مێسی باشترین یانەی جیهانی دەستنیشانکرد

وەرزش

08/06/2024‌ 1046 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی لەستایشکردنی یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی درێغی نەکرد، دوای ئەوەی لەسەر حسابی یانەی بڕوسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.


لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئینفوبای" ئەرجەنتینی، مێسی ئاشکرایکرد، تیپی شاهانە "باشترین یانەی جیهانە لەئێستادا".

هەروەک دەڵێت:"ئەگەر باسی ئەنجامەکان دەکەیت، ئەوا ڕیال مەدرید باشترینە لەجیهاندا ئەگەر باسی ئاست‌و بەڕێوەبردنی یارییەکان دەکەیت، ئەوا من بەشێوەیەکی شەخسیی مانچستەر سیتی (ئینگلیزی)م خۆشدەوێت بەسەرکردایەتی پیپ گواردیۆلا".

لەدرێژەی قسەکانییدا وتویەتی:"باوەڕم وایە هەر تیپێک گواردیۆلا سەرکردایەتیی بکات، تایبەت دەبێت بەهۆی شێوازی یاریکردنییەوە".

لەلایەکی دیکەوە یاریزانە تەمەن 36 ساڵەکە بەشدارییکردنی لەمۆندیالی 2026 ڕەتنەکردەوە کە لەئەمریکاو کەنەداو مەکسیک بەهاوبەشیی بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە هیچ ئاماژەیەکی سەبارەت بەئەگەری بەشداریکردنی نەخستەڕوو.

باسی لەوەشکردوە، ئەوە بەندە بەهەستکردنی بەوەی لەڕوی جەستەییەوە چۆن دەبێت، جەختیشیکردۆتەوە، لەگەڵ خۆیدا واقیعبین دەبێت بۆ ئەوەی بزانێت لەئاستی چاوەڕوانییەکاندا دەبێت یان نا.

و: ئاکۆ ئاڵی