بۆچی ئیسرائیلییەکان بەبردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لەلایەن ڕیال مەدریدەوە نیگەران بون؟

وەرزش

03/06/2024‌ 1276 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بردنەوەی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لەچامپیۆنزلیگ، توڕەیی‌و بێزاریی ئیسرائیلییەکانی لێکەوتەوە، دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی شەممە لەیاریی کۆتاییدا لەیانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بەئەنجامی 2-0 بردەوە.


ئەم نیگەرانییە لەپاشخانی دانپێدانانی ئیسپانیاوەیە بەدەوڵەتی فەڵەستین چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، بڕیارێک کە بەشێوەیەکی نەرێنی لەشەقامی وەرزشیی‌و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا لەئیسرائیل ڕەنگدانەوەی هەبوو.

پێش دەستپێکردنی یاریی کۆتایی، ئیسرائیلییەکان هیوایان خواست کە تیپی شاهانە بدۆڕێت بەهۆی پاڵپشتی وڵاتەکەیان بۆ دۆزی فەڵەستین، لەوبارەیەوە ئیدی کۆهین ڕۆژنامەنوسی ئیسرائیلی نوسیویەتی، هیوادارین یانەی ئیسپانی (ڕیال مەدرید) بدۆڕێت، هەروەک هەموو وڵاتێک ئەوەی دوژمنایەتیی ئیسرائیل دەکات.

سەبارەت بەشرۆڤەکاری ئیسرائیلی بن کاسپیت، لەپۆستێکدا لەپلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە  “تا ئێوارەی شەممە هەرگیز پشتگیریم لەتیپێکی زەرد نەکردبوو (ڕەنگی زەرد لەئیسرائیل هێمای ڕاستڕەوی توندڕەوە)، دۆرتمۆند تیمێکە لەبەرژەوەندی ئێمەدایە".

یەکێک لەو بلۆگەرە ئیسرائیلیانەی کە هیوای خواست یانەی ڕیاڵ مەدرید بدۆڕێت لەکۆمێنتێکدا دەڵێت، سوێند دەخۆم ئەگەر ڕیاڵ مەدرید سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەمە یەکێک دەبێت لەسەختترین هەفتەکان کە لەژیانمدا ئەزمونی کردبێتم.

بەڵام ئەنجامی یارییەکە بەئاراستەیەکدا ڕۆیشت کە ئیسرائیلیەکان ئارەزویان نەدەکرد، بەوپێیەی تیمی شاهانە شکستی بەڕکابەرە ئەڵمانییەکەی هێنا، بۆیە ئیدی کۆهین گەڕایەوەو دوای ئەوەی بێهیوابوو جارێکی دیکە کۆمێنتێکی کردەوەو نوسی، “ئاواتەکانم بەدینەهات، بەداخەوە."

یەکێکی دیکە لەبەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا توڕەیی خۆی لەسەرکەوتنی ڕیال مەدرید دەربڕیوەو وتویەتی "بەهۆی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتەکەمان هیوای ئەوەم دەخواست یانەی دۆرتمۆند سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام بەداخەوە ئەو تیپەی کە وڵاتەکەی دان بەتاوانباراندا دەنێت سەرکەوتنی بەدەستهێنا".

هەروەک هەندێکی تر داوایان دەکرد، هیچ یارییەکی خولی ئیسپانی یان یارییەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەئیسرائیل پەخشنەکرێت.

و: ئاکۆ ئاڵی