وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕێكەوتنێكی لەگەڵ ئەمەریكا واژۆ كرد بۆ كڕینی 25 فڕۆكەی ئێف ٣٥.
بەگوێرەی ئەم گرێبەستە ئیسرائیل 25 فڕۆكەی ئێف 35 لە ئەمەریكا دەكڕێت و تا ساڵی 2028 رادەستی دەكرێن، بەجۆرێك هەر ساڵێك پێنج فڕۆكەی رادەست دەكرێت.
گرێبەستەكە ٢٥ فڕۆكەی ئێف-٣٥ لەخۆدەگرێت، كە لەلایەن كۆمپانیای لۆكهید مارتنەوە دروستكراون، لەنێویاندا پرۆسەی چاككردن و نوێكردنەوە.
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە: لەگەڵ تەواوبوونی گرێبەستەكە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل كە لەپێشكەوتووترینەكانی جیهانە، فراوان دەكرێت بۆ 75 فڕۆكەی هەرەپێشكەوتوو.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە قەبارەی گرێبەستەكە بە نزیكەی ٣ ملیار دۆلار لە سندوقی یارمەتییەكانی ئەمەریكادا مەزەندە دەكرێت.