ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان مافە زەوتكراوەكانی بۆ ئێزدییەكان گەڕاندەوە

ڕاپۆرت

17/04/2024‌ 1392 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس-كەنداڵ جودی:

ئێزدییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە دیمەشق وەك موسڵمان تۆمار كران و لە قوتابخانەكاندا ئایینی ئیسلام بەسەریاندا سەپێنرا، بەڵام دوای دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر، ئایینی ئێزدی وەك ئایینێكی فەرمی ناسێندرا و ئایینی ئێزدی بە فەرمی لە قوتابخانە و زانكۆكانیش دەخوێندرێت.

ئەمڕۆ ئێزدییەكانی ڕۆژاوای كوردستان بە ڕێوڕەسمی ئاینی خۆیان یادی سەری ساڵی ئێزدی دەكەنەوە. پێكهاتەی ئێزدی یەكێكە لە پێكهاتە كۆنەكانی میزۆپۆتامیا، بەڵام دۆخی پێكهاتەی ئێزدی لە سوریا و ڕۆژئاوای كوردستان جیاوازی نەبوو لەگەڵ دۆخی ئێزدییەكان لە عێراق. چونكە هەردوو ڕژێمی بەعسی عێراق و سوریا هەموو شێوازەكانی جینۆسایدیان لە دژی ئێزدییەكان بەكارهێنا، بۆ ئەوەی ئێزدییەكان دەستبەرداری ئایین و كولتووری خۆیان بن.

ئێزدییەكان لە سەردەمی ڕژێمی بەعس
لەو چوارچێوەیەدا ڕژێمی بەعس لە دیمەشق ئایینی ئێزدی وەك ئایینێكی فەرمی لە سوریا نەناساند، هەرچەندە ئێزدییەكان لە زیاتر لە ٢٢ گوندی عەفرین، ٢٠ گوندی ناوچەی جزیرە، حەسەكە، قامیشلۆ، ترپەسپی، عامودێ و دەربێسیێ دەژین.

ڕژێمی بەعس بۆ ئەوەی ئێزدییەكان لە ئایین و كولتوورەكەیان دوور بخاتەوە، ئێزدییەكانی وەك موسڵمان تۆمار كرد نەك وەك ئێزدی، لە تۆمارە مەدەنییەكانی سووریادا چونكە ڕژێمی بەعس لە دیمەشق دان بە ئایینی ئێزدیدا نانێت وەك ئایینێك لە سوریا. 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتوون، تەنیا چەند خێزانێكی ئێزدی لە ڕۆژئاوای كوردستان خۆیان وەك ئێزدی لە تۆمارە مەدەنییەكان تۆمار كردووە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە ئێزدییەكانیش بە موسڵمان ناویان تۆمار كراوە.

لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی ئینكاری ئێزدییەكان، ڕژێمی بەعس ئێزدییەكانی ناچار كرد لە قوتابخانەكاندا ئاینی ئیسلام بخوێنن. هەرچەندە مەسیحییەكان لە قوتابخانەكانی سوریا فێری ئایینی مەسیحی خۆیان دەبن، بەڵام ئێزدی لە ئاینی خۆیان بێبەشكراون.

لە هەمان كاتدا ڕژێمی بەعس لە دیمەشق مافی ڕەگەزنامەی بە پێكهاتەی ئێزدی لە ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا نەدا. بەهۆی ئەمەوە سەدان كەس و بنەماڵەی ئێزدی بێ ناسنامە و ناوی بنەماڵە بوون و لە سوریا و ڕۆژئاوای كوردستان بە بێگانە هەژمار دەكران. ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر خوێندكارانی ئێزدی هەبوو، كە نەیانتوانی خوێندنی ئامادەیی تەواو بكەن، نەیانتوانی ناوی خۆیان لە زانكۆكانی سوریا تۆمار بكەن و لە ئەنجامدا، لە مافی خوێندن بێبەش كران.

لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە  هەزاران ئێزدی لە ڕۆژائاوای كوردستان و سوریا پێش شۆڕشی ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ كۆچیان كرد. لەو چوارچێوەیەشدا ماڵی ئێزدییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ شارپرێس دەڵێـ، ژمارەی ئێزدییەكان پێش ساڵی 2012دا 90 هەزار ئێزدی بووە. بەڵام ئێستا ژمارەی ئێزدییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا 15 هەزار كەسە. بەتایبەتی لە عەفرین، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە داگیركرا، توركیا پەرستگا و شوێنە ئایینیەكانی ئێزدییەكانی وێرانكرد و ئێزدییەكانی ناچاركرد لە عەفرینەوە كۆچ بكەن.

دۆخی ئێزدییەكان دوای دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر چۆنە؟
دوای دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان، دۆخی پێكهاتەی ئێزدی بە تەواوی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.
 سەبارەت بە  ئەم بابەتە، ڕۆژنامەنووسی ئێزدی سیپان سلۆ بۆ شارپرێس گوتی، ئیدارەی خۆسەر ئایینی ئێزدی وەك ئایینێكی فەرمی ناساندووە، شانبەشانی ئیسلام و مەسیحیی، پاشان ئێزدییەكان نوێنەرایەتیان لە ئەنجومەنی گەلی دیموكراتدا هەبوو هەروەها، نوێنەری كۆمەڵگەی ئێزدی لە ئۆرگان و دامەزراوە و ئەنجومەنەكانی ئیدارەی خۆسەردا هەن.

سلۆ ئاماژەی بەوەشكرد، ئیدارەی خۆسەر ڕێگەی بە ئێزدییەكان دا كە دامەزراوەی تایبەتی خۆیان دروست بكەن و منداڵەكانیان فێری ئایین و مێژووی خۆیان بكەن.

 سلۆ سەرنجی بۆ بارودۆخی قوتابیانی ئێزدی لە قوتابخانەكان ڕاكێشا "ئێستا لەو ناوچانەی ئێزدی تێیدا دەژین، كتێبێكی تایبەتی ئایینی ئێزدی هەیە و منداڵانی ئێزدیش لە كتێبەكانیانەوە فێری ئایینەكەیان دەبن، بە پێچەوانەی سەردەمی ڕژێم كە فێركاری ئیسلامی بە زۆر بەسەر ئێزیدییەكاندا سەپاندبوو".

لە قوتابخانەكانی ئیدارەی خۆسەر كتێبی ئیسلامی بۆ كۆمەڵگای ئیسلامی، كتێبی مەسیحی بۆ كۆمەڵگەی مەسیحی، كتێبی ئێزدی بۆ كۆمەڵگەی ئێزدی هەیە. بۆیە قوتابیانی هەر ئایینێك دەتوانن بە ئازادی فێری ئایینەكەیان بن.

لە لایەكی ترەوە فێربوونی ئایینی ئێزدی تەنها لە قوتابخانەكاندا نادرێت، بەڵكو ئێستا وەك بەشی زانكۆ كراوەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا زانكۆی ڕۆژاڤا لە شاری قامیشلۆ فاكەڵتی زانستە ئایینیەكانی كردەوە. لەم فاكەڵتیەدا ٣ ئایین هەیە و ئەوانیش بەم شێوەیەن؛ ئیسلامی و ئێزدی و مەسیحی.