ناوخۆیییان بەزاندووە و گەیشتوونەتە ئاستی نێودەوڵەتی و ئەوروپا. لەو چوارچێوەیەدا، لە هەفتەی ڕابردووەوە لە ئەڵمانیا دۆسیەیەك لە دژی گروپەكانی پەیوەندیدار بە توركیاوە كرایەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، ڕاوێژكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆمەڵەی پاراستنی گەلانی ژێر هەڕەشە و مەترسی د. كەمال سیدۆ كە ئێستا لە ئەڵمانیایە، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ شارپرێس رایگەیاند، "ئەو لایەنانەی سكاڵایان لە دژی گروپە میلیشیاكانی پەیوەست بە توركیا تۆمار كردووە، بریتین لەسەنتەری ئەوروپی بۆ دادپەروەری و مافی مرۆڤ بە هاوكاری ڕێكخراوەكانی دیكەی سوریا".

كەمال سیدۆ ئاماژەی بەوەشكرد، بەڵگەی ئەو تاوانانەیان خستۆتە ڕوو كە ئەنجامدراون و بەشێك لە تێچووی پارێزەرانی ئەم دۆسیەیەیان گرتۆتەئەستۆ.

  لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: "ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بەو تاوانانەوە هەیە كە لە دوای داگیركاری لە ساڵی ٢٠١٨ەوە لە عەفرین ئەنجامدراون و دۆسیەكە لەداواكاری گشتی فیدراڵی لە ئەڵمانیا كرایەوە و كاری لەسەر دەكرێـت".
 
لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٤ لە عەفرین چی ڕوویدا؟
لەلایەكی دیكەوە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا ڕاپۆرتێكی تایبەت بە شارپرێس داوە كە پەیوەندی بەو تاوانانەی دەوڵەتی توركیا و گروپەكانی لە عەفرین هەیە كە لە ساڵی 2018 وە تا 01/01/2024 ئەنجامیانداوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، تاوانەكانی ساڵی 2018 تا سەرەتای ساڵی 2024 لە عەفرین بەم شێوەیەن:

كوشتن: لە عەفرین، دەوڵەتی توركیا و گروپەكانی زیاتر لە ٦٨٣ كوردیان كوشتووە و ٩٥ كەسیش لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەستداوە كە ١٠١ كەسیان ژنن.

دەستدرێژیكردن: زیاتر لە ٧٤ حاڵەتی دەستدرێژیكردنە سەر ژنان لەلایەن سەربازانی توركیا و چەكدارەكانی لە عەفرین تۆماركراون.

بڕین و سووتاندنی دار: لە عەفرین زیاتر لە ٤٠٠ هەزار داری میوەی وەكو زەیتون و داری دیكە بڕدراونەتەوەو فرۆشراوان و زیاتر لە ١٥ هەزار دار سووتێنراون.

گۆڕانی دیمۆگرافی: داگیركاری توركیا زیاتر لە 30 گوند و كەمپی لە سنوری عەفرین و قەزاكانی دروستكردووە و هەزاران كەسی عەرەب و توركمانی تێدا نیشتەجێ كردووە، بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەی عەفرین و نەهێشتنی ناسنامەی كورد.

وێرانكردنی شوێنەكان: لە عەفرین دەوڵەتی توركیا زیاتر لە ٧٥ شوێن و گردیان وێران كردووە و زیاتر لە ٢٨ شوێنی ئایینی ئێزیدی و عەلەوی و گۆڕستانی شەهیدانیان وێران كردووە.

داگیركاری پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتییەكانە
كەمال سیدۆ، لە درێژەی هەڵسەنگاندنەكەیدا ڕایگەیاندووە، داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەكان، چونكە مافی توركیا نییە هێرش بكاتە سەر دەوڵەتێكی دراوسێ و داگیری بكات.

سەبارەت بە ئاستەنگەكانی بەردەم ئەم دۆسیەیە لە ئەڵمانیا، سیدۆ گوتی: "ئەمە بابەتێكی قورسە، چونكە دەسەڵاتی لۆبی توركیا بە تایبەتی لە ئەڵمانیا بەهێزە، هەروەها هێزی لۆبی توركیا لە وڵاتانی دیكەی ناتۆ بەهێزە". 

جگە لە ناوچەی عەفرین، دەوڵەتی توركیا لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ناوچەی سەرێ كانیشی داگیركردووە و ڕۆژانە خۆی و چەكدارەكانی تاوانی جەنگ دژی كورد ئەنجام دەدەن. سەبارەت بەم بابەتە، كەمال سیدۆ دەڵێت "ئێمە تەنها لە عەفرین سنوردار نین، ئێمە وەك كۆمەڵەی پاراستنی خەڵكی ژێر هەڕەشە، هەموو پێشێلكارییەكانی عەفرین لە ساڵی 2018 وە تا ئێستاش، بەڵگەمان لەسەر تۆمار كردووە، هەوڵ دەدەین دۆسیەی دیكەش بكەینەوە بەتایبەتی دۆسیەی هێڤرین خەلەف و دۆسیەكانی دیكەش".

سەبارەت بە ئامانجەكەیان لە كردنەوەی ئەم دۆسیەیە لە ئەڵمانیا كەمال سیدۆ گوتی: ئامانجمان ئەوەیە كە فشار بخەینە سەر دەوڵەتی توركیا بۆ ئەوەی هێرش و تاوانەكانی ڕۆژانەی بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی جەنگی و مووشەك لە دژی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رابگرێـت.