فەڕەنسییەكان‌و كێشەی كورد

08/04/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

فەڕەنسیەكان پەیوەندیەكی دیرۆكی و دوریان هەیە لە تەك كوردا ، بەڵام ئەم پەیوەندیە بە هۆی ئەوەی كورد دەوڵەتیان نەبووە ، هەرگیز ئاستێكی فەڕمی و دیاری وەرنەگرتووە ، جارێكیان میوانی پاریس بووین زۆر كەس بیرەوەری خۆیان لە بارەی پەیوەندیەكەوە گێڕایەوە ، هەروەها هەركەس باسی رۆڵی خۆی دەكرد لەو بارەیەوە ، لەم رۆژانە كە كتێبی مردن ئەڕای كۆبانێم خوێندەوە  دیسان كەوتمەوە خەیاڵی ئەوەی باشە ئەم پەیوەندیە بۆ لەوە زیاتر گەشە ناكات ، لە رابردوا لە رابردودا فڕاسوا میتروانی سەرۆكی ئەو دەمی فەڕەنساو دانیاڵ میتروانی هاوسەری و هەروەها بێرنارد كۆشنەری دۆستی كورد هەوڵی زۆریان بۆ كوردەكان داوە ، خاتوو دانیاڵ بە دایكی كوردان ناودەبرا ، هەرئەویش رۆڵی لە بونیاد نانی ئەم هەرێمەدا هەبووە و كۆشنەریش بە داڕێژەری بڕیاری 688 پاراستنی كوردەكان ناسراوە .

فەڕەنسیەكان لە ماوەی رابردودا چەند جارێك لە ئەلیزێ پێشوازیان لە شاندی كوردی رۆژئاواو باشوری كوردستان كرد ، ئەوەش مایەی ستایشە ، بەڵام لە تەواوی وێنەكەدا كێماسیەكی گەورە هەیە ، كورد لە رۆژئاواو باشوری كوردستان قوربانی دەستی ئەو دابەشكاریەی فەڕەنسیەكان و بەریتانیەكانە لە سایكس بیكۆدا ، جگە لەوەش كورد لە ناوچەكە هیچ دۆستێك شك نابات ، بۆ یە كوردەكان خۆیان دەڵێن " تەنها چیاكان دۆستمانن" گەرچی چیاكانیش هۆیەكی پارچە كردن و دابڕان بوونە لە یەكتری كوردەكان ، كورد وەك فەلەستین پشت و پەنای نیە ، فەلەستینیەكان زۆر لایەن و وڵات هەیە لەسەریان هەڵبداتێ ، جگە لەوەش بەرژەوەندی و نەوت رۆڵی زۆریان هەیە لە دەستوەردان لە كێشەی فەلەستین ،تەنانەت توركەكانی قوبرس و بوڵگاریاو عێراق و بەڵقانیش توركیا خاوەندارێتیان لێ دەكات ، ئەی كورد ، كەواتە تەواوی وێنەكە دروست كردنی فۆڕمێكە بۆ كورد بە بێ گوێدان بە توركیاو وڵاتانی ناوچە ، راستی بۆ دروستكردنی فۆڕم فەڕەنساو ئەمەریكاو بەریتانیا دەتوانن رۆڵی گەورە بگێڕن .

پاڵپشتی كردن لە رۆژئاوای كوردستان لە لایەن فەڕەنساوەو هێنانی هێز بۆ مەنبەج ، لە ڕووی ئاكاریەوە پێویستە رێزی لێبگیرێت، فەڕەنسیەكان زۆر باش دەزانن كوردەكان لە بری ئەوان شەڕی تیرۆریان كردووە ، ئەو تیرۆرەی چەند جارێك لە ناو جەرگەی فەڕەنسادا خەڵكی خەڵتانی خوێن كردووە ، من ئاگادارم بە شێك لە فەڕەنسیەكان ئەو هەڵوێستانەی كورد بەرز دەبینن ،لە گەڵ ئەوەشدا هێشتا وەك پێویست سەیری خەبات و خواستی كوردەكان ناكرێت .

كەوتنی عەفرین بە بەرچاوی فەڕەنساو بەریتانیاو ئەمەریكاوە بە دەستی توركیاو تیرۆریستە هاوپەیمانەكانی جێی شەرمێكی گەورەیە ، دەبوو بە هەر شێوەیەك بێت ئەو وڵاتانە نەهێڵن عەفرین بكەوێت ،كەوتنی عەفرین و بێدەنگی دنیا دەستی توركیای زیاتر ئاوەڵا كردووە بۆ ئەوەی لە  هەموو لایەكەوە پەلاماری كورد بدات .

بە بڕوای من فەڕەنسیەكان دەتوانن هەنگاوی زیاتر بنەن .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی