كه‌متر له‌دوو هه‌فته‌ى تر دادگاى فیدراڵى ئه‌مریكاش له‌سه‌ر چه‌ندین كه‌یس دژى هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌

کوردستان

24/02/2024‌ 6408 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەنگی ئەمریکا کە بە 50 زمان زیاتر پەیام‌و سیاسەتی وەزاره‌تی دەرەوە بڵاودەکاتەوە، ڕاپۆرتێکی لەسەر سکاڵاکەی ئەمریکا بڵاوکردەوەو ئاشكرایكردوه‌، ماوەی کەمتر لەدوو هەفتە ماوەتەوە لەبەردەم حکومەتی هەرێم کە وەڵامی هەبێت بۆ ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون لەدادگای فیدراڵی ئەمریکا لەواشنتۆنی پایتەخت لەدژی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشوی هەرێم‌و چەندین بەرپرس‌و دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان‌و هەروەها کەسانی ئەمریکیى.


ده‌نگى ئه‌مریكا نوسیویه‌تى:"هەفتەی ڕابردوو، 15 ی مانگی دوی 2024، دادگای فیدراڵی لەواشنتۆن بەفەرمی حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردەوە کە دەبێت لەماوەی 21 ڕۆژدا وەڵامی دادگا بداتەوە لەسەر ئەو سکاڵا یاساییانەی لەکەیسی ژمارە 1:24-cv-00278 ئاماژەیان پێکراوە، ئەگەرنا دادگا بڕیار لەدژی تۆمەتباران دەدات".

به‌گوێره‌ى هه‌واڵه‌كه‌ سکاڵاکان سێ لایەن کردویانە، (ڕێکخراوی KURDISTAN VICTIMS FUND ، مەکی ڕەڤەند، JOHN DOES 1-5000)، هه‌روه‌ها ناوی JOHN DOES 1-5000 ، دەستەواژەیەکە لەدادگاکانی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوکەسانەی سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن‌و نایانەوێت ناویان ئاشکرابکرێت، ئیدی دەکرێت یەک کەس بێت یان 5 هەزار کەس بن.

هەرسێ لایەن لەڕێگەی دوو پارێزەرەوە سکاڵاکانیان لەدادگای واشنتۆن تۆمارکردوە، ئەوانیش پارێزەر Paul Mickelsen کە وەک خۆی دەڵێت، زیاتر لە 17 ساڵ ئەزمونی لەکارەکەی هەیەو زیاتر لە 2500 سکاڵای یاسایی لەدادگاکان تۆمارکردوەو بەیەکێک لەباشترین پارێزەرەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا دادەنرێت، پارێزەی دوەم James R. Tate، زیاتر لە 40 ئەزمونی لەکارەکەی هەیەو گەیشتوەتە بەرزترین پلەی لێهاتویی کە پارێزەر دەتوانێت پێی بگات.

هەردوو پارێزەرەکە داوادەکەن بڕی نۆ ملیار دۆلار سزای دارایی بسەپێنرێت بەسەر ئەوکەسانەی لەکەیسەکەدا تۆمەتبارکراون بەوەی دەستیان هەبوە لەئەشکەنجەدانداو بەگوێره‌ى یاسایەکی ئەمریکا بۆ پاراستنی قوربانیانی ئەشکەنجەدان، داوادەکەن قوربانییەکان قەره‌بوکردنەکانیان زیاتربکرێن‌و بگاتە سێ هێندە، هەروەها داوای سەپاندنی نۆ ملیار دۆلاری دیکە دەکەن بسەپێنرێت بەسەر ئەوانەی تۆمەتبارکراون بەگوێره‌ى یاسای دژە تیرۆری ئەمریکاو داوادەکەن دادگا بڕیاری قەرەبوی قوربانیانی ئەو تۆمەتانە بدات، لەگەڵ ئەوانەشدا داوادەکەن دادگا بڕیاربدات تۆمەتباران تەواوی خەرجییەکانی ئەم کەیسە بدەن.

دەنگی ئەمریکا ئه‌وه‌شى نوسیوه‌، بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ هەوڵیداوه‌ هەڵوێست‌و تێڕوانینی حکومەتی هەرێم لەوبارەیەوە بزانێت لەڕێگەی ئۆفیسی حکومەتی هەرێم لەواشنتۆن، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبوە.

