شارپرێس:
بڕیارە فیلمی"ئاڵای بێ وڵات" لە فیستیڤاڵی فیلمی كۆتایی ڕۆژهەڵات لە بەریتانیا نمایش بكرێن.
فیلمی بڵندیی "ئاڵای بێ وڵات" A Flag Without a Country لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداریی كورد "بەهمەن قوبادی" و لە بەرهەمهێنانی پارێزگاریی هەولێر كە لە لایەن كۆمپانیای "مژ فیلم"ەوە ئامادەكراوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا كاتژمێر 8:30 ئێوارێی ڕۆژی 29ی یۆنیۆی 2016 لە بەشی تایبەی شازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "كۆتایی ڕۆژهەڵات" East End لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا نمایش دەكرێت.
فیستڤاڵەكە لەلایەن ئەندامی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، خەڵاتی باشترین فیلمی دیكۆمێنتاریی و خەڵاتی باشترین كورتە فیلمی بەریتانیا و هەروەها لە لایەن بینەرانیشەوە، خەڵاتی باشترین كورتە فیلم بە سینەماكارانی سەركەوتوو پێشكەش دەكرێت.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "كۆتایی ڕۆژهەڵات" ساڵی 2000 لە لایەن "ستێفان مۆری" Stephen Murray و "سارا ورێن" Sarah Wren لە ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی "هەملێت" بە مەبەستی پەیداكردن، ناساندن و گەشەپێدانی دەنگێكی نوێی لە دنیای سینەما و هەروەها نمایشكردنی فیلمە بەریتانی و فیلمە نێودەوڵەتییەكان دامەزرا و ئێستاكە بۆتە پێگەیەكی بەهێز بۆ فیلمسازانی بەریتانی و سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و ساڵ بە ساڵ توانیوییەتی گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "كۆتایی ڕۆژهەڵات" EEFF كە یەكێكە لە گەورەترین فیستیڤاڵە سینەماییەكانی بەریتانیا، چەندین بەشی جیاوازیی هونەریی و ئەدەبی، لەوانە: سینەما، ئەدەبیات و موزیكی لە خۆگرتووە و شازدەیەمین خولی بە بەشداریی بەرهەمی سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆریی جیهان لە چەندین بەشی "پێشبڕكێی سەرەكیی"، بەشی "پێشبڕكێی فیلمە دیكۆمێنتارییەكان"، بەشی "پێشبڕكێی كورتە فیلمەكانی بەریتانیا"، بەشی "پێشبڕكێی كورتە فیلمە نێودەوڵەتییەكان"، بەشی "گاڵا"، بەشی "پێشانگا"، بەشی "پێشكەش كردنی موزیك" و هەروەها چەندین بەشی دیكە لە ڕۆژانی 23ی یۆنیۆ تا 3ی جوولای 2016 لە شاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
س.هـ