نهێنییەكانی تاڵانكردنی پاڵاوتگەی بێجی لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە ئاشكرا دەبێت

عیراق

26/02/2024‌ 1380 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

دوای بەگەڕخستنەوەی پاڵاوتگەی بێجی و گەڕاندنەوەی بەشێكی ئامێرەكانی لە هەرێمی كوردستانەوە زانیاری نوێ ئاشكرا دەبێـت.

زۆرێك لە سەرچاوە عێراقییەكان، لەوانەش لایەنە سیاسییەكان و چالاكانی دژە گەندەڵی، دوانەكەوتن لە ئاشكراكردنی ئەو هۆكارە ڕاستەقینەیەی كە ڕێگر بوو لە نۆژەنكردنەوەی پاڵاوتگەكە و گەڕانەوەی بۆ بەرهەمهێنان.

هۆكاری درەنگ گەڕانەوەی پرۆژەكە بۆ بەرهەمهێنان بەهۆی دەستبەسەرداگرتن و تاڵانكردنی ئامێرەكانی پاڵاوتگەكە بووە دوای رزگاركردنی شارۆچكەی بێجی لە دەستی تیرۆرستانی داعش لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە.

بەپێی سەرچاوەكان،  ئەو میلیشیایانە كە بەشدارییان لە شەڕەكەدا كردووە، تەواوی پاڵاوتگەكەیان هەڵوەشاندووە بە ئامێرە لەكاركەوتووەكان و ساغەكانیشەوە بۆ فرۆشتنیان بە بڕی 300 ملیۆن دۆلار كە نرخی راستەقینەیان بە ملیار دۆلارە.
 
سەرچاوەكان ئەو تۆمەتانە ڕاستەوخۆ ئاراستەی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق كردووە كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات.

هەروەها ئاماژە بەوەدەكرێت كارمەندان و تەكنیككاران لەژێر فەرمانی ئەم گرووپە چەكدارەدا ئامێرەكانیان هەڵوەشاندووە و بەرەو هەرێمی كوردستان رەوانەیان كردوون.

ئەو سەرچاوانە ئاشكرایان كردووە كە پلان وابووە ئەو ئامێرانە بە قاچاخ بۆ ئێران ببردرێن، بەڵام دواكەوتووە و دواتر بەشێكیان لە هەولێر لەلایەن بازرگانێكەوە هەڵگیراون تا كاتی گەڕاندنەوەیان.

بەپەلە