فایلی کەیسەکە لە 332 لاپەڕە پێکهاتوەو تیایدا سکاڵاکاران ژمارەیەکی پێشومار تۆمەتیان ئاڕاستەی تۆمەتباران کردوە، لەوانە بەرپرسیارێتی لەکۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بەدەستی داعش، هاوکریکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، کوشتن‌و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بەکەسانی ئەمریکیشەوە، ڕفاندنی خەڵکی‌و بێسەروشوێنکردنیان، سەپاندنی سزای توندی نامرۆڤانەو ناپیشەییانە، سپێکردنەوەی پارەو فرتوفێڵکردن بەئامانجی خۆدزینەوە لەپێدانی باج بەحکومەتی ئەمریکا، بەهەدەردانی پارە‌و کۆمەکەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، قاچاغچێتی بەمادە هۆشبەره‌کان، بازرگانیکردن بەچەک، تەزویرکردن، فرۆشتنی دەرمان‌و مەی‌و جگەره‌ بەناوی ئەوەی براندو مارکەی ئەمریکین، کاری نایاسایی وەکو درۆکردن لەسوێندخواردنی فەرمی‌و کۆسپ دروستکردن لەبەردەم کارەکانی دادگاو بردنی داتاو زانیاریی لەکۆمپیوتەر، فرتوفێڵکردن لەپرسی کۆچکردن، سەرکوتکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، لەڕێگەی کوشتن‌و ئەشکەنجەدان‌و زیندانیکردن‌و هەراسانکردن‌و شکاندنی ئامێرو کەلوپەلی ڕۆژنامەوانان.

لەکەیسەکەدا باس لەوەکراوە، مەسرور بارزانی گرین کارتی هەیە، واتە مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی لەئەمریکا هەیە، بەوپێیە بەکەسێکی ئەمریکی دادەنرێت، هەرچەندە هاوڵاتی ئەمریکی نییە، ئەمەش وەک هاندەرێکە بۆ دادگا کەیسەکە لەئەستۆبگرێت، بەگوێره‌ى یاسای ئەمریکا، ئەگەر کەسێک هەڵگری گرین کارت (کارتی سەوز) بێت‌و تاوانباربکرێت، دەشێت کارتەکەی لێ وەرگیرێتەوەو کۆتایی بەمۆڵەتی مانەوەی بهێنرێت، بەڵام ئەمەش دەکەوێتەسەر شێوازی تاوانەکەی کە کردویەتی.

ده‌نگى ئه‌مریكا ده‌ڵێت:"لەیەکێک لەتۆمەتەکان نوسراوە، کەسێک کە ناوی ئاشکراناکرێت، ئاشکرایکردوە تۆمەتباران لەگەڵ کەسانی دیکە کارمەندێکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکایان ڕفاندوە کە بەفەرمی کاری لەسەر سوپای پاسدارانی ئێران دەکرد، پاشان بەشێوەیەکی بێبەزییانە لێی دراوە هەتا گیانی لەدەستداوەو تەرمەکەیان لەدۆڵی بارزان فڕێداوە، لەفایلی کەیسەکەدا وێنەی تەرمێک کە لەدارستنانێکدا کەوتوە بڵاوکراوەتەوه‌و سکاڵاکاران دەڵێن ئەوە تەرمی ئەو هاوڵاتییە ئەمریکیه‌یه‌".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "هەروەها دەرمانی ساختە بەناوی مارکەو براندی ئەمریکی دروستدەکرێن‌و لەبازاڕەکاندا دەفرۆشرێن، ساکاڵاکاران دەڵێن مانگانە بەلایەنی کەم 20 ملیۆن دۆلار داهاتی ئەو دەرمانانەیە بۆ ئەو کاربەدەستە باڵایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهەمانشێوە جگەرەی ساختە بەناوی مارکەی ئەمریكیه‌وه‌ دەفرۆشن، به‌گوێره‌ى یاسای ئەمریکاش، مافی خاوەندارێکی مارکەکان پارێزراوە کۆپیکردنی مارکەو مامەڵەکردن پێوەی، دەچێتە خانەی تاوانی سڤیلی‌و سزای لەسەرە".

له‌و ڕاپۆرته‌ى ده‌نگى ئه‌مریكادا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "سکاڵاکاران دەڵێن ئەو یارمەتییانەی حکومەتی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەرنامە جیاوازەکانی کۆمەک‌و هاوکاری لەلایەن کاربەدەستان‌و دەسەڵاتدارانی بارزانییەوە لێیان براوە، وەکو چەک‌و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش‌و خۆراک‌و ئامێرو کەلوپەلی پزیشکی‌و کۆمەکی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە، دەشڵێن کەسانی سەربازیی‌و دیپلۆماسی‌و هەواڵگری ئەمریکی دەستیان هەیە لەبردنی ئەو یارمەتییانە لەلایەن بارزانییەوە، لەم کەیسەدا ناوی بەلایەنی کەم 50 کەس هاتوە کە بەشێکی زۆریان لەبنەماڵەی بارزانین لەگەڵ ئەوکەسانەی لەنزیکەوە کاریان لەگەڵدا دەکەن".