نهێنیی گرنگیی شیری دایک بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو چییە؟

تەندروستی

16/09/2024‌ 111 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شیری دایک بە"ستانداردێکی زێڕین" دادەنرێت بۆ خۆراکدانی تازەلەدایکبوان، بەوپێیەی شیری دایک هەموو پێداویستییە خۆراکییەکانی کۆرپە لەماوەی شەش مانگی یەکەمی تەمەنیدا دابیندەکات‌و بەشێوەیەکی ناوازە دروستکراوە بۆ پاراستنی کۆرپە لەهەوکردنی بەکتریاو ڤایرۆسیی‌و مشەخۆرەکان.


کاتێک منداڵەکە دەگاتە تەمەنی شه‌ش مانگ، پێویست دەکات جگە لەشیری دایک، خۆراکی دیکە پێ بناسێنرێت، وەک خۆراکە دەوڵەمەندەکان بەئاسن وەک دانەوێڵەی بەهێزکراوو گۆشتی کوڵاوو پەلەوەر، جگە لەسەوزەو میوەی نەرم.

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە کۆرپەلانەی شیری دایکیان پێدراوە کەمتر توشی ئاڵۆزییە تەندروستییەکان دەبن بەبەراورد بەو کۆرپانەی شیری شیری دەستکردیان پێدەدرێت، بەشێوەیەک شیرپێدانی سروشتیی ئەگەری توشبون بەسکچون‌و هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان‌و هەوکردنی گوێی ناوەڕاست کەمدەکاتەوەو لەوانەیە لەنەخۆشیی شەکرەی جۆری دوەمیش بیپارێزێت.

بۆ دایکان شیرپێدان هەست بەسترێس‌و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوەو تەندروستیی دەرونیی بەرزدەکاتەوەو یارمەتیی دەدات بەشیوەیەکی خێراتر لەشڕێکییەکەی بۆ بگەڕێتەوە، هەروەک لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە کە شیرپێدانی سروشتیی ئەگەری توشبون بەشێرپەنجەی مەمک‌و هێلکەدان کەمدەکاتەوە، هاوکات یارمەتیی دایکان دەدات زیاتر بخەون بەبەراورد بەوانەی پشت بەشیری قوتوو دەبەستن.

و: ئاکۆ ئاڵی