نوێترین لێدوانى ئیسرائیل سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌كه‌ى سه‌ر باڵیۆزخانه‌ى ئێران له‌سوریا

جیهان

02/04/2024‌ 2871 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەیەکەم لێدوانی فەرمی سوپای ئیسرائیلدا سەبارەت بە بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانه‌ى ئێران‌و کوشتنی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان وردەکاریی هێرشەکەیان ئاشکراکردوەو ده‌ڵێن:"ئەو گورزە پەیامێکە بۆ ئێران".


ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، "هێرشەکە بۆسەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئێران لەدیمەشق ئەنجامنەدراوە، بەڵکو لەباڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەکە ئەنجامدراوە کە وەک بارەگای سەربازیی سوپای پاسداران بەکارهاتوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەواتایەکی تر، هەرکەسێک ئەو بینایەی وێرانکردبێت، ڕەنگە زانیاریی دروستی هەبوبێت سەبارەت بەو چالاکییە سەربازییەی کە لەوێ ئەنجامدەدرا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو ئەوانەی لەهێرشەکەدا کوژراون، کارمەندانی سەربازیی ئێران بون، کە بۆ ماوەیەکی زۆر چالاکیی سەربازییان لەوێ ئەنجامداوە، هیچ دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لەهێرشەکەدا بەرنەکەوتوە".

ڕادیۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "محەممەد ڕەزا زاهیدی ئەو سەرکردە باڵایەی سوپای پاسداران کە لەهێرشەکەدا کوژرا، بەرپرسیاربوو لەهەموو هێرشەکانی ئێران بۆسەر خاکی ئیسرائیل لەهەموو گۆڕەپانەکانى لوبنان‌و سوریاو گۆڕەپانی فەڵەستینیەکانیشەوە، لەڕاستیدا ئەو باڵاترین ئەندامی سوپای قودس بوو کە سەرکردایەتیی تەواوی ئۆپەراسیۆنەکانی کردوە بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیل، بەشێوەیەک خەمی سەرەکیی ئەو تیرۆر بوو لەسەر خودی خاکی ئیسرائیل".

بەگوێرەی هەمان سەرچاوەى هه‌واڵى ئیسرائیلى، "زاهیدی فەرماندەیەکی هێزی زەمینی‌و فەرماندەی هێزی ئاسمانی بوه‌ لەسوپای پاسداراندا كه‌سێكى باڵاو خاوەن ئەزمونێکی زۆرەوە".

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل تیرۆرکردنی زاهیدی بەپەیامێک بۆ ئێران زانی سەبارەت بەهەموو کارەکانی لەدوای هێرشی حەماس لەحه‌وتى ئۆکتۆبەرەوە  ئەنجامیداوە.

بەپەلە