"ڕەوشەكە ئاڵۆزە"
ئارام شێخ محەمەد: لێدوانەكان بۆنی شەڕیان لێدێت

عیراق

19/09/2017‌ 5913 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تائێستاش فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەپەرلەمانی عێراق بەشدارییان لەدانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقدا نەكردووە پاش بڕیارەكانی پەرلەمان بۆ ڕێگەگرتن لەڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان.

"ڕەوشەكە ئاڵۆزە" ئەمە قسەی ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە، كە لەسەر ئاڵۆزییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بۆ پرسی ریفراندۆم، كە راشیگەیاندووە "ئەو لێدوانانەی لەو بارەوە دەدرێت بۆنی شەڕی لێدرێت".

ئارام شێخ محەمەد، ئەوەشی راگەیاند "نوێنەرانی پێكهاتەكانی شاری كەركوك بەشدارییان لەكۆبوونەوەیەكی تایبەتدا كردووە سەبارەت بەهەڵبژاردنی پارێزگاكە، هەروەها هەڵگرتنی ئەو بارە نا ئاساییەی لەكەركوك هەیە".

هەروەها ئەوەی راگەیاندووە "كاتێك ئەم دۆسێیە لەكارنامەی پەرلەمان لادرا، بۆیە بڕیاردرا فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەشداری دانیشتنەكان نەكەن، چونكە بابەتە گرنگەكە لای نوێنەرانی كورد یەكلاكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكە".

ئارام شێخ موحومەد جەختیشیكردووەتەوە، كە بەگشتی ڕەوشەكە لەبەغدا خراپەو هەردوولا ڕۆڵیان هەیە لەبەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەكەداو كارو كاردانەوەش لەهەردوو لاوە هەیە‌و لێدوانەكانی ئەم دواییەش "ئاگرین ئامێزن‌و تەواوی بابەتەكانیش لەسەر ئەوەن ئایا ڕیفراندۆم دوا دەخرێت یان دواناخرێت، لەكاتێكدا زۆرێك لەوڵاتانی جیهان داوای نەكردنی ڕیفراندۆم دەكەن".

ریفراندۆمی هەرێم لە 25/9/2017 بەرێوەدەچێت، وەك بڕیاری لێدراوە، ئەمەش كاردانەوەی زۆری بەدواوە هاتووە، كاردانەوەكانیش بەردەوامی هەیە.

هـ ـ ح

بەپەلە