ئیتر بەسە، پاش ٢٦ ساڵ حکومڕانی شکستخواردووی پڕ لەگەندەڵی

07/02/2018

بەهادین نوری

لە مێژووی پڕ لە شەرمەزاریاندا سەرانی پارتی و یەکێتی پێیاننایە ( ٢٧ )مین ساڵی حکومڕانی شکستخواردوویان کە زنجیرەیەکی درێژە لەکار و کرداری زیانبەخش و نەهامەتی و گەندەڵکاری . ئەگەر دەسەڵات لەم ٢٦ ساڵەدا لە دەستێکی پاک و دلسۆزدابوایە و لەسەر نەخشەیەکی زانستی بڕۆشتایە ئێستە هەرێم وڵاتێکی پێشکەوتوو دەبوو لەڕووی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیاری و . خزمه تگوزاریە وە .... هتد . بەڵام دووەم ساڵی حکومڕانی ئەمانە دەستپێکردنی جەولەیەکی نوێ بوو لەشەڕی براکوژی و کاولکاری ، کە بۆ چوار ساڵ داهاتە کەمەکەی هەرێمیان تەرخانکرد بۆ خوێنڕشتنی گەنجان و وێرانکاری وڵات . ئەنجامەکەش : جەلال تاڵەبانی باجی قورسی هەڵەی خۆیدا چونکە داوای وەزیری دەرەوەی ئەمریکای رەتکردەوە بۆ وەستاندنی شەڕ ، ئەمریکاش گڕی سەوزیدا بە سەدام کە یارمەتی مەسعود بدات . ئەوەبوو چەکدارانی بەرزانی لەسەر دەبابەی سەدام هاتن هەولێریان گرت و رادەستی بەرزانیان کرد ( ٣١ ئابی ١٩٩٦ ) . ئەوە گورزێکی کوشندە بوو . 
زۆر لۆژیکی بوو کە لەو رۆژانەدا جەماوەری هەرێم ڕاپەڕیایە دژ بە حکومڕانی هەردوو حیزبەکە ، داوای دەستلەکارکێشانەوەی بکردایەن . بەڵام پلەی هۆشیاری دیارە نەگەیشتبوو . 
ساڵانی دوای رووخانی سەدام هەلێکی لەباربوو بۆ بنیاتنان و پێشخستن لە هەرێمدا . بەڵام سەرانی پارتی و یەکێتی سەرگەرمی گەندەڵکاری و پتەوکردنی پێگەی خۆیانبوون . ئەو دوو ئیدارەییە کەلە نەوەدەکاندا دروستیان کرد ( دوو سوپای حیزبی + دوو سیستەمی دارایی + دوو ناوچەی جوگرافی جیاواز ) هێڵدرایەوە و تا ئێستەش هەرماوە بە شیوه یه ک . 
سیاسەتە چەوتەکەیان کێشەکانی زێتر کرد . بەردەوامی لە دزی و گەندەڵکاری و شاردنەوەی فایلی نەوت لەپەرلەمان و وەزارەتی دارایی و هەموو میللەت ، کە تا ئێستەش کەس نازانێ بەرهەمی نەوتی هەرێم چەند بووە ، بەچەند فرۆشراوە ، پارەکەی بۆ کوێ براوە ، ئەم سیاسەتە کێشەکەی کرد بە قەیرانێکی خەستی هەمەلایەنە : نەدانی مووچە ، یان دانی بەشیکی کەمی ، مانگرتنی مامۆستایان بە کاریگەری برسێتی ماڵ و مناڵیان ، پەکخستنی پەرلەمان بە بڕیارێکی تاکەکەسی نایاسایی ، خۆسەپاندنی سەرۆک پاش بەسەرچوونی ماوەی یاسایی .... هتد . لەهەمووش خراپتر دانانی حیزب و سەرۆکی حیزب لە سەرووی هەموو یاسایەکەوە ، بەکارهێنانی سوپای حیزبی و پۆلیس و ئاسایش و میلیشیای حیزبی نایاسایی بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن . 
