تڕو تفاق

04/05/2018

هێمن عەبدولقادر

لە دوای ساڵی (١٩٩١) وەفدێكی یوئێن لەگەڵ چوار موتەرجیم چووبوونە بارەگای یەكێك لە حیزبە كوردستانیەكان ، وەفدەكەی یوئێن ووتبویان چیتان پێویستە بۆتان دابین بكەین ، بەرپرسی بارەگاكەش ووتبووی (داوا لە یوئێن ئەكەین هەنێك تڕوتفاقمان بۆدابین بكات)

بە چوار موتەرجیم هەرچەندیان كردبوو نەیانزانیبوو چۆن بۆ وەفدەكەی تەرجەمە بكەن كە بە ئینگلیزی (تڕوتفاق) ئەڵێن چی.

من نزیكەی دووساڵیش ئەبێت یەك ووشەم لەسەر سیاسەت نەوتووە تەنانەت لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەیەكانیشدا بە یەك ووشەش بەشداریم نەكردووە ، ئێستاش ئامادە نەبووم ئەم چەند دێڕە بنووسم ، وەلێ هەرچەند بیرئەكەمەوە ئێمە لە ئێستادا لە هەموو شتێك گرنگتر ئەوەیە كە پێویستیمان بە ڕێكخستن و بەهێز كردن و نەپچڕانی (تەونی كۆمەڵایەتی) هەیە ، كە بەداخەوە رۆژ بەڕۆژ بەرە و پچرانی یەكجارەكی ئەچێت

بەڵام هەرچەند ئەكەم وەك موتەرجیمەكان نازانم چۆن بەو خەڵكە بڵێم مەبەستم لە نەپچڕانی ئەو تەونە كۆمەڵایەتیە چیە؟

عەزیزی من ، سەرۆكەكان هەموویان ئەڕۆن ، بەڵام مناڵەكانی ئێمە هەتا هەتایە لەسەر ئەم خاكە پێكەوە ئەمێننەوە.

هەڵبژاردنەكان تەواو دەبن و ئەوان سواری فڕۆكە ئەبن و پێكەوە تكت ئەبڕن و سەفەر ئەكەن و لەسەر یەك كورسی بەتەنیشت یەكەوە دائەنیشن ، وەلێ من و تۆ لە ماركێت و مۆڵ و كافتریاكان كە یەكتری ئەبینین ئەبێت ڕوبكەین بەودیوا

ئەوان دەڕۆژی تر هەموویان دەست ئەكەنە ملی یەك و لە یەك قاعەدا پێكەوە وێنە دەگرن ، وەلێ من و تۆ ، ئەبێت لە قاعەی حەفلە و لە قاعەی كۆنفرانس و لە قاعەی زانكۆ مۆڕە لەیەكتری بكەین

(خودا وەند دنیای بەڕەنگاو ڕەنگی دروست كردووە ، ئیتر چۆن قبوڵ دەكات ئێمە بەتەنها ڕەنگێكمان خۆش بوێت ، ئەوەی كە بەتەنها یەك ڕەنگ و یەك ئایدۆلۆژیا و یەك نەتەوە و یەك مرۆڤ و یەك كتێبی خۆش دەوێت لە راستیدا هیچیانی خۆش ناوێت )

ئەوان هەموویان ئەڕۆن بەڵام قەرار وایە من و تۆ و مندالەكانمان هەتا هەتایە لەسەر ئەم خاكە پێكەوەبین ، ئەگەر تێگەشتن و تەرجەمە كردنی ئەو دۆخەش قورسە ، ئەوا بەزمناێكی تر پێش ئەوەی پێویستمان بە تڕوتفاقی سیاسی بێت ، پێویستیمان بە هەنێك تڕو تفاقی كۆمەڵایەتیە.

هێمن عەبدولقادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی