شارپرێس:
بڵاوکردنەوەی وێنهیهكى كاریكارتێریى لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرژەنتینی لەلایەن مامۆستایەکی ماتماتیکەوە لەقوتابخانەیەکی گشتیی گەڕەکی برۆکلینی شاری نیویۆرک، ناڕەزایەتیو هەرایەکی گەورەی لەناوەندە کۆمەڵایەتیو پەروەردەیییەکاندا لێکەوتەوە، پاشئەوەی وێنەکە بەسوکایەتیکردنو دژایەتیکردنی پێکهاتەی جوو وەسفکراو داوای دورخستنەوەی خێرای مامۆستاکە لەکارەکەی دەکرێت.
ڕۆژنامەی نیوزماکسو ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست لەڕاپۆرتەکانیاندا وردەکاریی ئەم کێشە میدیایییەیان لەچەند خاڵێکدا کورتکردوەتەوەو ئاماژهیان بهوهكردوه، مەیسا جەرارە مامۆستای ماتماتیک لەسەر هەژماری فەرمیی خۆی لەفەیسبوک وێنهیهكى كاریكارتێریى مێسی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا ناوبراو دەگری، لوتێکی یەکجار گەورەی بۆ کێشراوە، کڵاوی فەرمیی جولەکەکان (کیپا)ی لەسەرەو دەستەکانی لەیەکتر دەخشێنێت.
ئەم شێوازی کێشانە ڕێک هاوشێوەی ئەو وێنە كاریكارتێریه دژەجوانەیە کە لەسەردەمی پڕوپاگەندەی نازییەکاندا بۆ نیشاندانی جولەکەکان وەک مرۆڤی چاوچنۆکو فێڵباز بەکاردەهات، لەئینتەرنێتیشدا بەوێنەی "بازرگانی دڵخۆش" بەناوبانگەو لەساڵی 2019وە خراوەتە لیستی ڕەشی ڕێژەی هێماکانی ڕقو کینەوە، مامۆستاکە لەپاڵ وێنەکەدا نوسیویەتی، "دەربڕینی سەر ڕوخساری بێ هاوتایە".
موشێ سپیرن سەرۆکی ڕێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی جوو ڕایگەیاندوه، جەرارە هێڵە سورەکانی بەزاندوەو وێنەی کۆنی بۆ شێواندنی ناوبانگی گشتیی بەکارهێناوە، هاوکات کارین فیڵدمان سەرۆکی هاوپەیمانیی قوتابخانە گشتییەکانی نیویۆرک وتویهتى، "ئەمە نیشانەی مەترسییە؛ مامۆستایەک کە متمانەی پەروەردەکردنی منداڵانی پێدراوە، بەئاشکرا ناوەڕۆکی هاندەرو چەواشەکاری مێژویی لەدژی گەلی جوو بڵاودەکاتەوە".
ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست باسى لهوهكردوه، پێشتریش ئەو مامۆستایە دژبەرایەتیی خۆی بۆ ئیسرائیل نیشاندابوو، لەوانەش بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاڵای خوێناوی ئیسرائیلو کێشانی وێنەی کچو کوڕێک بەکڵاو و سەرپۆشەوە کە لەسێیەمین ساڵیادی هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمدا لەسەر خۆڵەمێشێکدا سەمایان دەکرد.
ڕۆژنامەکە نوسیویهتى، "لیۆنێل مێسی کە لەساڵی 2013دا لەچوارچێوەی یارییە دۆستانەکاندا سەردانی ئیسرائیلی کردبوو، پێشتریش چەندینجار کراوەتە ئامانجی تیۆرییەکانی پیلانگێڕیی، بهگوێرهى بەدواداچونەکانی ڕێکخراوی (سایبەروێڵ) بۆ چاودێریکردنی دەستەواژەکانی ڕق لەئینتەرنێتدا، لەکاتی مۆندیالدا چەندین لێدوانی چەواشەکاری بڵاوکرابونەوە کە دەیانوت جولەکەکان کۆنترۆڵی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) دەکەنو لەپشتپەردەوە کاردەکەن بۆ سەرخستنی مێسی".