لەساڵی ( ٢٠١٧ ) دا قەیرانەکە توندتر بوو ، حکومڕانانیش نە دەستیان تێی دەچوو پارەی دزراو بخەنەوە گەنجینەی حکومەت و نەرێگا چارەیەکیان هەبوو . لێرەوە بڕیاڕ لەسەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هاتەکایە ، پێشیانوابوو تیرێکی دوونیشان شکێنە : ئەو کێشانە لەبیری هاوڵاتیان ببەنەوە کە خودی حکومڕانان دروستیان کردووە + خۆیان دەبنە قارەمانی سەربەخۆیی کوردستان و ٢٦ ساڵیتریش درێژە بە حکومڕانی خۆیان دەدەن . چەندین حزب و گروپ و کەسایەتی سیاسی و رۆشبیرنووسیان و هاواریان کرد کەئەم ڕیفراندۆمە هەڵەیە ، ئێستە کاتی نیە ، کارەسات بەدوای خۆیدا دێنێ . بەڵام گوێیان لەکەس نەگرت ، ئەو کەسانەیان بە خیانەت لە کورد تۆمەتبار کرد . بەغدا و ئەنکەرە و تاران دژایەتی خۆیان راگەیاند بۆ هەر ڕیفراندۆمێ لە عێڕاقدا بۆ جیابوونەوە . ئەمریکا و ئەوروپا و روسیا و چین ... هتد . وتیان لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقن دژی هەموو جیابوونەوەیەکن . وەزیری دەرەوەی ئەمریکا زۆر هەوڵیدا ، لەسەر داوای بەرزانی نامەیەکی بۆ نارد کە زەمانەتی دەکات ، بەرانبەر بە دواخستنی ڕیفراندۆم ، ئەمریکا دوایی یارمەتی کورد دەدات بۆ ڕیفراندۆمەکە . ئەمە هەلێکی زێڕین بوو بۆ کورد کەدەبوو بقۆزرێتەوە . بەڵام نەزانی و لاساری پاڵی بەسەرۆکی هەرێمەوە نا تەحەدای هەموو جیهان بکات و بڵێ : " بەقسەی عبدالبشر ناکەم " . ئاخر کاک مەسعود تۆ پشت بەچی دەبەستی کە تەحەدای هەموو جیهان دەکەیت ؟ 
١٢ ساڵ بەغدا خۆی لە جێبەجێکردنی مادەی ( ١٤٠ ) دزیەوە هەتا خودی ژیان ئەو ناوچانەی خستە دەستی پێشمەرگە بۆ پاراستنیان لە داعش . ئەمە هەلێکی زێڕینی ڕەخساند بۆ کورد کە بەغدا ناچاربکات بە جێبەجێکردنی مادەی ( ١٤٠ ) ئەگەر سەرکردایەتییەکی دلسۆز و بەتوانا هەبوایە . مەخابن سەرکردایەتی نەفام و گومڕا ئەو هەلەی لەکیسدا و وەریگیرا بە کارەسات . لە باتی هەوڵی ریفراندۆم لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ماخولیای ریفراندۆمی سەربەخۆیی چووە سەریان . 
ڕیفراندۆمی ٢٥ ئەیلول کراو ئەنجامەکەش لەبەرچاوە . دوژمنانی گەلی کورد قەت نەیاندەتوانی گورزێکی لەو چەشنە ئاڕاستەی خەباتی گەلی کورد بکەن وەک کۆمیتەی باڵای ریفراندۆم بە سەرکردایەتی بەرزانی کردی . بەهەموو پێوەرێکی دیموکراسیانە دەبوو ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە دەست لەکاربکێشنەوە و داوای لێبوردن لە میللەت بکەن ، پاش ئەم تێشکانە گەورەیە . بەڵام تەنها مەسعود دەستی لەکاركێشاوەتەوە ، لەژێر گوشاری ناوەکی و دەرەکیدا ، ئەویش نازانرێ تا چ ڕادەیەک . ئەوانیتر ، بەتایبەتی نەچیرڤان بەرزانی و قوباد تاڵەبانی ، دانیشتوون وەک ئەو پۆستە تاپۆبێ لەسەریان . ئەوی بە بیریاندانەیەت دەستلەکارکێشانەوەیە . 
کارەساتی ڕیفراندۆم رق و کینەی کەڵەکەبووی چەندساڵەی خەڵکی هەرێمی تەقاندەوە لە ڕاپەڕینی دیسەمبەری ٢٠١٧ دا . بەزەبری ئاسایش و پۆلیس لە ناوچەی دەسەڵاتی پارتیدا رێگە لە خۆپیشاندان گیرا ، لە سلێمانیدا هەموو شارو شارۆچکەکان لیپبوون لە خۆپیشاندانی جەماوەریدا ، دەسەڵاتداران بە تیرۆر و کوشتن بەرەنگاری جەماوەر بوونەوە ، ٣ کەس شەهیدبوون و دەیەها بریندارکران و سەدان گیران . ڕاپەرین سەرکوتکرا ، بەڵام کارتی پارتی و یەکێتیشی تێدا سووتا و هیچ ئەگەرێکی مانەوەیان لەسەر کورسی ده سه لات نەما . باشە لەو ڕاستیە بگەن کە خۆیان کۆتاییان بەسەردەمی حکومڕانی خۆیان هێنا . 
بەداخەوە هیچ حیزبێ نەبوو کەبتوانێ سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکان بکات و خەڵک چاوەڕیی فەرمانەکانی بن ، لەبەر ئەوە ، ئەگەر بە پیلان و دەسیسەی دەسەڵاتداران بووبێ ئەگەر بەکاریگەری نەفامی هێندێ لە خۆپیشاندەران ، زۆر لەبارەگای حیزبەکان و دەوائیری حکومی سوتێنران و ئەمەش ڕووی ڕاپەڕینەکەی ناشرینکرد . 
