هەڵبژاردن لە نێوان ترس و گوماندا!

مەلەفی تایبەت

19/04/2024‌ 475 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دڵشاد ئەنوەر

هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامە لە ڕێکارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی شەشی ئەمساڵ، بەڵام هێشتا مشتومڕی نێوان لایەنەکان لەسەر ئەنجامدان و نەدانی بەردەوامە و چارەنوسی پرۆسەکە ڕوون نییە.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و سەرپەرشتیکردنی هەڵبژارن لەلایەن کۆمیسیۆنی عێراق دۆخێکی پڕ لە ترس و گومانی بۆ بەشێک لە لایەنەکان دروستکردووە، بەتایبەت ئەو لایەنانەی پێشتر خاوەن پێگە بوون و ئێستا لە پێگەی داهاتوویان دڵنیا نین. 
دۆخەکە بۆ نەوەی نوێ و لیستەکەی عەلی حەمەساڵەح ئاساییە،  چونکە بە پێ خاوسی هاتوونەتە ناو یارییەکەو دەسەڵاتیان لا نییە تا بترسن بیدۆڕێنن، لە کورسییەکەوە تا ١٥ و ٢٠ کورسی   هەرچەند بهێنن گرنگ وجودیانە لە پەرلەماندا.
گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، زیان لە حزبە بچووکەکان دەدات و دەنگەکانیان پەرت دەکات، ئەوان پێشتر هەموو دەنگەکانیان لەسەر ئاستی کوردستان دەیکردە کورسییەک، بەڵام ئێستا ڕەنگە بەشێکیان تاکە کورسییەکەیان لەدەست بدەن و ماڵئاوایی لە پەرلەمان بکەن. ئەمە بۆ دۆخی ئێستای گۆڕانیش ڕاستە، کە کۆبوونەوەی دەنگەکانی لەسەر ئاستی کوردستان بۆی باشتربوو وەک لە فرە بازنەیی و پەرتبوونی دەنگەکانی، بەتایبەت بەشی زۆری جەماوەری لەدەستداوە.
دەکرێت بڵێین بارودۆخەکە بۆ هێزە ئیسلامییەکان تیرو مایەیە، چونکە خاوەنی دەنگدەری تا ڕادەیەک جێگیرن و لە هەڵبژاردنی فرە بازنەیی عێراقیشدا خۆیان تاقیکردووەتەوەو کورسییان هێناوە.
هەڵبژاردنی ئەمجارە  بۆ لاهور شێخ جەنگی لە هەمووی چارەنوسسازترە، بەوپێیەی ئەو لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتی هێنرایە خوارەوە، سەرجەم دەسەڵاتە سیاسی و حزبی و ئابووری و ئەمنییەکانی لەدەستداوە، دەیەوێ لە ڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە بگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە. ڕەنگە چانس یاوەری لاهور شێخ جەنگی نەبووبێ، گەر دۆخەکە نەگۆڕایەو ئەنجامی هەڵبژاردن لە ژێر کۆنترۆڵی پارتی بایە، بۆ ڕکابەریکردنی یەکێتی هاوکاری دەکرا، بەڵام دۆخی ئێستا بە جۆرێ ترە. بۆیە ئەم هەڵبژاردنە لەو ڕوانگەیەوە بۆ لاهور شێخ جەنگی چارەنوسسازو هەستیارە، گەر بشکێت تەمەنی سیاسی کۆتایی دێ، گەر دەنگیش بهێنێ کەم تا زۆر ڕۆڵ پەیدا دەکاتەوە.
بەهەمانشێوە دۆخەکە بۆ پارتیش زۆر هەستیارە، هەم بۆ هاوکێشە ناوخۆییەکانی حزب، هەم بۆ پاراستنی ڕۆڵ و پێگەو باڵادەستییەکەی لەسەر ئاستی کوردستان، بۆیە پارتی لەهەموو هێزو لایەنەکانی تر لە دۆخەکە نیگەرانترە.
پارتی کورسی پێکهاتەکانی لەدەستداوە، کورسی حزبە بچووکەکانیش داهاتوویان نادیارە، بەرچاویشی ڕوون نییەو ترسی لە کەمبوونەوەی کورسییەکانی خۆشی بە ڕادەیەکی زۆر هەیە. گەر کورسییەکانی زۆر کەم بکات ئەو باڵادەستییەی پێشتر هەیبوو هاوشێوەی جاران لەسەر ئاستی هەرێم نایمێنێت، بەتایبەت لاوازبوونی پێگەی هەرێم وایکردووە نەشتوانێت وەکجاران شەڕە شاخ لەگەڵ عێراق بکات.
کەمبوونەوەی کورسییەکانی پارتی بۆ ناوخۆی حزبیش مایەی کێشەیە، گەر ئەو ٤٥ کورسییەی لە خولی ڕابردووی پەرلەماندا هێنای بەهەر جۆرێک هێنابێتی دواجار لەسەردەمی حوکمڕانی نێچیرڤاندا ئەو کورسییانەی بردووەتەوە.
گەر لە یادتان بێت کاتێک پارتی ٤٥ کورسییەکەی هێنا، نزیکەکان لە نێچیرڤان بارزانی گوتیان، سوپاس بۆ متمانە دانەوەتان بە حکومەتەکەتان، ئەمە واتای خواستی مانەوەی بوو لە پۆستی سەرۆکی حکومەتدا، بەڵام نزیکەکان لە مەسرور بارزانی وتیان، بەڵێ بۆ حکومەتێکی بەهێزتر.
بۆیە گەر پارتی کورسییەکانی کەم بکات لەسەردەمی حوکمڕانی مەسرور بارزانیدا کەمیکردووە، ئەمەش بەلای بارزانییەوە مایەی قەبوڵ نییەو لە ناوخۆی حزبیش خوێندنەوەی جۆراو جۆری بۆ دەکرێت.
دۆخەکە بۆ یەکێتی لە هەمووان جیاوازترە، سەرباری ئەوەی چاودێری قەبارەی لاهور شێخ جەنگی دەکات، بەڵام خۆشحاڵە بە دۆخەکە، چونکە هەڵبژاردن لە ژێر کۆنترۆڵی پارتی نەماوە تا ترسی هەبێت رکابەری بۆ دروستبکات. دۆستەکانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن و هاوکاری دەکەن و پێشهاتە نوێیەکان لەبەرژەوەندی ئەم حزبەن.  یەکێتی بەرچاوی لەوانیتر ڕوونترە، دڵنیایە لەوەی کورسییەکانی پێشووتر دەهێنێتەوە، ئەوەی بۆ ئەم حزبەش لە ئێستادا گرنگە لاهور شێخ جەنگی دەنگ کەم بهێنێت و لەمڕێگەوە تەمەنی سیاسی کۆتایی بێت، لای ئاساییە هێزەکانی تر هەرچەند کورسی بهێنن.