بۆچی دەبێت بەشداری هەڵبژاردن بكەین؟

04/05/2018

كامەران سوبحان

ئەوانەی ساڵانێكە دادو بێدادیان لەدەست كۆمەڵی دەموچاو و ستافی شكستخواردوو، بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن دەتوانێ لانیكەم، دەرفەت بداتە كەسانێكی تر، بۆ نوێنەرایەتیكردن. كە رەنگە لە ڕابردوودا، گەر سەدەرسەد سەركەوتوو نەبووبن، بەڵام دژ بە بیروباوەڕی خۆیان و پەیمان و داواكاریی خەڵك نەبوون.

بایكۆت و نەڕۆشتن بۆ هەڵبژاردن، پرۆسەی دیموكراتی و گۆڕانكاریی سست دەكات، هەڵبژاردن، زەوتكردنی مافێكی سەرەتایی هاوڵاتییە، نابێت هاوڵاتی خۆی ئەو مافە لەخۆی زەوتبكات.!

بەردەوامیی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیداو بەشداریی زۆرینەی هاوڵاتیان، وادەكات ڕۆژ بەڕۆژ دەستاودەستی دەسەڵات ئاسایی بێتەوەو دەنگی هاوڵاتی بتوانێ گۆڕانكاریی بكات. چ لە عێراق، چ لەكوردستان بەراورد بەڕابردوو، هەڵبژاردن گۆڕانكاریی كردووە. گەر سەیری مۆزایكی حوكمڕانیی و ژمارەی كورسییەكان و دەنگی ناڕەزایی شەقام بكەیت، ئەم وێنەیە بەروونی دەبینرێت.

ئەوانەی بەشداریی هەڵبژاردن ناكەن، شەرعییەت دەدەن بەو(واتە واتە)ی كە هەندێ حیزب لەناو خەڵكیدا درووستیان كردووە، گوایە(ساختەكاریی دەكرێت، ئامێرەكان هاك دەكرێت، دەنگ دەسوتێنرێت) بەڵام لەماوەی رابردوودا، دەركەوت دەنگی خەڵك و تەنانەت (١كورسی پەرلەمان)چ هاوسەنگییەك دەگۆڕێت و دەتوانێ چ كاریگەریی هەبێت.!

من وەك هاوڵاتی و وەك نووسەرێك، ڕۆژی دەنگدان دەچم و دەنگ دەدەم بە لیستی ١٤٢ی بزوتنەوەی گۆڕان. ... گەر كەسێ بپرسێ بۆچی دەنگ دەدەم بە گۆڕان؟چونكە:

لە دوو خولی پەرلەماندا، چ لە كوردستان، چ لە عێراق، نوێنەرەكانیان هەڵەیان هەبووە، تاك و تەرا هەیان بووە، خلیسكاوە، بەڵام لەكۆی سیاسەتی گشتیدا، ئەو پرنسیپ و بیروباوەڕانەی هەڵیانگرتووە، بە مو لایان نەداوە.!

وەك نووسەرێك، لە ٢٠٠٩ەوەو لە كاتی درووستبوونی گۆڕان، پشتیوانی خۆمم بۆ دەربڕیی، چەند مانگێ پاش ڕۆشتنی فراكسیۆنە ٢٥ ئەندامییەكەی پەرلەمانی كوردستان، وتارێكم نووسی، بەناوی"كەس ئەو تەرمە نەنێژێ!" پوختەی وتارەكە ئەمە بوو(وەك نووسەرێ، پشتیوانی ئەم بزوتنەوەیە دەكەم، داواكارم نووسەران و ڕۆژنامەنووسانیش بە دەستێ پشتیوانی گۆڕان بكەن و بەدەستێ لێی بدەن، لانیكەم بۆ ئەوەی گۆرانیش نەبێت بە یەكێتی و پارتی.!) تا ئێستاش لەسەر ئەو ئایدیایەی ئەو نووسینەم سوورم.!

لەبارەی بارودۆخی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان، پاش مەرگی كاك نەوشیروان مستەفا، دیسانەوە كۆمەڵێ ڕەخنەو سەرنج و تێبینیم هەیە و نەمشاردووەتەوە، بەسوپاسەوە ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و زۆربەی بەرپرسانی بزوتنەوەكە بە ڕۆحێكی مەدەنییەوە لێیان وەرگرتووم، بەتایبەتیش سەبارەت بە "گوتاریی سیاسی و میدیای گۆران و شێوازی كاركردنی گۆران.. بەڵام كە سەیری گۆرەپانی سیاسییش دەكەین، هیچ حیزب و جوڵانەوەیەكی سیاسی نابینم هێندەی گۆران ڕاستگۆ بێت لەگەڵ خەڵك و دەنگدەرو بیروباوەرەكەیدا، بۆیە بەو پەڕی باوەڕمەوە، بە زمانی خۆم و دوور لەبرینداركردنی هیچ كەس و لایەنێك، لەم هەڵبژاردنەشدا، كار بۆ سەرخستنی لیستی ١٤٢ی بزوتنەوەی گۆران دەكەم.

كامەران سوبحان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی