گۆڕان لەکوێوە گەیشتە کوێ؟

مەلەفی تایبەت

25/03/2024‌ 1076 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئارام قادر سابير

ئەم ناونیشانەی سەرەوە، لە کتێبێک وەرگیراوە، کە لە چاپخانەی زەرگەتە ساڵی 2009 لەلایەن گۆڕان و رەوانشاد نەوشیروان مستەفا-وە، بە تیراژی 10.000 دانە چاپکراوە. کتێبەکە کۆمەڵێک دیدار و هەڤپەیڤینی رۆژنامەوانییە لەگەڵ رەوانشاد نەوشیروان مستەفای دامەزرێنەر و رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان، کە لەگەڵ میدیای بینراو و بیستراو و نووسراوی ناوخۆیی و بیانی ئەنجامیداوە  لە دووتوێی 216 لاپەڕە بڵاوکراونەتەوە. ئەم کتێبە تەنها بەرهەمی دنیابینی و گەشەسەندنی پڕۆژەی گۆڕانە لە نێوان ساڵانی 2006-2009، واتا لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی هێڵی ریفۆرم لە ناو یەکێتیدا تاکو بەیانکردنی بزووتنەوەی گۆڕان وەک لیستی پەرلەمانی لە حوزەیرانی 2009. ئەی لە 2009 تا ئێستا پیویستە چەند نووسین و کتێب و توێژینەوە و نووسین لەسەر پڕۆژەکە و بزووتنەوەکە هەبێت بۆ پازدە ساڵی ڕابردوو؟ بێگومان زیاتر و زیاتر.

دوای نووسینەکەی بەڕێز هۆشیار عومەر عەلی-بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان، سەبارەت بە ئەندازیاری داڕوخاندنی گۆڕان، هێشتا هەمان ناونیشان و پرسیار بە زیندوویی ماوەتەوە، کە بپرسین: گۆڕان لە کوێوە گەیشتە کوێ؟ بۆچی؟ چۆن؟ ئەم پرسیارانە وەڵامەکانیش لە روانگە و رەهەندی جیاوازەوە نە خیانەتن و نە پێویستیش دەکات تەخوین بکرێن، بەڵکو رەنگدانەوەی پەرۆشییەکی قوڵ و رەخنەکردنی پڕۆژەیەکی جدی دنیای سیاسەت و حوکمڕانی ئێمەیە، تەنانەت وابەستەیە بە چارەنووسی سەرجەم خەڵکی کوردستان جا گۆڕانخواز بووبێتن یاخود نا. هاوكات، گۆڕان پڕۆژەیەك بوو بەرەنجامی بە ئاگاهاتنەوە بوو دژ بە بێدادی دەسەڵات و حزبی كوردی، شكست و هەرەسیشی بەرەنجامی دیالێكتیكیانە و نەفیكردنەوە ئاگامەندانەی خۆی بوو دژ بە خۆی لەلایەن خەڵكی خۆی، واتە لە نەفیكردنی ئەوانی دی گەیشت بە نەفیكردنەوەی خۆی. لەکتێبەکەدا، لە یەکەم دیدار، دیدارەکەی کەناڵی گەلی کوردستان تا دەگات بە دوا دیدار، دیدارەکەی کەناڵی جەزیرە، هەست بە ئەندازیارییەکی ورد دەکرێت کە پێنج ساڵ پێش گۆڕان، ئەندازیاریەکە بیری لە شێواز و کاری نوێی سیاسی و میدیایی کردۆتەوە و پلان و نەخشەڕێگای بۆ داڕشتووە. واتا ئەقڵێکی پلانئامێز و تەگبیریی هەستی پێدەکرێت لە چنین و بەستنەوە و ڕوودانی رووداوەکاندا.


لەو سەربوردەیەدا، کە رەوانشاد باسی دەکات، لە ماوەی نزیک بە سێ ساڵدا، بزووتنەوەیەکی جەماوەری پڕ هیوا دێتە ئارا و ئەزموون و نەخشەی پەرلەمانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت، بە ڕادەیەک قورسایی گۆڕان و هێزە جۆربەجۆرەکانی دەبێتە جێ بایەخ و هەژماربۆکردنی ناوەندە سیاسییە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکان، ئەم هێزەی گۆڕان تا مەرگی رەوانشادیش هەر لە ئارادا بوو، کە دەشێ بە سەردەمی گەشەی زێڕینی گۆڕان هەژماری بکەین. بەڵام دواتر وردە وردە بە هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی هێزەکانی گۆڕان بەرەو لاوازی چوون و بران، لە سەرووی هەموویانەوە خانەی خیانەت کە وەک شێرپەنجە جەستەی گۆڕانی وێران کرد لە چەند ئاستێکدا و رۆژ بە رۆژ گۆران و گۆڕانخوازان و خەڵکی هەرێمی خستە سوڕی نائومێدی و پوکانەوەی هەمەلایەنە، ئەمەش لە چەند ئاستێکدا:

یەکەم: خیانەت لە گوتار و پرۆژەی سیاسی
دووەم: خیانەت لە گۆڕان و بزووتنەوەکە
سێیەم: خیانەت لە دەنگدەران و گۆڕانخوازان


دەنگدەری گۆڕان لە جیاوازی نێوان سێ هێزی سەرەکی گۆران (نەوشیروان مستەفا، پڕۆژەی گۆڕانکاریی، بزووتنەوەی گۆڕان)، کە یەکەمیان هۆکاری دووەمە و دەبوایە دووەمیش ببێتە هۆکاری سێیەم، لە سزادانی هێزی سێیەم كە بزووتنەوەكە بوو بە هۆشیاری دەستیان پێكرد، بەڵام مشەخۆرانی سیاسی لە بری ئەوەی لە دەوری پڕۆژەی گۆڕانکاریی کۆببنەوە و خەباتی بۆ بکەن و لە سزای خەڵك و دەنگدەر تێبگەن، ئەوا لە دەوری بزووتنەوەکە کۆبوونەوە و کردیان بە پەیژەی ئارەزووە لیبیدۆییەکانیان، هەر ئەمەش بوو کە مشەخۆران نەیانهێشت ئەڵقەی پێکگەیشتن و تەواوکاری لە نێوان سێ هێزەکەدا دروست بێت و ئەنجامێکی نەخوازراویان خستە بەردەم خەڵک و دەنگدەر و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم، ئەویش بزووتنەوەی گۆڕان بوو بەم دۆخەی ئێستایەوە. ئەم سێ خیانەتە، دەشێ بەمشێوەیە لێکدانەوەی بۆ بکرێت:

یەکەم: خیانەت لە گوتار و پرۆژەی سیاسی
لە ئاستی یەکەمدا، هەموو ئەوانەی کە بە خێرایی لە هەورازی گردەکە پشوویان سواربوو، نەیانتوانی درێژە بە گۆڕانخوازی بدەن و بوونە مایەی شەرم و پشێوی لە گۆڕان و مەیدانی سیاسیدا، جا ئەگەر رەوانشاد و بزووتنەوەکەیان جێهێشتبێت یان بە بێ گوتار و پڕۆژە و ئیرادە و بڕیاری سیاسی و هەڵوێستی رادیکاڵ لە بزووتنەوەکەدا مابێتنەوە و وەک مشەخۆرێکی سیاسی لەسەر جەستەی بزووتنەوەکە خەریکی کەسابەت بوبێتن، دەریانخست کە لە پڕۆژە و پەیامی رەوانشاد و بزووتنەوەکە و خواستی خەڵک خیانەتیان کردووە، لانیکەم کتێبی (ئێمە و ئەوان، ناکۆکییەکانمان لەسەر چین؟) نەخوێندۆتەوە، کە بە تیراژی (5000) لە چاپخانەی زەرگەتە بڵاوکراوەتەوە و وتار و بەرنامە و پرۆژە سیاسی و خزمەتگوزارییەکانی رەوانشاد و گۆڕانی لەخۆ گرتووە، کە خەونی مەزنی گۆرانکاریی بنەڕەتی بوون لای خەڵک بە گشتی و گۆڕانخوازان بە تایبەتی. چونكە نە ئێمە و ئەوان ماوە، نە جیاوازی و ناكۆكی، تەنانەت وەها بوونەتە یەكماڵە و یەك كابینە بە ئاسانی جیایان ناكەیتەوە كامە گۆڕانە و كامە ئەوانن.

ئەم خیانەتە وایکرد نەک جیاوازی و ناکۆکی نەمێنێ، نەک خەونی گۆڕینی بنەڕەتی و سیستمی سیاسی نەمێنێ، بەڵکو گۆڕان وێنەیەکی دووجار خراپ بداتەوە لای خەڵک، جارێک خیانەتە لە خۆی و جارێک خیانەتە لە خەڵک، بەوەی كە بوو بە ئەوان و خەڵك و خۆی لەیاد كرد.

دووەم: خیانەت لە گۆڕان و بزووتنەوەکە
لەم جۆرەیاندا، کەسانێکی پشووکورت و بەرچاوتەنگ و مشەخۆر، گۆڕانیان کردە بەردەباز و کارتی فشار بۆ سەنگەربازی، چنینەوەی دەسکەوت و هەلپەرستی لە پۆست و پارە، زەوی و چەک و سەیارە، دامەزراندن و دیزەبەدەرخۆنەی چەندان مەلەف. بەڵام دەشێت کەسانێک هەبوبێتن، لە بینینی خێرا و روکەشییانەی کەرەسە خراپەکەی ئاستی سەرەوەی بزووتنەوەکە متمانەیان نەمابێت و بڕیاری پەشیمانیان دابێت و پەشیمان بوونەوەیان لە خراپەیەک و گەڕانەوە بۆ خراپەیەکی دیکە لا ئاسایی بووبێت، یان کەسانێک لە برسان و ترسان ئەو بڕیارەیان دابێت. هەرچەندە کەسانێکی ئەوتۆ هەبوون لە ئاستی سەرکردایەتی و سەربازی کەوتنە هەمان رەفتار و جێهێشتنی پڕۆژەکە و هاوڕێیانیان، کە هیچ بەهانەیەکی ترس و برس-یان نەبوو، مەگەر رەنجان لەسەر پۆست و دەسکەوت یان بابەتی خودی و نهێنی بووبێت.

سێیەم: خیانەت لە دەنگدەران و گۆڕانخوازان
بە بڕوای ئێمە، ئەم خیانەتەیان کوشندەترین جۆری خیانەت بوو، چونکە خیانەت لە دەنگدەر تەنها فرۆشتنی خۆت نییە، بەڵکو فرۆشتنی دەنگ و ئیرادەی دەنگدەرانیشە، کە لەناو گەلی هۆشیار و دەنگدەری هۆشیار بە ئاسانی لەو کەسانە قبوڵ ناکرێت لە پەنای خیانەتی خۆیەوە خەریکی فرۆشتنی خەڵک بێت. ئەمە رەنگ و ئاوێکی رشت کە خیانەت و سەنگەربازی ببێتەوە دیاردەیەکی ئاسایی و خیانەتکارانیش لە بری سەرکزی لە هەموان دەم گەرمتر بن و روقایم بن.



ئێستا کە گۆڕان لە خراپترین ساتەوەختی خۆی و قەیرانە ناوخۆییەکانیدایە، کات و جێگەی ئەوەیە لێیان بپرسرێت:
- ئایا لە دوای کۆچی رەوانشاد و تەنانەت ماوەی نەخۆشییەکەشی، چیتان بۆ خەڵک و گۆڕان کرد و چیشتان بۆ خۆتان کرد و دەستکەوت؟

- دەنگ و ئیرادەی نیو ملیۆن خەڵکتان گەیاندە کوێ و ئەو پڕۆژە و ئامانجە سیاسیانە کامانە بوون گۆڕیتان و بەدیتان هێنان؟

- ئایا توانیتان سیستمی سیاسی و ئیداری بگۆڕن یان بوون بە شەریکە بەشی سیستم و ئیدارەیەك كە بە گەندەڵ و ستەمكار و تاكڕەو ناوزەد و ناوزڕاوتان كرد؟

- هەڵوێست و بڕیارە رادیکاڵ و سیاسییەکانتان لەو ماوەیەدا کامانەن؟ ئایا لە حەوت ساڵدا توانیتان بەیاننامەیەکی حەوت خاڵی هاوشێوەی پێش شوباتی 2011 دەربکەن و کاری بۆ بکەن و تەنگ بە سیستم و دەسەڵات هەڵچنن؟

- رێککەوتنە ژێربەژێر و دەسکەوتەکانتان لە هەمبەر بێ ئیرادەکردن و بێ روئیاکردنی گۆران لە پڕۆسەی سیاسیدا، دەتوانن بژمێرن؟

- جگە لە داروخاندنی بزووتنەوەکە، لە پای چی میدیای گۆڕانتان زەبوون و بێ متمانە کرد، لە ڕاگرتنیەوە تا دابەزاندنی بۆ ئاستی میدیایەکی سادە و لۆکاڵی بێ روئیا و گوتار؟
- بەدرێژایی ئەو ماوەیە گوتاری سیاسی گۆڕان چی بووە؟ چۆن خەباتی بۆ کردووە؟ چی لێ بەدیهێناوە؟

- ئایا دەرنجام لەوە روونتر هەیە کە بزووتنەوەیەکی نیوملیۆن دەنگدەر، لە 25 کورسی پەرلەمانی کوردستان و 9 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عراق و پارێزگار و پارێزگاکان، لە ژێر هەموو جۆرێکی فشار و ساختەدا، بگەیەننە سفر کورسی و کەناری سفری دەنگدەران؟!

- ئایا هێشتا دەتانەوێت درێژە بە ئینکاری و هەڵەی سیاسی و بازرگانی و دوکانداریەک بدەن کە لە قاموسی هیچ بزووتنەوەیەکی جەماوەری و تەنانەت حزبێک نەبووە کە خاوەنی ئەم هەموو هێزە جۆربەجۆرە بێت، بەڵام لە کۆتاییدا خواستی دابەشی میرات و گۆڕەوانی هەبێت؟ گۆرێک کە لە پشت باڵەخانە و مارکێت و پرۆژەی بازرگانیدا بشاردرێتەوە و تیرۆری هێماییانەی خەبات و کاریزمایی و کەسایەتی لە پەنای کەسابەتیدا بکەن!

- ئایا بایی هێندە جەسوریتان هەیە کە بڵێن هەڵە بووین و دەبوایە ئەم جۆرە لە گۆران و حزبایەتی پێش رەوانشاد بنێژین؟ ئایا دەتوانن رێز لەویش و گۆڕانخوازان و خۆتان بگرن و کۆتایی بەم فۆرم و شێوازەی گۆڕان بێنن و ڕێگە بە خەڵک و هێزی تازە و گوتاری تازە بدەن کە بونیادنانەوە و ڕێکخستنەوە و نوێکردنەوە لە گوتار و پرۆژەکانی گۆڕان و رەوانشاددا بکەن؟

- ئایا کۆنفرانس وەک ئەوەی نیشتمانی نەبوو، بڕیار نەبوو ببێتە هەوێنی کۆکردنەوەی خەڵکانی ناڕازی کە پانتایی فراوانی گۆڕانخوازین لە کوردستان؟ کە نەتانویست و نەتانکرد، بۆچی کۆنفرانستان کرد بە وێستگەی درز و داڕمانی زیاتر و نمایشی چەپڵەوانیی؟ بەرەی ناڕازیی و نیگەرانیتان فراوانتر کرد، ئایا هەر لەبەر ئەوە نییە کە ئێوە ئیگۆیەکی بەهێزتان دەوێت نەک بزووتنەوەیەکی بەهێز؟ لە کاتێکدا لە دوایین هەڵبژاردن درکتان بە لاوازیتان و ئاوابوونی پێگەی جەماوەریتان کرد، بە دڵنیاییەوە دەبێ بزانن کە رۆڵی ڕێبەریتان لە ناوخۆشدا لاواز بووە و وردە هیوا و ئیمتیاز وەهمێکیان هێشتۆتەوە، گەرنا سیادە و سەیدایەتی بەمشێوەیە ناکرێت و نەکراوە.

- ئایا بەشداریتان لە شەریكایەتی نەیارەكانتان لە پەنای حوكمڕانی و دوای دەركرانتان تیایدا و دوبارە بەشداریكردنەوە و تەنانەت دوای ئەوەی ڕەوانشاد ڕایگەیاند كە خەباتی پەرلەمانی كۆتایی هات، بەو مانایەی خەباتی سیاسی بەم شێوازی یاسا و گەمەیە لەگەڵ ئەواندا كۆتایی هات، دەسكەوتی بۆ خەڵك و بزووتنەوەكە چی بوو؟ یان گوێزەكان بۆ خۆتان و لە هەنبانەی خۆتاندا دەژمێرن!

- ئایا دەتوانن پڕۆژە نیشتمانییەكانی گۆڕان لەلایەن هێز و وزە و كەسانی تازە نوێكردنەوە و بنیاتنانەوەیان تێدا بكرێت و بگەڕێنەوە سەر شاڕێگەی گۆڕین و گۆڕانكاری؟ ئایا لە كاتێكدا خەڵك و دەنگدەر لە بزووتنەوە بە هۆشیارانە و ئەزموون بێ هیوا بوون، كەی چاكەخوازان و گۆڕانخوازانی ڕاستەقینە و هەڵوێستمەند بێ ئومێد دەبن لە بزووتنەوەیەكی بێ هەڵوێست و مەست،بێگومان دوكانداران تا دوایین موشتەری بێ هیوا نابن!

- ئەگەر گۆڕان توانستی لە خۆپرسینەوە و بەخۆداچوونەوە و دادگایی مشەخۆرانی خۆی نییە، چۆن و كێ دادگاییان بكات؟ كەی و لە كوێ؟