ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە ورمێ ململانێكانی ئێران و توركیا لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەرەو تەقینەوە دەبات

ڕاپۆرت

06/03/2024‌ 3997 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

 هەرچەندە ئاڵوگۆڕی سەردانەكانی نێوان بەرپرسانی ئێران و توركیا توانای هاوكاری تاران و ئەنقەرە نیشان دەدات بۆ هاوكاریكردن یان لانیكەم هاوتەریببوون لەسەر پرسە هاوبەشەكانیان، بەڵام ململانێی ئەم دوو وڵاتە لەسەر زۆر پرس بەتایبەت كورد بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا دواین ئەنجامی هەڵبژاردن لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان ململانێَی ئەم دوو دەوڵەتە بەرەو قۆناغێكی توندتر دەبات.

بەدرێژایی سەدەكان، ئێران و توركیا خەریكی كێبڕكێ بوون لەپێناو كاریگەری و باڵادەستی ناوچەیی. ئەمە تا ئەمڕۆش بوونی هەیە و لە هەندێك حاڵەتدا پشتیوانی تاران و ئەنقەرە بۆ هاوبەشەكان یان هاوپەیمانەكانیان لە دژی یەكدی زیاتر دەكەن بەتایبەت لە سوریا، عێراق و باشووری قەفقاز و نێوانی ئەرمینیا و ئازەربایجان.

ئەم جۆرە ململانێیەش تەنها لەو شوێنانە سنووردارنەبوون، بەڵكو پەلیان بۆ دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆیش هاویشتووە، دواین ناوچەش كە ململانێكان خۆیان تۆخ كردووەتەوە ورمێیە.

شوكریا برادۆست، توێژەری دكتۆرا لە زانكۆ ڤێرجینیا،  لە ڕاپۆرتێكدا كە لەلایەن ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت، ململانێكانی ئێران و توركیا زیاتر لە ناوچەی باكووری ڕۆژئاوای ئێراندا پەرەیانسەندووە، كە خاڵێكی گرنگی جیۆپۆلەتیكییە و ڕاستەوخۆ لەسەر سنووری توركیایە ئەویش پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە بە ئازەربایجانی رۆژئاوا ناسراوە.

برادۆست دەشڵێت، لەم ناوچەیەدا لایەنی توركیا هەوڵی زیادكردنی گرژیی ‌و ئاڵۆزی درێژخایەنی داوە لەنێوان كورد و ئازەرییە توركەكان لە ناوچەكەدا، لەبەرامبەردا ئێران هەوڵی بەكارهێنانی كارتی كوردی داوە دژی توركیا‌و لە ئێستادا پشتیوانی كوردە عەلەوییەكان دەكات لە ناوچەكە.

پێكهاتەی نەتەوەیی
توركی ئازەری زیاتر لە 20 ملیۆن كەسن كە دەكاتە نزیكەی 24%ی كۆی دانیشتوانی ئێران و بەشێكی ئەم ئازەریە توركانە لە پارێزگای ورمێ لەگەڵ كورد نیشتەجێی ناوچەكەن.

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە باكووری ڕۆژئاوای ئێران، بە ڕێڕەوێكی گرنگی ئابووری و بازرگانی نێوان ئێران و توركیا دادەنرێـت، ئەنقەرە خوازیاری بەكارهێنانی ئەم ناوچەیە وەك خاڵێكی دژی تارانە.

ئەم ناوچەیە تێكەڵەیەكی دانیشتووان لەخۆدەگرێت كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە كوردە سوننە و توركە ئازەرییە شیعەكان پێكهاتووە، بەڵام بۆ دەیان ساڵ، ئازەرییەكان زاڵ بوون بەسەر كورد، ئەمەش بەهۆی پشتیوانی تاران بۆ سیاسەتی "دابەشكردن و حوكمڕانی" لەم ناوچەیەدا لە توركە ئازەرییەكان بەو پێیەی ئەوان شیعە بوون و كورد سوونەبوون.

بەپێی هەندێك خەمڵاندن، توركە ئازەرییەكان زیاتر لە ٢٠ ملیۆن كەس، واتە نزیكەی ٢٤ لەسەدی كۆی دانیشتوانی ئێران پێكدەهێنن. ژمارەیەكی هاوشێوەی كوردانیش لە توركیا دەژین و نزیكەی لەسەدا ١٩ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێكدەهێنن، لە كاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی كورد لە ئێران لە نێوان ٨ بۆ ١٢ ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت.

توركە ئازەرییەكان بۆ چەندین سەدە پایەی ئیدارەی ئێران بوون و لەم دواییانەشدا ئەندامانی ئەم پێكهاتە لە كاتی خزمەتكردن لە سوپای ئێران و سوپای پاسدارانی ئیسلامیدا هاتوونەتە سەر پێگەی گەورە و دەسەڵاتی گەورەشیان لە ئیدارەی نێوخۆیی ورمێ پێدراوە.

ئەوەی ئەمڕۆ ورمێی پێ دەناسرێت شوێنی لەدایكبوونی ناسیۆنالیزمی كوردی و دامەزراندنی یەكەم پارتی سیاسی مۆدێرنی كوردی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووە كە لەسەر دەستی ئەو كۆماری كوردستان لە مەهاباد هاتەئاراوە.

بەڵام كوردانی هاوچەرخ كە لەوێ دەژین، لە دوو ئاستدا ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە: لە حكوومەتی ناوەندی لە تاران و لە دەسەڵاتە ناوخۆییەكانی ئازەری توركەوە.

نموونەیەكی بەرچاوی تایبەت ئەوەیە كە، كاتێك باس لە كێبڕكێی پەرلەمانی دەكرێت، زۆرێك لە كاندیدەكانی كورد كە تاران پەسەندی كردوون بۆ خۆكاندیدكردن لە هەڵبژاردنەكاندا، دواتر لەلایەن دەسەڵاتە خۆجێیەكانی ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە ڕەت دەكرێنەوە كە لە هەندێك حاڵەتدا سەربەخۆ لە دەستی تاران كاردەكەن.

لە ئەنجامدا گرژییەكانی نێوان دوو نەتەوەی سەرەكی پارێزگاكە بەرەو ئاستێكی مەترسیدار دەگات، بەتایبەتی بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی وڵات.

پەرەسەندنی كاریگەری توركیا
دەسەڵاتدارانی خۆجێیی ئازەربایجان زمانی ئازەری لە جیاتی زمانی فارسی لە كۆبوونەوە فەرمییەكاندا زياتر بەكاردێنن، ئەمەش گرژی لەگەڵ كورد دروست دەكات.

سروشتی ئاڵۆز و گرژیی داینامیكی نێوان نەتەوەكان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و هەروەها نزیكی نەتەوەیی لە نێوان توركیا و ئازەرییەكان، وایكردووە كۆمەڵگەی ئازەری تورك ببێتە ئامانجێكی گرنگ بۆ توركیا، سەرەڕای جیاوازییە مەزهەبییەكانیان، ئەمەش زۆر نیگەرانی ئێرانی لێكەوتووەتەوە.

بەكارهێنانی بەربڵاوی سەتەلایت و دەستڕاگەیشتن بە كەناڵە توركییەكان لە ورمێ بەشدارییەكی زۆری كردووە لە گەورەكردنی هێزی نەرمی توركیا لە نێو توركە ئازەرییەكان.

جگە لەوەش، توركیا لە ڕێگەی كونسوڵخانەكەی لە شاری ورمێ، ڕاهێنان و پاڵپشتیی زیاتر بۆ بوژانەوەی فەرهەنگی، پێشكەش بە چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانی ئازەری لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەكات.

پێشتر حكومەتی تاران هاوكاری توركی ئازەری شیعەی لە دژی كوردی سووننە دەكرد بەوپێیەی ململانێكانی لە سەر بنەمای مەزهەبی بنیاتنابوو، بەڵام كاتێك توركیا توركە ئازەرییەكانی بەلای خۆیدا راكێشاوە سەرباری ئەوەی كە شیعەن، تاران ناچاربووە بنەمای ململانێكە بگۆڕێت، چونكە بنەمای ململانێكە لە مەزهەبییەوە بۆ نەتەوەیی گۆڕاوە، بەڵام تاران لەمەشدا هەر دەیەوێت كەڵك لە كوردی شیعە وەربگرێت تا رێگری لە گەشەی نەتەوەیی كورد بكات.
 
ئەم بوژانەوەی توركە ئازەریەكان كە توركیا هانیداوە و ئاسانكاری بۆ دەكات، لە دژایەتیی كورد زیاتر بووە و رەنگە فارسەكانیش بگرێتەوە.

ناوچەی زۆرینەی كورد كە بەهۆی شەڕەكانی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوییەوە لە نێوان ئێران و توركیادا دابەش بوو، ئاستەنگێك بۆ توركیا لە جێبەجێكردنی پلانی جیهانی تورك و دامەزراندنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئازەرییەكان لە ئێراندا دروست دەكات.

لەوەش گرنگتر، كوردانی ناوچە سنوورییەكانی ئێران كە هاوسنوورن لەگەڵ توركیا، هەمان شێوەزاری كرمانجیی كوردی وەك كوردەكانی توركیا قسە دەكەن، لە كاتێكدا كوردانی ئێرانی كە لە دووری سنوورەوە دەژین، شێوەزاری سۆرانی بەكاردەهێنن.

لە ماوەكانی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ئازەری و كورداندا هاتبووە ئاراوە، بەجۆرێك كوژراو و برینداریشی لێكەوتبوونەوە، بەڵام ئەنكەرە پەكەكەی بەهێرشكردنەسەر ئازەرییەكان تۆمەتباركردبوو.

حكومەتی تاران لەگەڵ ئەوەشی كارئاسانی بۆ باڵادەستی ئازەرییەكان لە ورمێ كردبوو، بەڵام هەستی بە مەترسیشیان كرد بۆیە ویستی پەكەكە وەك هاوسەنگ بەكاربهێنێت بەڵام كاتێك خۆپیشاندانەكانی كۆتایی نەوەدەكان بە شەرمەزاری دەستگیركرانی ئۆجەلان رووە و تاران وەرگێڕدران ئێران بڕیاری دا كاریگەریی پەكەكە لەسەر رۆژهەڵاتی كوردستان كەمبكاتەوە بەتایبەت لەباری نەتەوەییدا كە هەژموونی پەكەكە زیادیكردبوو دوای دروستكردنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك وەك باڵی پەكەكە لە رۆژهەڵات.

تاران لەم سەردەمەدا هەوڵی دا لەبری كارتی كورد لەرووی نەتەوەیی پشتیوانی كوردانی عەلەوی شیعە مەزهەب بكات لە دژی هەژموونی ئازەرییەكان كە توركیا پاڵپشتیان دەكات.

ئێران نیگەرانیەكانی زیاتر بوون كاتێك ئەردۆغان لە ئاهەنگی سەركەوتنی ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیادا باسی پێوەندی گشتی توركەكانی لە هەموو شوێنێك بە كۆپلە هۆنراوەیەك كرد، ئەمە قەیرانی دپلۆماسی لەنێوان ئەنكەرە و تاران دروستكرد.

بۆیە رای شرۆڤەكاران ئێستا كە دوو نوێنەری كورد لە ورمێ بۆ پەرلەمانی ئێران سەركەوتنیان لە دواین هەڵبژاردن بەدەستهێنا و كوردانی ورمێ رژانە سەر شەقامەكانی شارەكە بۆ خۆشی دەربڕین، پەیامێك بوو بەوەی تاران كوردان بەهێز دەكات لەبەرامبەر هەژموونی توركە ئازەرییەكان، لەلایەكی دیكەش كوردی ورمێ ئەو هەستەیان لا دروستبوو ئیدی هەژموونی توركە ئازەریەكان لەقاڵب دەدەن.

 لەم سەروبەندەشدا وەك شرۆڤەكاران پێشبینی دەكەن ململانێكانی ئێران و توركیا دوای رۆژئاوای كوردستان و باشووری كوردستان لەرۆژهەڵاتی كوردستانيش دەچێتە قۆناغێكی هەستیارترەوە.

بەپەلە