ئێران له‌دروستكردنى چه‌كى ئه‌تۆمیى نزیكده‌بێته‌وه‌

جیهان

28/02/2024‌ 365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دیپلۆماتکارێکی باڵای سەر بەئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ڕایگەیاند، لەئێستادا ئێران مانگانە نزیکەی نۆ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بەپاکی تا 60% بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش پلەیەک نزیکە لەوەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.


ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەفتەی ڕابردوو لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز باسی لەبەرهەمهێنانی 7 کیلۆگرامی لەمانگێکدا کرد.

لای خۆیەوە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئێران کەمتر لەدوو هەفتەی دەوێت بۆ گۆڕینی کۆگاکەی لەیۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ کەرەستەی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە ئەرکی پشتڕاستکردنەوەی سروشتی ئاشتیانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی پێسپێردراوە، بەگوێره‌ى ڕاپۆرتێک کە ئامادەنەکراوە بۆ بڵاوکردنەوە، "نیگەرانی زیاتری خۆی" لەو بەرنامەیەی ئێران دەربڕیوە.

گرۆسی ئاماژەی بەوەدا کە "ئێران لێدوانی گشتیی سەبارەت بەتوانا تەکنیکییەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی دەدات، ئەمەش ترسەکان بەهێزتر دەکات"، هەروەک داوای "هاوکاریی تەواو"ی لەئێران کرد، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەن لەچەند مانگی ڕابردودا بەرەو تێکچون چون.

ئەوەش هاتوە، ڕاپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی دوشەممەی ڕابردوو دەریخستوە کە کۆی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بۆ 60% کەمێک کەمیکردوە، بەڵام ئەو کێشانەی تر کە لەنێوان ئێران‌و پشکنەرانی نەتەوەیەکگرتوەکاندا هەبوە، خراپتر بوە.

یەکێک لەدوو ڕاپۆرتە چارەکییەکانی ئاژانسەکە دەریخستوە کە ئێران 31.8 کیلۆگرام لەبەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا 60% کەمکردوەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی 97.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو تا 20%.

مەزەندە دەکرێت کۆی عەمباری یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ 60% کە نزیکە لەو 90%ی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی، لەماوەی ئەم چارەکەدا بەڕێژەی 6.8 کیلۆگرام کەمبوەتەوە بۆ 121.5 کیلۆگرام دابەزیوە.