ئاوات شێخ جەناب: بەزووترین کات لیستی مووچە دەنێرین

کوردستان

04/03/2024‌ 923 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ڕۆژی دووشەممە ٤ ی ئاداری ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە  ( ئاراکاوا میکیهیرۆ ) کونسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان.      

بەپێی ڕاگەندراوێک، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە بارەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن کراو جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە بواری ئابووری و بازرگانی کرایەوە.         

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دواین پێشهاتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد خستەڕوو، تیشکی خستە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند،  هەموو ئامادەسازییەکانمان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کردووە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوومان ناردووەو لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت .     

وەزیری دارایی ڕونیشیکردەوە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە هەبوو کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان.        

 ماوەی چەند ڕۆژێکە وەزارەتی دارایی بەردەوامن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان تا بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق.