یاسای خانەنشینی یەكخراوی ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠١٤ی عێراق

23/01/2018

بایەزید حەسەن

هەروەكو ئەم یاسایە بە ناوەكەیدا دیارە و هەموو یاسا خانەنشینییەكانی پێشووی عێراقیشی كە نزیكەی لە ١٠ یاسا زیاترە، لە خۆگرتووە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینی پلە بالاكان كەمبكرێتەوە و ئەوەی پلە نزمەكانیش زیاد بكرێت و دادپەروەری بەرقەرار بێت و هەموو هاولاتییەكیش كە خانەنشین دەبێت مافی پارێزراو بێت .                         ئەم یاسایە لە ١ / ١ / ٢٠١٤   كەوتۆتە بواری كارپێكرنەوە . لە هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا نزیكەی ١٧ یاسای خانەنشینی هەیە و كاریان پێدەكرەێت و پێویستە هەموو ئەو یاسایانە لە یەك یاسای خانەنشینی هەرێمدا كۆبكرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش یان سوود لە یاسای خانەنشینی یەكخراوی عێراق ژمارەی ٩ ی ساڵی ٢٠١٤ وەربگیرێت بۆ دانانی یاسایەكی خانەنشینی گشتی بۆ هەرێم یان ئەم یاسای خانەنشینی یەكخراوەی عێراق وەك بنچینە وەربگیرێ و هەندێك گۆڕانكاری كەمی تێدا بكرێ كە لەگەڵ واقیعی كوردستاندا بگونجێ بەمەرجێك ناوەرۆكەكەی بپارێزرێت و مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەوانەی هاوتاكانیان لە عێراق كەمتر نەبێت .

گرنگترین خاڵە گرنگەكانی یاسای خانەنشینی یەكخراوی ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠١٤ عێراقی فیدراڵ خراونەتەڕوو  ، وردەكارییەكانی ماددە و بڕگەكانی ئەم یاسایە لەم نوسینەدا ناكرێت باس بكرێن چونكە نوسینەكە دوورودرێژ دەبێت . لەو خالانەی لەم نوسینەدا خراونەتەڕوو ، لە كۆتایی هەر خاڵێكیاندا لە ناو كەوانەدا ماددە  یان ماددە و بڕگەی یاسای خانەنشینی یەكخراوی عێراق نوسراوە ئەویش بۆ ئەوەی ئەگەر خوێنەر ویستی وردەكاری ماددەكە یان بڕگەكە بزانێ لە دەقی یاساكەدا بە ئاسانی بیدۆزێتەوە :

١-  هەموو فەرمانبەرێك كە لە وەزیفەدا بێت مانگانە  ٢٥ % ی مووچەی دەبڕڕێت و دەخرێتە سەر سندوقی خانەنشینی نیشتیمانی ، لەو ٢٥ % یە ، فەرمانبەر ١٠ % مووچەی دەدات كە لە مووچەی مانگانەی دەبڕڕێت و حكومتیش ١٥ % ی بۆ دەدات ( ماددەی ١٧ / بڕگەی یەكەم ) .

٢-  فەرمانبەر لە تەمەنی ٦٣ ساڵی خانەنشین دەكرێت بێگوێدانە ماوەی خزمەتەكەی  بەلام  ئەگەر فەرمانبەرەكە تەمەنی ٦٣ ساڵی تەواو كرد  ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێ ماوەیەك كە لە ٣ ساڵ زیاتر نەبێت خزمەتەكەی بۆ درێژبكاتەوە  ئەویش بە رەچاوكردنی جۆری پسپۆڕی وجۆری وەزیفەكەیی و پێویستی فەرمانگەكە بەو فەرمانبەرە ( ماددەی ١٠ / بڕگەی یەكەم ).

٣-  فەرمانبەر ئەگەر تەمەنی گەیشتە پەنجا ساڵی دەتوانێ داوای خانەنشینی بكات یان ئەگەر خزمەتی لە ٢٥ ساڵ كەمتر نەبێت ( ماددەی ١٢ / یەكەم ) .

٤-  فەرمانبەرێك لەسەر كار لابرا بێتیان دەركرابێت یان وەزیفەكەی جێهێشتبێت یان دەستی لەكاركێشابێتەوە لە مافی خانەنشینی  بێبەش ناكرێت بەلام خانەنشینی بۆ خەرج ناكرێت تاكو تەمەنی ٥٠ ساڵی تەواو نەكات و بەلایەنی كەمەوە خزمەتی لە ٢٠ ساڵ كەمتر نەبێت ( ماددەی ١٣ ) .

