ئەمریکا دەستی بەسەر سەدان ملیۆن دۆلاری پارەی قەرەبوی قوربانیانی ئێزدیدا گرتوە

کوردستان

21/02/2024‌ 993 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی جەست سکیوریتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایكرد، ئەمریکا دەستی بەزیاتر لە700 ملیۆن دۆلاری کۆمپانیایەکی فەرەنسیدا گرتوە کە مامەڵەی لەگەڵ داعشدا كردوه‌و ئەمریکا ئەو پارەیەی بەکارنەهێناوە بۆ قەرەبوکردنەوەی قوربانییەکان لەعێراق‌و سوریا.


لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، وەزارەتی دادی ئەمریکا کۆتایی بەدۆسیەیەکی تاوانکاریی هێنا کە زیاتر لە 400 قوربانیی ئێزدی-ئەمریکی لەدژی کۆمپانیای چیمەنتۆی فەرەنسی لافارج‌و لقەکەی لەسوریا تۆماریان کردبوو، بەوپێیەی ئەو دوو کۆمپانیایە مامەڵەیان لەگەڵ ڕێکخراوی داعش‌و بەرەی نوسرەدا کردوە بەمەبەستی درێژەدان بەبەڕێوەبردنی کارگەی چیمەنتۆکەیان‌و پێدانی بەرتیل بەو دوو ڕێکخراوە تیرۆریستییە.

ئەوەش هاتوە، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکەیدا لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەمریکا، کۆمپانیای لافارج بڕی 777.78 ملیۆن دۆلاری داوە، ئەمەش قەرەبوی دارایی سەرسوڕهێنەر بۆ قوربانییەکان بەدەستدەهێنێت، بەڵام حکومەتی ئەمریکا دەستی بەسەر پارەکەیەدا گرتوەو یەک دۆلاری وەک قەرەبوی بۆ ئەو ئێزدیانە خەرجنەکردوە کە داوای یاساییان تۆمارکردوە.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، "هەرچەندە قوربانیانی دەستی داعش لەعێراق‌و سوریا زیاتر لەپێنج هەزار کەسی تێپەڕاندوە، بەدەر لەبرینداران‌و ڕفێنراوەکان، بەڵام لەو پارەیە هیچ قەرەبویەکیان نەکراوەتەوە".

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، “لەکاتێکدا کارەکانی لافارج دەرفەتێکی دەگمەنی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕەخساندوە کە پێشێلکارییەکانی پەیوەست بەجەنگی داعش دادگایی بکەن، بەڵام ئەو بڕیارە ڕاستەوخۆ سودی بۆ ئەو قوربانیانە ناگەیەنێت کە لەلایەن داعش‌و بەرەی نوسرەوە دڕندەییان بەرامبەر کراوە، جگە لەوەش لەژێر سایەی ئەو چوارچێوەی یاساییانەی ئێستا لەئەمریکادا کاریان پێدەکرێت تەنها ژمارەیەکی کەم لەقوربانیانی دەستی داعش‌و بەرەی نوسرە مافی ئەوەیان هەیە داوای یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان بەرزبکەنەوە".

بەپەلە