زانیاریى له‌باره‌ى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌عێراق ئاشكراده‌كرێت

عیراق

25/02/2024‌ 1996 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئینستیتیوتی عەرەبی لەواشنتۆن ئاشكرایده‌كات، هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق دەمێننەوە، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر نا.


ئینستیتیوتی عەرەبی لەواشنتۆن ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی "هێزە ئەمریکییەکان لەعێراق دەمێننەوە، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر نا" بڵاوکردۆتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکردوە، سەرەڕای گومانەکانی ئەمریکا لەسەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە شیعەکانی سەر بەئێران، بەڵام هێشتا واشنتۆن ناوبراو بەهاوبەشێک دەزانێت کە دەتوانرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بۆیە کۆبونەوەکانی لیژنەی عێراقی-ئەمریکی دەستیان پێکردەوە بۆ تاووتوێکردنی تێڕوانینەکانی هەردوو وڵات لەبواری هاوکاریی سەربازیی.

پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەشکردوە، هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمریکا وایکردوە بەشێکی زۆری گەلی عێراق داوای ڕۆیشتنی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە بکەن، هەرچەندە ناسیۆنالیستە عێراقییەکان لەمێژە ناڕازین لەبونی هێزو میلیشیاو هێزە بیانییەکان لەسەر زەوییەکانیان، کەچی ئێران بەردەوامە لەڕاهێنان‌و پڕچەککردنی ئەو میلیشیایانەو کۆنترۆڵکردنی ئابوریی عێراق لەڕێگەی بازرگانیی‌و هەناردەکردنی غازو بەرهەمهێنانی کارەباو گەشتیاریی ئایینی.

هەروەک دەڵێت:"سەرەڕای بانگەشەکانی ئێران بەوەی کە کۆنترۆڵی میلیشیاکانی عێراق ناکات، بەڵام پێدەچێت ئەو وڵاتە کاریگەریی لەسەر ئەو گروپانە دروستکردبێت بۆ ئەوەی لەئێستادا واز لەئەنجامدانی هێرشی زیاتر دژى ئەمریکا بهێنن، ئەویش دوای هۆشدارییەکی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی هێرش لەناوخۆی ئێران خۆیدا ئەگەربێت‌و هێرشکردنەسەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا بەردەوامبێت".

پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەداوە، سودانی درک بەوە دەکات کە توانا سەربازییەکانی عێراق لەئاستی پێویستدا نین‌و پێیوایە داعش گوزارشتە لەهەڕەشەیەکی بەردەوام لەسەر عێراق، هەر بۆیەش دەیەوێت ئەرکی مەشقی سەربازیی ئەمریکا بەهێزە عێراقییەکان بەردەوامبێت، بۆیە دەبێت بەرپرسانی ئەمریکی‌و عێراقی بگەنە تێگەیشتنێکی واقیعی لەبارەی ئەو بەروارەی کە چیتر سوپای عێراق پێویستی بەڕاهێنانی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا نییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی داعش‌و بۆ ئەوەی توانا سەربازییەکان پاڵنەربن بۆ دەرچونی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق نەک بەهۆکاری سیاسیی.

بەپەلە