٥- ئەگەر فەرمانبەرێك لە كاتی خزمەتی وەزیفیدا  تووشی نەخۆشیەك بێت چاكبوونەوەی نەبێت و لیژنەی پزیشكی بڕیایی یەكلاكەرەوەی دا كە بەكەڵكی وەزیفە نەماوە ، ئەوا فەرمانبەرەكە خانەنشین دەكرێت بێگوێدانە ماوەی خزمەتە وەزیفییەكەی  و ئەگەر خزمەتەكەی لە ١٥ ساڵیش كەمتر بێت ئەوا بۆ دەگەیەنرێتە ١٥ ساڵ ( ماددەی  ١٥ / یەكەم ، ماددەی ١٦ / یەكەم  ، دووەم ) .

٦-  هەر ماوەیەك بۆ مەبەستی خزمەتی خانەنشینی ئەژمار بكرێت ئەوا دەبێت  ئەو ماوەیە پارەی خانەنشینی بۆ درا بێت ، ئەگەر بۆی نەدرێت بە خزمەتی خانەنشینی ئەژمار ناكرێت ( ماددەی ٢٠ / یەكەم )

٧- ئەو فەرمانبەرەی دادەمەزرێنرێ یان دووبارە دادەمەزرێنرێتەوە دەتوانێ داوای ئەو خزمەتەی پێشووی بكات كە لە فەرمانگەكانی دەوڵەت كردویەتی ، ئەگەر پارە خانەنشینی بۆ ئەوە ماوە خزمەتەی  نەدابێ ئەوا دەبێت بیدات . هەر ماوەیەكی خزمەتكردنی وەزیفی  كە داوا دەكرێت بۆ خانەنشینی ئەژمار بكرێت دەبێت پارەی خانەنشینی بۆ درابێت  ، ئەگەر پارەی خانەنشینی بۆ نەدرێت ئەوا ماوەكە بۆ خانەنشینی ئەژمار ناكرێت ( ماددەی ١٨ / دووەم ) .

٨- ماوەی  خزمەتی وەزیفی پێش تەمەنی ١٨ ساڵی یان  ماوەی خزمەتی وەزیفی دوای تەواوكردنی  تەمەنی ٦٣ ساڵی بۆ خانەنشینكردن ئەژمار ناكرێت ( ماددەی ٢٠ / یەكەم ، خاڵی د ، ‌ه ) ، بەلام ئەوەی تەمەنی ٦٣ ساڵی تەواو كردبێ و بە فەرمانی ئەنجومەی وەزیران خزمەتی وەزیفییەكەی بۆ ماوەی ٣ ساڵ یان كەمتر درێژرابێتەوە  ، ئەوا ئەو ماوە درێژكراوەی   بە خزمەت بۆ ئەژمارە دەكرێت ( ماددەی ١١) .

٩- ئەو فەرمانبەرەی خانەنشین دەكرێت ، ئەگەر خزمەتی وەزیفییەكەی  لە ١٥ ساڵ كەمتر نەبێت ئەوا شایستەی مووچەی خانەنشینییە و ئەو مووچەیەشی بۆ خەرج ناكرێت  تاكو تەمەنی نەگاتە  ٥٠ ساڵ ( ماددەی ٢١ / یەكەم ) .

١٠-  مووچەی خانەنشینی  بەم جۆرەی لای خوارەوە ئەژمار دەكرێت ( ماددەی ٢١ / دووەم ) :

مووچەی خانەنشینی =   تێكرایی مووچەی  بنەڕەتی سێ ساڵ × ٥ر٢  × سالانی خزمەت                                                     ١٠٠
ئەگەر  فەرمانبەرێك لە شەش مانگ  زیاتر خزمەتی هەبێت ئەوا بەیەك ساڵ بۆی ئەژمارە  دەكرێت ( ماددەی ٢١ / سێهەم ) .

١١- كەمترین رادەی مووچەی خانەنشینی  ( ٤٠٠ ) هەزار دینار دەبێت بە دەرماڵەی  مەعیشەتیشەوە ( ماددەی ٢١ / چوارەم ) و هەروەها  نابێت مووچەی خانەنشینی هەر خانەنشینێك لە ١٠٠ % ی مووچەكەی  بنەڕەتییەكەی كە لە وەزیفەكەدا بووە زیاتر بێت  ( ماددەی ٢١ / پێنجەم ) .

١٢ خانەنشینكراو دەرماڵەی بڕوانامە و دەرماڵەی مەعیشەتی بۆ دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینییەكەی كە بەپێی هاوكێشەكەی سەرەوە بۆی بڕاوەتەوە ( ماددەی ٣٥ /دەیەم ) و بەم شێوەیەی خوارەوە :

ا-  بۆ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم دەرماڵەی- ٥ % ی  مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ

ب- بۆ هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس -١٠ % ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ.

ج- بۆ هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر -١٥ % ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ.

د- بۆ هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا -٢٠ % ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ.

ه- بۆ هەر ساڵێك خزمەتی فەرمانبەری دەرماڵەی ( معیشە )ی بەرێژەی  ١ %  دەدرێت بە خانەنشین ( ماددەی ٣٥ / نۆیەم ) بۆ نمونە ، ئەگەر خانشینێك ٢٠ ساڵ خزمەتی فەرمانبەری هەبێت ئەوا مووچەی خانەنشینییەكەی بە رێژەی ٢٠ % زیاد دەكات . ئەم دەرماڵەیە ئەوانە ناگریتەوە كە مووچەی خانەنشییەكەیان لەسەر بنچینەی كۆی مووچەی فەرمانبەری و دەرماڵەكان بۆ ئەژمار دەكرێ وەكو پارێزەران و دادوەران و مامۆستایانی زانكۆ و رۆژنامەنوس ........ .

١٣-  ئەوەی خانەنشین دەكرێت بە هۆی  تەواوكردنی تەمەنی ٦٣  ساڵی  ، ئەگەر خزمەتی لە ١٥ ساڵ  كەمتر بێت و لە ١٠ ساڵ كەمتر نەبێت ، ئەوا  مووچەكەی بۆ هەر ساڵێك لە ١٥ ساڵ تاكو ١٠ ساڵ بەبڕی (٥٠ ) هەزار لە ( ٤٠٠ ) هەزارەكەی كەم دەكات  واتە بۆ خزمەتی ١٤ ساڵ ( ٣٥٠  ) هەزار دینار وەردەگرێ  بۆ ١٠ ساڵ ( ١٥٠ ) هەزار دینار وەردەگرێ ( ماددەی ٢١ / شەشەم ) .

١٤-  ئەم یاسای  خانەنشینییە  بۆ ئەوانەش دەبێت كە  ( امر سلگە الائتلاف المو‌وقتە " المنحلە "  رقم ٩١ لسنە ٢٠٠٤  )  دەیانگرێتەوە واتە ئەوانەی كە لە دژی رژێمی سەددام جەنگاون ( ماددەی ٢١ / دەیەم ، خاڵی ب )

١٥- ئەو فەرمانبەرەی  خانەنشین دەكرێت لەسەر بنەمای گەیشتنی بە تەمەنی خانەنشینی یان لەسەر داوای خۆی كە مەرجەكانی تێدا بێ یان بەهۆكاری تەندروستییەوە  ، ئەگەر خزمەتی وەزیفی لە ٣٠ ساڵ كەمتر نەبێت ئەوا پاداشتی كۆتایی خزمەتی بۆ خەرج دەكرێت بەم  جۆرە دەبێت :

پاداشتی كۆتایی خزمەت = دوا مووچە لەگەڵ دەرماڵەكانی × ١٢ . ( ماددەی ٢١ / نۆیەم)

١٦- ئەو فەرمانبەرەی خزمەتی وەزیفییەكەی لە ١٥ ساڵ كەمترە  و خانەنشین نابێت ، ئەوا پاداشتی خانەنشینی بەم جۆرە بۆ خەرج دەكرێت  :

پاداشتی خانەنشینی = دوا مووچەی وەزیفی × ٢ × ژمارەی ساڵەكانی خزمەت

( ماددەی ٢٢ / یەكەم ، ئەلف ) 
ئەگەر خزمەتی لە ٦ مانگ كەمتر نەبێت ئەوا بە ساڵێك ئەژمار دەكرێت ( ماددەی ٢٢ / یەكەم ، ب ) .

١٧-ئەگەر فەرمانبەرێك پاداشتی  خانەنشینی وەرگرتبێ لەبەر ئەوەی خزمەتی وەزیفی تەواوی نەبووبێت بۆ خانەنشینی ، ئەوا ئەگەر گەڕایەوە بۆ سەر وەزیفە دەبێ ئەو پاداشتەی وەریگرتووە بێگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت  و دواتر كە بەپێی یاسای خانەنشینی خانەنشین دەبێت ، ئەوا سالانی خزمەتی پێش وەرگرتنی پاداشتی خانەنشینی و سالانی دوای گەڕانەوەی بۆ سەر وەزیفەی  بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ مەبەستی مووچەی خانەنشینی ( ماددەی ٢٣ / یەكەم ) .

١٨- فەرمانبەر دەتوانێ داوای ئەوە بكات كە ئەو خزمەتەی لە كەرتی تایبەت هەیەتی بۆی بخرێتەسەر ئەو خزمەتەی كە لە حكومەت كردوویەتی بۆ مەبەستی خانەنشین بە مەرجێك ئەو خزمەتەی كەرتی تایبەتی كە بۆی دەخرێتەسەر خزمەتی وەزیفییەكەی لە نیوەی خزمەتی وەزیفییەكەی زیاتر نەبێت ( ماددەی ١٩ / سێهەم ) .

١٩- ئەنجومەنێك دروست دەكرێت بە ناوی ( ئەنجومەنی ووردبینی كێشەی خانەنشینان ) بۆ تەماشكردنی سكالای ئەوانەی تانەیان لەسەر بڕیارەكانی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی هەیە یان خۆیان بە ماف خوراو دەزانن ( ماددەی ٢٩ / یەكەم )

٢٠-  بڕگەی شەشەمی ماددەی ٣٥ ی ئەم یاسایە كە تایبەتە بە خانشینكردنی باڵوێزەكان و ماددەی ٣٧ كە تایبەتە بە خانەنشینی پلە تایبەتەكان ( سەرۆككۆمار ، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ، وەزیر ، جێگری وەزیر ، راوێژكاران  ،بەریوەبەری گشتی . . . هتد  ) و بڕگەی سێهەمی ماددەی ٣٨  كە تایبەتە بە ( خانەشینكردنی   بەرێوەبەری شارەدێ و قەزا و ئەنجومەنی شارەوانییەكان ) لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگیراون و كاریان پێناكرێت لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئەو ماددە و بڕگانە نادەستورین.

٢١- ئەم یاسایە نزیكەی ١٠ یاسای پێشووی خۆی كە تایبەتن بە خانەنشینی هەڵوەشاندۆتەوە و تەنیا ٣ یاسا نەبێت كە هەڵینەوەشاندونەوە (  ماددەی ٣٨ / یەكەم ، دووەم )، ئەوانیش ئەم یاسایایەن :

ا- یاسای دەزگای شەهیدان ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٦  ی هەمواركراو

ب- یاسای دەزگای زیندانە سیاسییەكان ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٠٦

ج- یاسای قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە لە ئەنجامی كردارە جەنگی و هەڵە سەربازی و كردارە تیرۆریستییەكان ژمارە ٢٠ ی ساڵی  ٢٠٠٩  .

٢٢- ئەو فەرمانبەرەی وەزیفەكەی بەجێهێشتووە یان دەستی لەكاركێشاوەتەوە یان خانەنشین كراوە و هیچ مووچەیەكی خانەنشینی لە بری ئەو خزمەتە وەزیفیەی كردویەتی  بۆ نەبڕاوەتەوە ، دەتوانێ ئەم خزمەتە وەزیفییەی  بخاتەسەر ئەو خزمەتەی دواتر لە كەرتی تایبەت كردویەتی  بۆ مەبەستی خانەنشینی بە مەرجێك پارەی هەموو سالەكانی كاركردنی بۆ خانەنشینی لە كەرتی تایبەت دابێت كە  ١٠ % ی مووچەی مانگانەكەی بووە    ( ماددەی ١٩ / سێهەم ) .

٢٣-بۆ ئەوەی مافی ئەوانە نەخورێت كە پێش دەرچوونی ئەم یاسایە خانەنشین بوون ، ئەوا  مووچەی خانەنشینیان بە گوێرەی ئەم یاسایە دووبارە بۆ ئەژمار دەكرێتەوە ( ماددەی ٣ ) .

٢٤- بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران بە زیاد بوونی هەڵاوسانی ساڵانە مووچەی خانەنشینی زیاد دەكرێت بەمەرجێك ئەو زیادكردنی مووچەیە لە رێژەی هەلاوسان زیاتر نەبێت  ( ماددەی ٣٦ ) .

بایەزید حەسەن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی