تەمەناو هەڕەشە !

23/05/2018

عەلی كەریمی

هاتنی بریت مەكگۆرك وا بە پەلە بۆ لای كورد بە رازی و نارازییەوە لە هەڵبژاردنەكان دیارە بۆ وەیە كورد بە هەردوو باڵی دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنەوە رازی بكات بۆ چووونەوە بۆ بەغدا و دیسان پێكهێنانی حكومەتێكی تری بەغدا .

ئەم هاتنە بە دڵنییایی تەمەنای تێدایە لە بەرەی كوردی بێ پارتی و یەكێتی واتا هەموو نارازییەكانی هەڵبژاردنەكانی ١٢ی مانگ، واتا پێیان دەڵێ ئەنجامی كۆمیسۆنی هەلبژاردنەكان قەبول كەن و بە بەشی خۆیان رازی بن و رەنگە وەعدی وەش بدا لە دابەشكردنی پۆستەكان قەربوویان بكاتەوە. ئەمریكا نیازی ئەوەیە هەرچی زووتر حكومەتی بەغدا لە ژێر هێژمۆنی تەیاری سەدر كە وا دیارە دژی مانەوەی ئیرانە لە عێراق پێك بێنێت .

ئەمریكا بە هەرەشە بێ یان بە تەمەنا كورد بە عام رازی دەكا بچنەوە بۆ بەغدا و بەشداری حكومەتی بەغدا بكەن كە قەرارە لە ژێر دەسەڵاتی سەدر پێك بێت، ئەوەش هەمووی بۆ ئەوەیە پێش مانگی ئاب كە تەحریمەكانی بەشی یەكەم دژی ئێران دەست پێدەكات، عیراق ئامادە كرابێ و دەستی ئیرانیان لە بەغدا كورت كردبێتەوە .

لە هەل و مەرجی ئاوادا ئەمڕۆ كورد پێویستی بە دیپلۆماتكار و دانوستكاری بە ئەزموون و ژیر هەیە، حەقە سەركردەكانی كورد ئەم راستییە بزانن و زۆر هەرزان و گوێرایل نەبن و خۆیان بە ئاسانی بەدەستەوە نەدەن .

ئەگەر بۆچوونەكان ئەوەن كە حكومەتێكی دژی ئێران قەرار بێ لە بەغدا شكل بگرێت، جێی گومان نییە دەبێ هەموو كورد پێشوازی لێ بكا لە گەڵ لەبەر چاوگرتن و پێداگریان لە هەموو مافەكانی كورد لە عێراق  .

لە مانگی ئابەوە هەموو نیشانەكان بۆ ئەوە دەچن حكومەتی ئاخوندی ئێران بخرێتە سەر ئەژنۆ، لە پێشدا بە چەكی ئابووری و كەم كردنەوەی هەناردەی نەوت و ئەرزی بیانی واتا دولار لە ئێران حكومەت ئیفلج بكەن و دواتر بە هەموو كەرەسەكانی  تەحریم و حەسار خستنە سەر حكومەتی ئێران، بزماری كۆتایی لەم تابوتە نگریسەی مەلایان بدەن  و هەرەشە 12 خاڵەكەی دۆینێی پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەموو دەلالەت لە وە دەكا عومری كۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر هاتوە.

عەلی كەریمی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی