گورزی سێ قۆڵی لە سوریا

22/04/2018

بورهان شێخ ڕەئوف

بەرەبەیانی ڕۆژی 14 نیسان كاتێك خەڵكی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە شیرینی خەوی خۆشی بەیانیاندا بوون سەرۆكی ئەمریكا فەرمانی دا  كە گورزی سەربازی ئاڕاستەی سوریا بكرێت بە هاوبەشی لە گەڵ بەریتانیای مەزن و فەرەنسا بە بیانووی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی قەدەغەكراو دژ بە هاوڵاتیانی خۆی لە شارۆچكەی دۆما لە غۆتەی ڕۆژهەڵات نزیك لە دیمەشقی پایتەخت .

لێرەدا دەكرێت و زۆر گونجاوە پرسیارێك ڕووبەڕووی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی و  نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش بكەینەوە  ئەرێ بەڕێزان هەر چەند ڕۆژێك پێش ئەم كارەساتەی دۆما خۆدەوڵەتێكی دی چەكی كیمیاوی دژ بە خەڵكی عەفرین و شەڕڤانانی كورد لە ناوچەی عەفرین بەكارهێناو بەڕێزتان نقەتان لێوەنەهات لە كاتێكدا لە دۆما سەرچاوەكان باس لەوەدەكەن كە 12 كەس بوون بە قوربانی بەڵام لە عەفرین نزیكەی 250 كەس بوون بە قوربانی بەڵام هەمووی بە چەكی كیمیاوی نا بەڵكو چەكی تریش بەكارهات  ؟

بۆیە ناهەقی نیە بڵیێن ئەوە دووڕوویی ناداد پەروەری سیاسی سەرانی ئەو وڵاتانەیە بە رامبەر بە قەیران و ململانێكانی سوریا و ئاكامەكەی باش نابێت و كێشەو قەیرانەكان قووڵتر و خوێناوی تر دەكات .

ئەوپێگانەی  لە سوریا كران بەنیشان 
1. سەنتەرەكانی ی توێژینەوەی زانستی لە ناوچەی بەرزە لە دیمەشق و لە ڕیفی حەما  و تەلاری تاقیگەكانی زانستی لە جمرایا لە ڕیفی دیمەشق بە بیانووی بەرهەمهێنانی چەكی كیمیاوی .

2. فڕۆكەخانەكان و بنكە سەربازییەكان ئەوانیش لیوای 105 ی گاردی كۆماری لە لەشكری 4 زریپۆش و فڕۆكەخانەی مەزەی سەربازی و بنكە بەرگری ئاسمانی لەسەر چیای قاسیون و فڕۆكەخانەی شەراعی لە ناوچەی دیماس نزیك سنورەكانی لوبنان و فڕۆكەخانەی زەمیر نزیك لە حمس و چەندین گەنجینەی گرنگی تر .

بەرگرتن لە  ڕۆكێتەكانی هاوپەیمانان 
هەموو ئەمانە لەكاتێكدان سەرچاوەكانی هەواڵ باسی لەوە دەكەن كە نزیكە 70 ڕۆكێت لەو 103 ڕۆكێتەی ئاڕاستەی سوریا كراوە  خراوانەتە خوارەوەو بەرگرییەكانی سوریا نەیانهێشتووە بگەن بە ئامانجەكانیان .

هەرچەندە لەسەرەو ئاماژەم بەوەكرد كە پاساوی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەو گورزە سێ قۆڵیە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بوو بەڵام ڕووسەكان لەزاری ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیەوە ڕایانگەیاندبوو كە هیچ حاڵەتێكی بەركەوتنی چەكی كیمیاوی لەشاری  دۆما لە نەخۆشخانەكانی تۆمار نەكراوە و ئەوان لە گەڵ هەموو پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكانی ئەوێدا لێكۆڵینەوەو تاوتوێ یان كردووە .

لەلایەكی ترەوە ئیسرائیل پێشتر ئەو ناوەندو سەنترانەی بۆمبا باران كردووە بەتایبەتی لە بەرزەو جمرایاو هەروەها ئەو ناوەندەی بەرزە پێشتر لە بندەستی هێزە ئۆپۆزەسیۆنەكاندا بووە ڕژێمی ئەسەد لێ ی سەندونەتەوە لە ساڵی پێشوودا .

وادیارە ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی مەبەستیان لەم گورزە دانانی سنوورێكە بۆ هەژموونی ڕژێمی ئەسەد و لە هەمان كاتدا نامەیەكیشە بۆ ئێران و توركیا كە بزانن سنوورەكانی ئەوان كوێیە ئەوان بوارنادەن هێڵی سوور ببەزێنن چونكە ئەمان لە سەد ساڵی پێشوو واتە لە سایكس – بیكۆەوە تا ئێستا ناوچەی هەژموونی ئەمان بووە و ئێستاش ئەگەر ئەمریكا بەنیازە بكشێتەوەو  لە زوترین كاتدا لە سوریا ئەوا ئەمانیش  واتە بەریتانیا و فەرەنسا هێشتا چاوییان لە بەرژەوندییەكانیانە لەم ناوچە هەرچەندە تا ئێستا ڕاستەوخۆ نەهاتوونەتەناو ڕوداوەكانی سوریاوە.

خاڵێكی تری گرنگ كە دەكرێت لە سەری بووەستین لەم ئۆپەراسیۆنە سێ قۆڵیەدا ئەوەیە كە بنكەو بارەگاكانی سوپای ڕووسیا و ئێران لە سوریادا نەكرانە ئامانج ئەمەش وەكو هەندێك سەرچاوە باسی دەكەن ئەوەیە  كە ناوبژیوانی ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا بوو ە هەرچەندە خۆی لایەكی هێڕشەكە بوو لە نێوان ئەمریكاو ڕووسیا كە ڕووسیا هیچ كاردانەوەیەكی نەبێت و ئەمانیش چەند ئامانجێكی سوریا بۆمباو ڕۆكێت باران بكەن .

لە كۆتایید ا ئەوەی ماوە بیڵێم و گرنگە بەلامەوە  هەرچەندە پەلەپەلی ئەمریكای پێوە دیاربوو پێش ئەوەی  تیمەكانی پشكنین بگەنە دۆما و ڕاستی و درۆیی ئەو بابەتە یەكلایی بكەنەوە و بەریتانیاش بەشداربوو وەكو سزادانێكی ڕووسیا لە هەمبەر كوژرانی جاسووسە ڕووسەكە لە لەندەن , بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە نەی توانی تەرازووی هێز بگۆڕێت لە سەر گۆڕەپانی سوریا و بەتایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕژێمی ئەسەد توانی زۆربەی خاكی سوریا لە گروهە چەكدارە تیرۆریستەكان پاك بكاتەوە بە تایبەتی پشتێنی دیمەشقی پایتەخت  , و داگیركردنی عەفرین لە لایەن توركیا و بەكرێگیراوەكانی بە بێ ئەوەی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی هیچ كاردانەوەیەكی جدیان هەبێت  لە كاتێكدا كورد تاكە دۆست و هاوپەیمانی ئەوان بوو لە شەڕی تیرۆر و داعشدا .

بورهان شێخ ڕەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی