فازڵ نەبی: بە مانگێک ناتوانرێت هەژمارى بانکى بۆ هەموو موچەخۆرانى هەرێم بکرێتەوە

کوردستان

28/02/2024‌ 353 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی مانگێکدا ناتوانرێت هەژماری بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆران بکرێتەوە، دەبێت حکومەتی هەرێم و بەغدا ڕێکەوتنێک بکەن بۆ ناردنى موچە و دەشڵێت: پلانی سەرەکی عێراق بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە.

دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، ترس هەیە لە بڕیاری تری عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان، چونکە پلانی سەرەکی عێراق بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە، جا پلانەکان لە ڕێگەی برسیکردنی خەڵکەوە جێبەجێ دەکرێن یاخود لە ڕێگەی دروستکردنی کێشەی ئابوورییەوە بۆ هەرێم.

دەشڵێت: وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو ئەمەریکاش ناتوانێت بە مانگێک هەژماری بانکی بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس بکاتەوە، بەتایبەت جگە لە بانکی تی بی ئای هیچ بانکێکی تری حکومی لقی لە هەرێمی کوردستان نییە

ڕۆژی 26ی مانگی 2ی 2024، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی کرد. بەپێی وتەی ئەندامانی لیژنەکە، وەزیری دارایی لەکۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە تەنها ئەم مانگە بەپێی لیستی مووچەخۆران کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراوە پارە ڕەوانەی هەرێم دەکات، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت هەر مووچەخۆرێکی هەرێم هەژماری بانکی لە بانکە حکومییەکانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت.

دکتۆر فازڵ نەبی دەڵێت: گەر بە لۆژیک کاربکرێت کێشە دروست نابێت. لە ماوەی مانگێکدا ناتوانرێت هەژماری بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆران بکرێتەوە، دەبێت حکومەتی هەرێم و بەغدا ڕێکبکەون تا ئەوکاتەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دادەنرێت بەغدا پارە بنێرێت.

وەزیری دارایی ناتوانێت پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێرێت، چونکە بڕیاری دادگایی فیدراڵی یەکلایی کەرەوەیە و دەبێت پابەندی بێت، بەڵام مەسەلەکە پێویستی بەجوڵەیەک هەیە لە هەرێمەوە تا ببرێتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بڕیاری لەبارەوە بدرێت.

بەپەلە