بەهاری عەرەبی لەیادی حەوت ساڵەیدا

25/02/2018

بورهان شێخ ڕەئوف

لەدوای حەوت ساڵ لە شۆڕشی تونس ئەو شۆڕشەی كە چەخماخەكەی لەوێوە بووە بزوسكەی شۆڕشێكی گەورە كە بەشێكی گەورەو گرنگی نیشتمانی عەرەبی گرتەوە بە میسری قیبلەی عروبەو گەورەترین وڵاتی عەرەبی و قوتابخانەی  بیری نەتەوەیی و جێگەی هیواو ئومێد, ئەگەر نەجدو حجاز كە مەكەو مەدینەی لێیە قیبلەی ڕۆحی نەتەوە بێت ئەوا میسر قیبلەی سیاسی و هزری نەتەوەیی عەرەبە و ڕێبەرایەتی هەموو شەڕەكانی نەتەوەی عەرەبی كردووە لە گەڵ ئیسرائیل .
بەهاری عەرەبی ئەگەرچی ئومێدو هیوایەكی گەورەو زەبەلاحی لە سەر هەڵچنرا بەڵام دواتر بووبەپاییزو خەزانی ئەو ئومێدو خەونانەی كە نەتەوەی عەرەب هەرلە كەنداوەوە تا وەكو ئۆقیانووسی ئەتلەسی گۆرانیان پێدا دەوت .
ڕاستە بەهاری عەرەبی ئاكامی هیچ پیلان و هاندان و دەستێكی دەرەكی و تاپوری پێنجەم و ئاژاوەگێڕی نەبوو بەقەدەر ئەوەی كە بێئومێدی ملێۆنان كەس بوو لە لاوان و ژنانی ستەمكێش و خەڵكی بەش مەینەت و نەدارلە ڕژێمە شمولی و تۆتالیتارەكانی عەرەبی كە لە پەنجاساڵی ڕابردوودا شكستیان هێنا بوو لە دابینكردنی سەرەتاییترین مافەكانی مرۆڤ  لە دادپەروەری و سەروەركردنی یاساو یەكسانی ژن و پیاو ژیانێكی شەرافەتمەندانە كە شایستەی مرۆڤ بێت چ لە ڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانەوە.
جگە لەوانەش لە ڕووی نەتەوایەتیەوە ئەو ڕژێمە فەرمیە عەرەبیانە شكستیان هێنابوو لە هەماهەنگی و هاو هەڵوێستی هاوپشتی  لە پرسە چارەنووسازەكانی نەتەوەی عەرەبدا, هەموو ئەمانە وایانكرد واتە شكست لە ڕووی گەشەپێدان و حوكمڕانی دروست و دابینكردنی خزمەتگوزاری پێویست و شكست لە سیاسەتی دەرەوە كەهەموو گەل هاوارا بكە ن و پێیان بڵێن ارحل واتە بڕۆن .
لەیادی حەوت ساڵەی بەهاری عەرەبی دا جارێكی تر تونس كە لەویۆە خۆپیشاندانەكان دەستی پێكرد دوای ئەوەی لاوێكی ئەو وڵاتە بەناوی موحەمەد بوعەزیزی خۆی سوتاند لەبەرئەوەی سوكایەتی پێكراو عەرەبانەكەیكەسەوزەی لەسەر دەفرۆشت  دەستی بەسەرداگیرالە لایەن هێزەكانی ئاسایشەوە , ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی فراوانی خەڵك بەرامبەر سیاسەتە ئابوریەكانی حكومەتی دوای شۆڕش دەستی پێكرد كەئەمەش دەلالات و ئاماژەی گەورەی هەیە .
لەلایەكی ترەوە هەر لە یادی حەوت ساڵەی ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبیدا ئەمجارە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی گەورەی خەڵك لەو وڵاتانەی تر دەستی پێكرد وەكومەغریب  سودان بەهۆی بەرز بوونەوەی نرخەكان و هێزەكانی ئاسایش بەرەنگاریان بوونەوە كە لە شەپۆلی یەكەمی ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی بە ساغ و سەلامەتی دەربازبوون هەرچەندە وڵاتانی بەهاری عەرەبی شەپۆلی یەكەم نەیانتوانی بگەنە كەناری ئارامی و سەقامگیری خۆشگوزرەرانی جگە لە تونس كە بە جۆرێك لە جۆرەكان توانی هاوسەنگی و ئارامی و سەقامگیری خۆی بپارێزێت و لە سەرپێ‌ ی خۆی بووە ستێت .
ئەگەرچی لە شەپۆلی یەكەمی بەهاری عەرەبیدا خواست و ئارەزوویەكی لە ڕادەبەدەر هەبوو لە لایەن لاوانی ئازادیخوازی عەرەبەوە بۆ ڕزگاركردنی وڵاتەكانیان لە بارودۆخی قەیراناویو گەیاندنی بە كەناری ئارامی و خۆشنوودی ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستمی حوكمڕانی دیموكراسی كە ماف و ئازادییەكانی هاوڵاتیان بپارێزێت بەڵام ئەمەش هەر لە سەرەتای ساڵی 2012 ەوە لەبار برا لەڕێگەی چەكداركردنی شۆڕشەكانەوەو دەستێوەردانی سەربازی و بەشداربوونی تاقم و گروهە تیرۆریست و تەكفیرییەكان توانیان شۆڕش و ناڕەزایەتیەكانی خەڵكی ئازادیخواز لە ئامانج و ناوەڕۆكە ڕاستەقینەكەی خۆی بترازێنن و دۆخەكە بە بنبەست و چەقبەستن بگەیەنن لە ڕێگەی گێڕانەوەی زۆرێك لە سەرە دیارو ناشیرینەكانی ڕژێمەكانی پێشوو بۆ حوكمڕانی هەروەها بەلاڕێ‌ بردنی هەڵبژاردنەكانی لە ئامانج و خواستە ڕاستەقینەو دیموكراسیەكانی .
بەڵێ‌ لە ئاوا بارودۆخێكدا كە جیهانی عەرەیی تێیدا گوزەر دەكات سەرەڕای ئارەزو و خواست بۆ ئازادیو دیموكراسی لەلایەن بەشێكی بەرینی خەڵكەوە كەچی هێشتا بارودۆخی ئابوری زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی ڕوو لە داڕووخان تەپینەو كە پێدەچیت بۆ چەندین ساڵی تر درێژە بكێشێت و بەردەوام بێت بەهۆی شكستی سیاسەتی ئابووری و نەبوونی بەرنامەیەكی ڕاست و ڕوونی نیشتمانی كە هەموو هێزو لایەنە نیشتمانی  دیموكراتخوازەكان لەخۆی كۆبكاتەوە بۆ دەرچوون لەو قەیران و تەنگژە گورچكبڕانە كە ببێتە ئەڵتەرنەتیف بۆدۆخی ئێستا كە پشتبەستنە بە قەرزو قۆڵەی دەرەكی وكە ئەمەش لە سەروەری  وڵات كەمدەكاتەوەوو قەرزەكان زیاتر دەكاتەوەو كە هەموو ئەمانەش باری سەرشانی هاوڵاتیان قورستر دەكات و دەخوازێت لە حكومەتەكان كە هەنگاوی تەند بگرنە بەر بە زیانی هاوڵاتیان وەكو لابردنی پشتگیری لەسەر زۆر شتی گرنگ و پێویست بۆ ژیانی هاوڵاتیان .
كە ئەمانەش هەموو ئومێدێك لەباردەبەن لە ئایندەی نزیكدا بۆهەڵسانەوەو باشتر كردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك .
لە كۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بەڕاستی جیهانی عەرەبی لە قەیراندایە لە مێژەو و بەهاری عەرەبیش كە ئێستا پێ‌ ی دەڵێن پایزی عەرەبی نە پیلان بوو نە گێچەڵ لە تاریكی شەودا نەخشەی بۆ كێشرابێت بەڵكو هەوڵێك بوو بۆ ڕیفۆرم و چاكسازی باری لاری عەرەب .
لەوانەش خراپتر پەنابردن بۆ چارەسەركردنی بارودۆخەكەبە پینەو پەڕۆ كێشەكان زیاتر پڕ لە ئازارو ئێش دەكات و دوریان دەخاتەوە لە دۆزینەوەی ڕێگەی دروست و گونجاو.

بورهان شێخ ڕەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی