پێویستە پێش لە پارتی بگرن!

05/05/2018

 

پارتی سیاسی لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست بووە یان دروست دەبێت  ببێت بە پرد لەنێوان خەڵک و دەسەڵات، بۆئەوەی بەردەوام بەرژەوەندیە گشتیەکان بەبنەما بگرێت و بەپێ ی پێوەرو پێویستیەکان کاربکات بۆ سیستەمێکی سیاسی سەردەمیانە کە ماف و ئازادیەکان تیایدا پارێزراوبن.
ئەوەی ئەمڕۆ سەیری بارودۆخی هەرێم بکات بێ شک ئەوەی بۆ ڕون دەبێتەوە کە نە پارتی سیاسی هەیە نە ڕەچاوکردنی پێویستیەکانی خەڵک، بەڵکو ئەوەی هەیە دروستکردنی دۆخێکە کە یەک هێزی سیاسی خۆسەپێن بەپێ ی بۆچون و بەرژەوەندیەکانی بنەماڵە بەڕێوەی دەبات، هەموو ئەوانەشی خۆیان بەم دۆخە هەڵواسیوە کە پێیان وایە بەشدار و شەریکن هیچ نین جگە لە پاشکۆیەک کە پارتی لەڕێگەی کۆمەڵێک پشکەوە کردونی بە پشتێنەی پاراستنی خۆی،لەکاتێکدا هەموو پارتە سیاسیەکانی تر وا پیشانی دەدەن کە هەڵگری دنیابینی و پڕۆژەی پێشکەوتوی جیاوازن، لەکاتێکدا پشت ئەستوری پارتی لە پێشێلکاریەکان لەو بێدەنگی و بێباکیە دەست پێدەکات کە ئەو پارتانە بە بەردەوام هەیانە ، وە بەشدار و شەریکن لەو دەسەڵاتەی کە ئامادەیە دەست بۆ هەموو سەروەری و سنورێک ببات.

دڵنیابن ئەمڕۆ هەموتان لەبەردەم بەرپرسیاریەتی گەورەی مێژویدان، وە دەبێت تێبگەن لەوەی چی تر چاوەڕوانی چارەسەرنیە، من دەپرسم پشتگیری و مانەوەتان لەو دەسەڵاتە لە پایی چیە؟ لەپێناو پاراستنی ئازادی و ئینسانەکانە یان شەفافیەت و سەروەری یاسا و دادپەروەری و قوت و قازانجی خەڵک؟ 
ئەم خۆ خەڵەتاندنە خزمەت بە خۆتان نەبێت بەکەس ناکات، کاتی ئەوە هاتوە سنورێک بۆ پێشێلکاریەکانی پارتی دابنێن، مەبەست پەراوێزخستنی نیە بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەم مۆدێلەیە لە میرنشینی حیزبی و داڕشتنەوەی پڕۆسەی سیاسیە بەشێوازی پێشکەوت و مۆدێرن.
ئەوەش کاتێک دەکرێت دوربکەونەوە لەو گوێڕایەڵیەی کە هۆکاری هەموو گرفتەکانە، وە پێویستە وەک پارتی سیاسی خاوەنی ئیرادەی خۆتان بن و ناوەندێکی بەهێزی بڕیار دروست بکەن کە خواست و داخوازیە دیموکراتیەکانی خەڵک تیایدا دەسەڵاتداربێت، چی تر چاوەڕێ مەکەن مێژوو ململانێتان بۆبکات چونکە دەمێکە خەڵک لەپێناو ئەم وڵاتەدا خەبات دەکات و خوێن دەڕێژێت، بۆیە هەرچی زووە بڕیاربدەن بۆ دەربازبون لەم قۆناخە ئەگەرنا هەم میللەت و هەم مێژوو بەجێتان دێڵێت.
سامان ساڵح رەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی