هۆکارە ڕاستەقینەکەی هه‌نارده‌ نه‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێم ئاشکرادەکرێت

کوردستان

27/02/2024‌ 2862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی نەوت‌و گازو سامانە سروشتییەکان لەپه‌رله‌مانى عێراق هۆکارەکانی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ئاشکراده‌كات، ده‌شڵێت:"ئەو گرێبەستانەی کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کردویەتی یەکێکە لەدیارترین بەربەستەکان لەبەردەم دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم".


عەدنان جابری ئەندامی لیژنەکە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی مەعلومە ڕایگەیاندوە، “هۆکاری ڕاستەقینەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی  هەرێمی کوردستان بۆ کێشەی تەکنیکیی دەگەڕێتەوە نەک کێشەی سیاسیی”.

وتوشیه‌تى:"تورکیا ڕەتیکردۆتەوە بەبێ ڕەزامەندیی بەغدا جارێکی تر ڕێگە بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بداتەوە".

هەروەک دەشڵێت:"لایەنی تورکیا بۆریەکانی هەناردەکردنی نەوتی داخستوە بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی سزای نێودەوڵەتی نەبێتەوە، لەنێویاندا بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس".

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی فیدراڵی نەگەیشۆتە فۆرمولەیەکی دیاریکراو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت‌و غاز دەشڵێت:"یەکێک لەئاستەنگەکانی تر ئەو مۆدێلە ئابوریەیە کە حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنان‌و هەناردەکردنی نەوت کردویەتی‌و جیاوازیەکەی لەگەڵ سیستەمی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نیشتمانیی نەوتی عێراق (سۆمۆ)”.

باسی لەوەشکردوە، ئەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا کردویەتی یەکێکن لەبەربەستە دیارەکانی بەردەم دوبارە هەناردەکردنەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

بەپەلە