بۆ ناڕازی‌و ڕەخنەگرەكان دەبێت دەنگبدەن؟

08/05/2018

شێرکۆ کرمانج

ئەمڕۆ لە ڕادیۆی نیشتیمانیی (National Radio) ئوسترالی گوێم لە بەرنامەی بیرۆكە گەورەكان (Big Ideas) دەگرت. لە بەرنامەكە فەیلەسوفی ناودار پیتە سینگە (Peter Singer) قسەی دەكرد. سینگە فەیلەسوفێكی ئوسترالیە بەڵام لە زانكۆی پرینستنی ئەمریكی وانە دەڵێتەوە. ئەو فەیلەسوفە پسپۆڕییەكەی بواری ڕەفتار و ئەخلاقە (moral and ethics). 

لە بەرنامەكە پرسیاری ئەوەیان لە سینگە كرد كە داخۆ ئەو ئەو كەسانە بە ڕاستدەزانێ كە دەڵێن ئێمە نامانەوێت منداڵمان ببێت چونكە دنیا كەمئەخلاق بووە، یان بەرەو بێئەخلاقی (immoral) دەڕوا، هاوكات ژینگە بەرەو وێرانی دەچێت لەئاكامی زیادبوونی ژمارەی دانیشوان‌. لە درێژەی پرسیارەكە گوتیان ئەو كەسانە دەڵێن ئێمە نامانەوێت منداڵێكمان ببێت كە لە كۆمەڵگەیەكی كەمئەخلاق یان بێئەخلاق گەورەبێت‌ ببێتە بارێكی قورس بەسەر ژینگە. پیتە سینگە لە وەڵامی ئەو پرسیارە گوتی، ڕاستە من پێموایە كە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان بارێكی قورسی بەسەر ژینگە دروستكردوەو ئەگەر ئەخلاقیەن بیر بكەینەوە لەوانەیە باش نەبێت كە منداڵمان ببێت. ئەو گوتیشی، بەڵام ڕاستیەكە ئەوەیە كە منداڵ لە دایكدەبن‌و ژمارەی دانیشتوان زۆر دەبن، بۆیە پێموایە ئەو خێزانانەی كە ئاوا لە ڕوانگەی ئەخلاقیەوە ئەو پرسە دەبینن واچاكە لێگەڕێن منداڵیان ببێت چونكە ئەگەر ئەوان منداڵیان نەبێت ئەوە منداڵی ئەو خێزانانە زۆر دەبن كە خەمی ئەخلاقیانەی ژینگەو مرۆڤایەتیان كەمترە یان هەر نیە، ئەوكات منداڵی كەمئەخلاقەكان یان بێئەخلاقەكان زۆر دەبن كە ئەگەری هەیە وەك ئەو خێزانەی لێی پەروەردەبوون كەمتر گرنگی بە ئەخلاق‌و پرسە ئەخلاقییەكان‌و ژینگە بدەن، هاوكات منداڵی ئەو خێزانانەش كەم دەبن یان هەر نامێنن كە لەو ڕوانگە ئەخلاقییەوە پرسەكانی ژینگەو مرۆڤایەتی دەبینن. ئەوكات ژینگەو مرۆڤایەتی زەرەردەكەن. 

من لێكچوونێك لەنێوان دەنگنەدانی كەسە ناڕازی‌و ڕەخنەگرو توڕەكان لەگەڵ ئەو كەسە خەمخۆرانەی ژینگەو مرۆڤایەتی دەبینم، كە پیتە سینگ هانیدان منداڵیان بێت. من پێموایە كە كەسە ڕەخنەگرو ناڕازی‌و توڕەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی لە كەسە هەرە دڵسۆزو خەمخۆرەكانی كۆمەڵگەی ئێمەن، بۆیە ئەگەر ئەوان دەنگ نەدەن ئەوە شانسی ئەو كاندیدانە زۆرتر دەبێت كە كەسانی كەمتر خەمخۆرترو دڵسۆزتر دەنگیان پێدەدەن. ئەوە بەو مانایە نیە كە ئەو كەسانەی كە دەنگدەدەن خەمخۆرو دڵسۆز نین بەڵكو بەو مانایەیە كە ئەگەر كەسە ناڕازی‌و ڕەخنەگرو توڕەكان بەشداری هەڵبژاردن بكەن ئەوە شانسی دەرچوونی كاندیدە باشەكان لە كاندیدە كەمباشەكان یان خراپەكان زیاتر دەبێت. 

بۆیە من پێموایە كە كەسە ناڕازی‌و ڕەخنەگرو توڕەكان پێش هەموو كەسێك دەبێت بەشداری دەنگدان بكەن‌و هانی خەڵكی دیكەش بدەن كە دەنگ بدەن بە كاندیدە باشەكان. لێرە حەزدەكەم دوو شتی دیكەش بڵێم ئەوانیش ئەمانەن: 

یەكەم، دەبێت كوردستانیان لەوە بگەن كە ئەوەی لە كوردستان هەیە، هەڵبژاردنە، واتە بەشێك لە پڕۆسەی دیموكراسی نەك تەواوی دیموكراسی. دەبێت ئەوەش بزانن كە پڕۆسەی دیموكراسی (ئەوەی بە دیموكراتازەیشنیش ناودەبرێت) بەبەردەوامبوونی پڕۆسەكە چاكترو باشتر دەبێت نەك بە پچڕاندنی. بەشدارینەكردن پچڕاندنی پڕۆسەكەیە. 

دووەم، دەبێت ئەوەش بڵێم كە پڕۆسەی دیموكراسی پڕۆسەیەكی درێژخایەنە، دیموكراسخوازان دەبێت پشودرێژبن‌و كۆڵنەدەن.

شێركۆ كرمانج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی