بڕیار وایە لەكۆتایی ئەمساڵدا لە وڵاتی سعوودیە پێشبڕكێیەكی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت ، لەبارەی خۆشترین شوێنی گەشتیاری لەوڵاتی عێراقدا ، دوو شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستانیش دیاریكراون، هەریەك لە قەزای رواندز لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شارەدێی بیارە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە تۆماركراون.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران بە شارپرێسی راگەیاند، " هەفتەی رابردوو شاندێكی وەزارەتی رۆشنبیری و دەستەی گەشتوگوزاری عێراق سەردانی سنوری قەزای رواندزیان كرد، بۆ ئەم مەبەستە وۆركشۆپێك لەسەر لەسەر ئەم پێشبڕكێیە بەڕێوەچوو. "
ئاماژەی بەوەشدا، " سنوری قەزای رواندز چەندین شوێنی گەشتیاری هەیە لەوانە سەیرانگای بێخاڵ و جوندیان ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی دەكەن و كاتەكانیانی تێدا بەسەر دەبەن، دوو ناوچەی هەرێمی كوردستان دیاریكراون هەردووك ناوچەكەش پێشبڕكێ دەكەن، بۆ خۆشترین شوێنی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان. "
وتیشی، ئێمە تەواوی پێداویستیەكانی مەلەفی ئەو پێشبڕكێیە ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری بكەین لە پێشبڕكێكەدا.
پێشبڕكێكە لەكۆتایی ئەمساڵدا لە وڵاتی سعوودیە بەڕێوەدەچێت ، كە لە چوارچێوەی پرۆگرامی نەتەوەیەكگرتووەكان ساڵانە لە وڵاتێك سازدەكرێت، خۆشترین شوێنی گەشتیاری لەسەر ئاستی وڵاتان دیاری دەكرێت ، دوو ناوچەی هەرێمی كوردستانیش دەچنە نێو كێبڕكێكەوە، یەكێك لە ناوچەكان هەڵدەبژێردرێت و وەكو خۆشترین شوێنی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان دەناسێندرێت.