پاش ئەم باس و شیکردنەوەی سەرەوە دەبێ بە ئاگابین لەم خاڵانەی خوارەوە : 
١- لە ٢٦ ساڵی حکومڕانیاندا پارتی و یەکێتی زێتر لە پەراوێزێکی بچووک ئازادی و دیموکراسییان نەداوە بەگەل . ئەگەر دیموکراسی هەبوایە لە ( ٢٠٠٩ ) وە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی لەدەستی بزووتنەوەی گۆڕاندا دەبوو ، ئێستەش بە خۆشی خۆیان قەت دیموکراسی نادەن . ئەوی چاکسازی بوێت لەهەرێمدا ، بەڵکو لەهەموو عێراقدا ، دەبێ بزانێ کەخاڵی بنەڕەتی لە چاکسازیدا ، یان ئەلقەی سەرەکی لەناو پرسەکاندا ، دامەزراندنی رژێمێکی دیموکراتی ڕاستەقینەیە ، وەک رێگەیەک بۆ چارەسەری کێشەکان . 
٢- نە هەڵبژاردنی خاوێن و نەپەرلەمانی راستەقینە هێشتا لەم هەرێمەدا نەبووە ، بەڵکو پەرلەمانی حیزب ، وردتر بڵێین پەرلەمانی سەرۆک هەبووە کە بە فەرمانی ئەو دەنگی داوە . ئێستە و دوایش قەت هەڵبژاردنی خاوێن نابێ ئەگەر بەسەرپەرشتی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بکرێت . 
٣- بە پێویستی دەزانین ئۆپۆسزیۆنی سیاسی هەرێم ، بە پەرلەمانتارەکانیشەوە ، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووری عێراق ، لەسەر حوکمڕانانی هەرێم تۆمارکەن و داوای لێکۆڵینەوە بکەن سەبارەت بە مخالەفاتی یاسایی ئەو حکومڕانانە چ لە کاروباری داراییدا چ لەو ڕیفراندۆمەدا کە دەبێتە بەل
گە بۆ سزادان و ناشیاوییان بۆ ئەو پۆستانەی هەیانبوو وە هەیانە . 
٤- به رژه وەندی عیراق له وه دایه كه به غدا بێدواكەوتن چەكدارانى حشدى شعبى له ناوچه كیشه له سه ره كانى كوردستان بكشینیته وه و ئیداره یه كى هاوبه ش پیكبهینرئ و كات دیارى بكرئ بۆ جیبه جیكردنى ریفراندۆم به پیی ماده ی ( ١٤٠ ) له دەستور . دەبێ حکومڕانانی عێراق بیر لەوەبکەنەوە کەخۆ دزینەوەی بەغدا لە جێبەجێکردنی م ( ١٤٠ ) مەترسیەکی گەورەیە کە جەنگ و کاولکاری لە عێراقدا بەرپابکاتەوە و کورد و عەرەب و ئەوانیتریش بەئاگری ئەو جەنگە بسووتێن . 
٥- گەندەڵکاری تائەم چرکەیەش بەردەوامە و هەر بەردەوامیش دەبێت هەتا دەسەڵات لەدەستی ئەمانەدابێت . دەبێ ئەولەویەت بدرێ بەچڕکردنی هەوڵ و کۆشش بۆ لابردنیان و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ گومانلێکراوان .
٦- پاش ٢٦ ساڵ لەحکومڕانی هیچ سوپایەکی نیشتمانیمان نیە ، بەڵکو هەر ئەو هێزە هەیە کە وەک میلیشیا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی دووحیزب یان دووخێزان بەڕێوەدەبرێ . ئەمە کێشەیەکی جدیە چارەسەری دەوێ . کاتی ئەوە هاتووە کە دەزگای پێشمەرگەی کوردستان بکرێتە سوپایەکی نیشتمانی بۆخزمەتی گەل و نیشتمان ، دوور لە حیزبایەتی تەسک . 
٧- ئێمە بەهیچ جۆرێ لەگەڵ توندوتیژی نین لە بزاڤی سیاسیدا . تەنها لەگەڵ خەباتی ئاشتیخوازانەین دژ بەهەموو شێوەیەک لە زەبر و زۆر . ئەوە دەسەڵاتدارانن کە بەرژەوەندی خۆیان لە توندوتیژیدا دەبینن . داوا لە خۆپیشاندەرانیش دەکەین کە بەتوندی دژ بەوانە بوەستن داوای بارەگا و دایەرە سووتاندن دەکەن و هانی توندوتیژی دەدەن .

لە کۆتایدا داوا لەهەموو حیزب و گروپ و کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم دەکەین کەلەبەرەیەکی نیشتمانی دیموکراتیدا یەکبگرن و بەچڕی تێکۆشن بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکراتی تا سەرپەرشتی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی خاوێن و شەفاف بکات بە ڕێگرتن لە تەزویر و تۆقاندنی هەڵبژێران ، تا دەسەڵاتی ٢٦ ساڵەی شکستخواردووی پڕ لەگەندەڵکاری پارتی و یەکێتی وەلاخرێ و بنەمای دەسەڵاتێکی نوێ داڕێژرێ کەسەر گەرمی دیموکراتیزە و چاکسازی و خزمەتگوزاری و بنیاتنان بێ بۆ ئەم گەلە ستەمدیدەیە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی