لە یاداوەریی فەیسبوکەوە: بەر لە پێنج ساڵ سەردەشت و ئایندە

03/05/2018

مەریوان وریا قانیع

”سەردەشت عوسمان بەر لە ئێمە، بەر لەوانەی ھێشتا زیندوون، دەگاتە ئایندە، دەگاتە ئەو شوێنەی تێکەڵێکە لە ئومێدی گەورە و بەرگریی بەردەوام، جێگەیەک ئینسان تیایدا ھەستدەکات ئینسانە، بوونەوەرێکە بە مەرجەوە دەژیی و بە مەرجەوە دەمرێت. ئەو مەرجەش تەنھا یەک بەھا پەرژینەکەیەتی و تەنھا ئەو بەھایە سنوورەکانی دیاریدەکات: بەھای ئازادیی. ئازادیی لە بیرکردنەوە و قسەکردن و نووسیندا، ئازادیی لەوەدا چۆنت بوێت وا بژیت و چۆنت بوێت وا بمریت.

یەکێک لەو ساتەوەختانەی تا دەمرم لەیادیناکەم ئەو شەوە بوو کە لەسەر شاشەی یەکێک لە تەلەفیۆزنەکانەوە یەکێک لە براکانی سەردەشت عوسمان باسی کتێبخانە بچووکەکەی سەردەشتی دەکرد و لەو کتێبانە ئەدوا کە ئەم پیاوە پڕ بەرائەتە دەیخوێندنەوە. لەو کتێباخانەیدا یەکێک لە کتێبەکانی منی تێدابوو. ئەگەرچی ھەردوو چاوانم پڕبوون لە فرمێسک، بەڵام ھەستێکی بێسنوور بە بەختەوەریی دایگرتم . چ نووسەرێک ھەیە ھەست بە بەختەوەریی ئەوە ناکات کاتێک دەزانێت ڕۆحێکی یاخیی و پاک و ئازادیی وەک سەردەشت عوسمان خوێنەری بووە.

ڕۆژێک دێت ئەم ڕۆحە ئازاد و یاخییە بچێتە ناو ڕۆحی ھەموو ئینسانێکی نیشتیمانی ئێمەوە، ئەوکات سەردەشت دەبێت بە بەشێک لە شوناسی ھەموومان، بە بەشێک لەو زمانەی قسەی پێدەکەین، لەو چەمکانەی بەھۆیانەوە خۆمان دەناسین و دونیای دەوروبەرمان لێکئەدەینەوە. تا ئەو ڕۆژەش من سەردەشت لەناو دڵمدا ھەڵدەگرم".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی