بەرەی نەرم‌و بەرەی ڕەق

16/05/2018

سەردار عەزیز

ئەمڕۆ لە كوردستان نەخشەی هێزەكان بەرەو ئەوە ئەچن كە ببن بە دوو بەرەوە: بەرەیەك كە خاوەن هێزی ڕەقە، كە لە چەكدا خۆی دەبینێتەوە، بەرەیەكی تر كە خاوەن هێزی نەرمە. بەرەی هێزی ڕەق مێژووی هەیە لە بەكارهێنانی ئەم هێزە بۆ ئامانجی خۆی بەرامبەر هێزەكانی تر. بەرەی نەرم وەك مێژوو و وەك مۆدێل نوێن.

ئەم دوو جۆرە هێزە زیاتر بە جۆری ئامرازەكانیاندا دەناسرێنەوە بۆ سیاسەتكردن. ئامرازەكانیشیان توانا و دید و ئامانجیان دیاری دەكات. 

ئایا ناچاری وەها دەكات كە بەرەی هێزی ڕەق و بەرەی هێزی نەرم ببن دوو بەرەی جودای ركەبەر؟ یان هێزی ڕەق نەرم ناچار دەكات ڕەق بێت، ئەمە ئەركی سەرەكی ئەو لایەنانەیە كە خاوەن هێزی ڕەقن، كە نەهێڵن ڕووبدات چونكە پێش هەموو لایەك ئەوان لێی زەرەمەندن. ئەگەر هەموو هێزێك بوو بە خاوەن میلیشا و لەبچوكترین كێشە رووبەرووبونەوەی چەكداری دروست بێت ئەوا، كوردستان لە یەمەن و سۆماڵی خراپتری لێدێت.

بۆیە كوردستان لە ئێستادا لە هەموو ساتێكی تر زیاتر پێویستی بە بوونی ئەم دوو بەرەیە . 

پێویست ناكات بەرەی نەرم یەكبگرن یان دونیا بینیییان بكەن بە یەك، چونكە هەریەكەیان خاوەن ئایدەلۆژیا و باوەڕێكی جیاوازن، بەڵام دەتوانن لە پێناوی بەرهەم هێنانی هێز (مەبەستم هێزی نەرم)، هەوڵی ئەوە بدەن پلاتفۆرمێك پێكبهێنن بۆ نمونە هاوپەیمانییەكی پەرلەمانی دروست بكەن، شاندێكی دانوستان، نوێنەری دیپلۆماسی و زۆر بواری تر.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی