قەیرانی لیبراڵیزم

19/04/2018

سەردار عەزیز

چەند هەفتەیەك لەمەوپێش لە كتێبخانەی زانكۆكەم لەو جێگایەی كە بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەكان تەرخانكراوە، گۆڤارێكی خوێندكارانی زانكۆم هەڵگرت بۆ ئەوەی بزانم لە زانكۆ و ژیانی خوێندكاران چ باسە. یەكێك لەو بابەتانەی كە سەرنجی ڕاكێشام دەربارەی پەیوەندی خۆشەویستی بوو لە نێوان قوتابیاندا. نوسەری بابەتەكە گلەیی ئەوەی دەكرد كە كچ و كورانی زانكۆ ئەوەندە بژاردەیان هەیە و هێندە ئاسانە كە كەسێك بگۆڕن بە كەسێكی تر ئەوا هەمیشە بە بیانوی ئەوەی ڕەنگە ئەمە قۆزتربیت لە ئەویتر، ئەمە جوانتربێت لە ئەویتر، ئەمە هاوڕێتی خۆشتربێت لە ئەویتر، یان هەر پاش بێزارییەك یان توڕەییەك، هاوەڵەكەیان دەگۆڕن. ئەوەی ئەم دۆخەی زیاتر وەها لێكردوە بوونی سۆشیال میدیا و سایتی تایبەت بە ژوانگرتن. ئەو ئەم دیاردەیەیی بە رەدوو كەوتنی پەپولە ناوزەد دەكرد. خۆشە دوای پەپولە بكەویت بەڵام لە دوا ئەنجامدا پەپولە دەڕوات.

ئەم دیاردەیە لە چەندین ئاستدا قەیرانی لیبرالیزم لە كۆمەڵگای ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا دەردەخات. یەكەم قەیران ئازادبوونی مرۆڤ لە هەموو رێگرییەكان لەوەی كە دەیەوێت لە گەڵ كێدابێت و چۆن و هەتا كەی. ئەم نەمانی بەربەستە بەشێكە لە سەركەوتنی لیبرالیزم، كە هەر لە سەرەتاوە ئامانجی ئەوەبوو كە ئازادی وەها پێناسە بكات كە بریتیە لە نەمانی بەربەست لە بەردەم خواستەكانی مرۆڤدا. 

لە هەمانكاتدا ئەم دیاردەیە خەسڵەتێكی تری لیبرالیزممان پێدەڵێت ئەویش هەبونی توانای بڕیاردان و ئازادی بڕیاردان لە لایەن تاكەوە بە بێ دەستوەردانی هیچ كەس و لایەن و هێز و بەهایەكی ترەوە، ئەم خەسڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ كانت یان رەوشنگەری كە ریزن یان عەقڵ بە بنەمای مامەڵەكردن دادەنێت و مرۆڤ بە كەسێكی خاوەن عەقڵ دادەنیت و عەقڵ و ئازادی پێكەوە دەبەستێت.

رەهەندێكی تری لیبرالیزم لەم دیاریدەیەدا ئەوەیە كە تۆلەرانس هەیە بەرامبەر هەڵسوكەوتی مرۆڤەكان لە هەناو كۆمەڵگادا. ئەگەر ئێمە بڕوامان بەوە هەبێت كە دەبێت ئازادی هەبێت و هەموكەسێك مافی ئازادی هەیە، ئەوا بۆ ئەوەی ئازادی فەراهەم بێت دەبێت توانای داننان بە جیاوازی و سنگفراوانیمان هەبێت بەرامبەر بە چۆنیتی مامەڵەی ئازادی مرۆڤەكان لە گەڵ ژیانی خۆیاندا. 

رەهەندێكی تر كە خێرا لەم دیاردەیەوە بۆمان دەردەكەوێت تاك-گەراییە. توانای عەقڵ و ئازادی و تاكبوون پێكەوەن. لە دایكبوونی تاك دیسانەوە خەسڵەتێكی هەرە تایبەتی لیبرالیزمە. دەرئەنجامی ئەمانە دەتوانین بڵێین كە لیبرالیزم جۆرێكی نوێ لە مرۆڤ، ژیان، مامەڵە و پەیوەندی بۆ مرۆڤ دروست دەكات. ئەم جۆرە نوێیە چیە؟

یەكەم گۆڕانكاری كە لیبرالیزم ئەنجامی ئەدات بریتیە لە گۆڕانی پێناسەی ئازادی، یان لیبرتی. پێش مۆدێرنە ئازادی بریتی بوو لە توانای مرۆڤەكان بۆ زاڵبوون بە سەر غەریزە و ئارەزوو و هەوەسیان. بە مانایەكی تر ئازادی بریتی بوو لە ئازادبوون لە خواست و غەریزەكان، چ لە رووی سێكسیەوە چ لە رووی ماددی و ئیگۆوە. هەتا ئەمڕۆ ئەم پێناسەیە لە ئاگایی گشتی كۆمەڵگای كوردیدا ئامادەیە. مرۆڤی ئازاد ئەوەیە كە خۆی ئازاد دەكات لە نەفسی، زۆرجار دەیبیستین. 

ئەم وەرچەرخانە لە پێناسەی ئازادی مرۆڤ لە بونەوەرێكەوە كە ئامانجی كۆنترۆڵكردنە دەگۆڕێت بۆ كەسێك كە نەهێشتنی كۆنترۆڵكردنە، یان نەهێشتنی بەربەرستە لە بەردەم غەریزەكانیدا. هەتا ئاستێك دەتوانین بڵێین كە ئازادكردنی غەریزە خراپەكانیش، وەك تەماح، چاوچنۆكی، ململانێ، خۆپەرستی، ئەمانە كە لە ئەنجامدا دەبنە بنەمای قەیرانی لیبرالیزم. وەرچەرخانێكی تر كە لیبرالیزم ئەنجامی ئەدات ئەوەیە كە تاك بەرهەم دەهێنێت لە بەرامبەر كۆمەڵگادا، هەموو قسە بەناوبانگەكەی تاتچەرمان لە یادە كە دەڵێت شتێك نیە بەناوی كۆمەڵگا. 

ئایا كۆمەڵگا پێویستە یان رێگرە، ئایا تاك لاواز دەكات یان بەهێز. لە سەرەتای هەڵكشانی لیبرالیزمدا كۆمەڵگا وەها بینراوە كە رێگرە لە گەشەی تاك یان دروستبونی تاك، بۆیە دەبێت كۆمەڵگا وەك رێگرێك لاببرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ ئازادی پیادە بكات. ئەمە ڕەنگە هەمان دیدی ئەوانە بێت كە ئەمڕۆ داكۆكی لە ئازادی دەكەن لە كۆمەڵگای وەك كۆمەڵگای كوردیدا. هەر لەم ڕوانگەیەوە دەوڵەت وەك رێگرێك دەبینرێت. لیبرالیزم هەمیشە شەڕی لە گەڵ دەوڵەتدا هەبوە و دەوڵەتی وەها بینیوە كە رێگرە لە بەردەم پیادەكردنی ئازادییەكانی تاك، بۆیە دەوڵەتی سنوردار، یان سنورداركردنی دەوڵەت هەمیشە كۆڵەكەیەكی سەرەكی لیبرالیزم بوە لە خەباتی چەند سەدەی ڕابوردوودا. 

دیارە ئەم بە قسەكردن لە سەر لیبرالیزم وەك ئایدەلۆجیایەك، نەك وەك سیستەمێكی دەوڵەتی و یان وەك نیزامێكی جیهانی یان وەك قوتابخانەیەكی پەیوەندی نیودەوڵەتی. هەوڵ ئەدەم لە داهاتوودا بۆیان بگەڕێمەوە. ئەوەی دەتوانرێت بە كورتی بوترێت ئەویە كە لیبرالیزم بریتیه لە ئازادكردنی مرۆڤ وەك خۆی، لە بڕی كێڵان و چاككردن و سنورداركردنی مرۆڤ. لە نوسینەكانی داهاتوودا دەگەڕێمەوە سەر ئەم ڕەهەندانە.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی