ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی عیراق و كاردانه‌وه‌كان

21/05/2018

ئارام هادی

*پێشه‌كی
دواجار ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌مانی عیراق بوه‌ وێستگه‌یه‌كی گرنگ بۆ گۆڕانكاری له‌ سیسته‌می سیاسی عیراقدا, كه‌ لێكه‌وته‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش ده‌گرێته‌وه‌, به‌وحوكمه‌ی پێكهاته‌كانی ناو عیراق دابه‌ش بون به‌سه‌ر هه‌ژمونی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهاندا, ئه‌مه‌ش واده‌كات زلهێزانی ناوچه‌كه‌ و جیهان هه‌ریه‌كه‌یان كه‌م تا زۆر به‌شی دیاریكراوی خۆی له‌پێكهاته‌كاندا هه‌بێت, گه‌مه‌كه‌ له‌مێژه‌ ده‌ستی پێكردوه‌ و له‌دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌ چڕترده‌بێته‌وه‌ و ئێستاش ساتی چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانه‌ بۆ زلهێزه‌كان به‌پله‌ی یه‌كه‌م  "ئه‌مریكا. ئیران" نه‌ك گه‌لانی عیراق!!. 
*لیسته‌عیراقیه‌كان
جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نیه‌ كه‌ "لیستی سائیرونی موقته‌داسه‌ر ببێته‌ براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چونكه‌ ئه‌و پێشتریش به‌ بونی چل كورسی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ناو هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی بو له‌سه‌ر ئاستی عیراق", ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ "گۆڕینی بیر و ڕای سیاسی و ئاینی ناوبراوه‌ كه‌ به‌نیازه‌ حه‌وزه‌ی علمی شیعی له‌ قومی ئیرانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ نه‌جه‌فی عیراقی و گۆڕینی تێڕوانینیه‌تی له‌ كوشتنی مارێنزی ئه‌مریكیه‌وه‌ له‌ڕابردوودا بۆ  نزیكبونه‌وه‌ی له‌ ئه‌جێندای ئه‌مریكی له‌ئێستادا", هاوكات هه‌ردوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان لیسته‌ عیراقیه‌كان سه‌رقاڵی دروستكردنی هاوپه‌یمانی به‌هێزن بۆ دروستكردنی كابینه‌ی نوێی عیراق, به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كه‌ ئێستاش شه‌ڕه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هاك و گزیكاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا, ئه‌مه‌ش له‌داوجاردا واده‌كات كابینه‌ی داهاتوی عیراق نزیكتربێت له‌ ئه‌مریكا نه‌ك ئیران, 
*لیسته‌ كوردیه‌كان
پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایه‌نه‌ و به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌كانیتر  به‌نیازی سه‌ردانی بغدادن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتوو, هه‌رچی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیشه‌ له‌یه‌ك كاتدا دوو وه‌فدی پێكهێناوه‌ یه‌كه‌م بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی كورد و یه‌كگوتاری لیسته‌ كوردیه‌كان  بۆئه‌وه‌ی به‌یه‌ك تیم بچنه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لیسته‌ براوه‌كانی عیراق بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو, دووه‌م بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لیسته‌ عیراقیه‌كان, ئه‌و هه‌نگاوه‌ی پارتی ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ و خه‌ته‌ریاتی گه‌وه‌ر دروست ده‌كات له‌سه‌ر یه‌كگرتویی كورد ئه‌مه‌ش واده‌كات ئیدی له‌ داهاتوودا كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ عیراقدا له‌بغدادیش لێكترازاوبن. 
*لیسته‌ ناڕازیه‌كان چی بكه‌ن؟
چڕكردنه‌وه‌ی گزیكاری له‌ سلێمانی و خه‌تاباركردنی یه‌كێتی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ی سیاسی و ئیداری و نه‌ته‌وه‌یی كورد ناكات, وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ولێر و دهۆك هاوكات له‌گه‌ڵ پارێزگاكانیتری عیراق شامی شه‌ریف بێت, ئه‌مه‌ دواجار ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ بچوككردنه‌وه‌ی خۆیان و لێكترازانی زیاتری ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان بڕی ئه‌و دیوی دێگه‌ڵه‌ ناكات, هاوكات ته‌نها ناوچه‌ی سلێمانی زیاتر ناشیرن ده‌كه‌ن, هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردوه‌ پارتی فرسه‌ت بێنێت و تاك لایه‌نه‌ بچێته‌ بغداد بۆ گفتوگۆكردنی كابینه‌ی داهاتوو وه‌ چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی زیاتری حزبی بۆ خودی خۆی, ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌ ناڕازیه‌كانی سلێمانی نیگه‌رانیه‌كان خاو بكه‌نه‌وه‌ و ده‌رفه‌ت دروست بكه‌ن بۆ هه‌ماهه‌نگی و یه‌كگرتویی و یه‌كگوتاری و به‌یه‌ك تیم ڕووبه‌ڕووی لیسته‌ عیراقیه‌كان دانیشن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتوو, چونكه‌ ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌یبینین له‌ ڕاگه‌یاندنی لایه‌نه‌ ناڕازیه‌كانه‌وه‌ گه‌ر له‌ بێ‌ ئاگایش بێت خزمه‌ت به‌ ئه‌جێندای پارتی و توركیا ده‌كات بۆیه‌ ڕاگرتنی زۆر پێویسته‌. 
*دواجار
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی عیراق له‌ سه‌روی ئیراده‌ی عیراقیه‌كانه‌وه‌ بڕیاری لێدراوه‌ و یاریه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر و مه‌ترسیدارتره‌ كه‌ بیری لێده‌كرێته‌وه‌, شه‌ڕه‌كه‌ شه‌ڕی نێوان ئه‌مریكا و دۆسته‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ ئیران و دۆسته‌كانی, ئیدی هه‌ڵمه‌تی ناشیرنكردنی یه‌كتر ڕاگرن  و بیرێك له‌ خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ بكه‌نه‌وه‌, تانه‌بینه‌ ساحه‌ی جه‌نگی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان!!.

ئارام هادی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی