ساڵح موسلیم بۆ شارپرێس: راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان و هیومان رایتس وۆچ لەسەر تاوانەكانی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان بە ئەرێنی دەنرخێنین

ڕاپۆرت

11/03/2024‌ 868 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
شارپرێس-كەنداڵ جودی:

بەرپرسێكی باڵای ڕۆژئاوای كوردستان هەڵسەنگاندنی بۆ ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و چاودێری مافی مرۆڤ سەبارەت بە داگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ كرد، بەڵام دەڵێت: "ئەو ڕاپۆرتانە بەس نین".

هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی پەیەدە، ساڵح موسلیم، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ دەزگای میدیایی شارپرێس نرخاندنی بۆ ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە.

ساڵح موسلیم باسی لەوەكرد، كە وەك ڕۆژاڤای كوردستان ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان و هیۆمان رایتس وۆچ سەبارەت بە تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا دژی ڕۆژاڤای كوردستان بە ئەرێنی دەبینن.

هەروەها موسلیم دەڵێت: "یەكەمجارە ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان و هیۆمان رایتس وۆچ ڕاستییەكان بخەنەڕوو. دەڵێن توركیا تاوانبارە چونكە "توركیا زلهێزێكی داگیركەرە و توركیا بەرپرسیارە لە تاوانەكانی جەنگ". بەڵام بەڕای من ئەم ڕاپۆرتانەی كە بڵاوكراونەتەوە بەس نین و زۆر كەمن، بەڵام هەنگاوی یەكەمە بۆ زانینی ڕاستییەكان".

موسلیم داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان  كرد سەردانی ناوچەكە بكەن و ڕاستییەكان و ئەو تاوانانە بزانن كە توركیا ئەنجامی داوە.

هەروەها موسلیم ئاماژەی بەوەدا كە لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا سەرنجی زیاتر بۆ پێشێلكارییەكانی توركیا ڕاكێشراوە و ئەو پێشێلكارییانە لە ڕاپۆرتەكەدا هەمووی ڕاستن، بەڵام دەبوو سەرنجیان بۆ دۆخی سیاسیش ڕابكێشایە.

هاوكات موسلیم گوتی: نەتەوە یەكگرتووەكان تیشكی خستۆتە سەر پرسی داعش و دەستگیركراوانی هۆڵ، بەڵام دەڵێین ئەمانە بەس نین بۆ هەڵگرتنی بارگرانی ئۆردوگای هۆڵ و دیل و بنەماڵەكانی داعش، چونكە كەمپەكە وەك بۆمبێك وایە كە نازانرێت لە چ خولەكێكدا دەتەقێتەوە. بۆیە جارێكی دیكە لە ڕێگەی شارپرێسەوە داوای هاوكاری لە هەموو جیهان دەكەین".

 هاوسەرۆكی پەیەدە داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد زیاتر گرنگی بە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بدەن دژی ژێرخانی ڕۆژئاوای كوردستان، چونكە تا ئێستا كێشەی كارەباَ چارەسەر نەكراوە.

نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتەكەی ئەمڕۆیدا سەرنجی بۆ هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕاكێشا و ڕایگەیاند: "بەهۆی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر وێستگەكانی وزە لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا ملیۆنێك كەس بێ ئاو و كارەبا مانەوە، ئەمەش پێشێلكردنی یاسایە‌و پرسێكی مرۆیی نێودەوڵەتییە. جگە لەوەش هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ئەم هێرشانە تاوانن".

هاوكات لە 29ی شوباتی 2024، هیۆمان رایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە: "توركیا بەرپرسیارە لەو پێشێلكاری و تاوانە جەنگییانەی كە لەلایەن هێزە ناوخۆییەكان و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیاوە ئەنجامدراون".

هەروەها لە ڕاپۆرتەكەدا ڕووداوەكانی ڕفاندن، دەستگیركردن، توندوتیژی سێكسی و ئەشكەنجەدان لەلایەن گروپە تیرۆرستەكانی سەر بە توركیاوە باسكراون.