نهێنی بڕیاری ئێران بۆ راگرتنی هێرشكردنەسەر ئەمریكییەكان لە عێراق و ناوچەكە ئاشكرابوو

عیراق

04/03/2024‌ 2744 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
شرۆڤەكارێك نهێنی بڕیاری كتوپڕی تاران بۆ راگرتنی هێرشی میلیشیا و گروپە چەكدارەكان بۆ سەر ئەمریكییەكان لە عێراق و سوریا ئاشكرادەكات.

مامۆستای زانكۆی موستەنسرییە و شرۆڤەكاری سیاسی غالب دامی بۆ ئاژانسی بەغداد ئەلیەوم باسی راگیرانی هێرشی گروپەكانی سەر بە ئێرانی كردووە و دەڵێت "ئێمە باوەڕمان بەوە نییە كە كاریگەریی هەڵبژاردنەكانی ئێران لەسەر گروپە چەكدارەكانی عێراق هەبێت كە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەكەنە ئامانج، بەڵكو پێمانوایە هەستێك لە ئێران هەیە كە شەڕەكە دەستیپێكردووە بۆ گواستنەوەی بۆ نێوخۆی ئێران، ئەوە هۆكاری روونە تا گروپە چەكدارەكان هێرشەكانیان بۆ سەر ئەمریكییەكان لە عێراق و سوریا رابگرن".

دامی دەشڵێت: هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا كاریگەرییەكی ڕوونی لەسەر دۆخی عێراق هەیە، لێدانی گروپە چەكدارەكان لە چوارچێوەی هەوڵەكانی هەڵبژاردندایە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی خەڵكی ئەمریكا بۆ دیموكراتەكان، بەتایبەتی كە پارتی كۆمارییەكان ڕووداوی كوشتنی سەربازانی ئەمریكیان لە ئوردن دژی پارتی دیموكرات قۆستەوە هەر بۆیەش وەڵامە سەربازییە جۆراوجۆرەكانی ئەمریكا دژی گروپەكانی عێراق ئەنجامدران".

ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی كردەوە كە “بەدڵنیاییەوە ئێران لە بەرژەوەندی خۆیدا نییە كە هیچ ململانێیەكی نوێ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكاتەوە و هەر لەبەر ئەم هۆكارەش كاریان كردووە بۆ هێوركردنەوەی ناوچەكە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی لە عێراق، سوریا، لوبنان و تەنانەت یەمەنیش”.

هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە “ئێران ترسی ئەوەی هەیە شەڕەكە بۆ نێو حەوشەی خۆی بڵاوبێتەوە و ئەمەش دەتوانێت زیانی زۆری لێبكەوێتەوە.”