ڕیفراندۆمێكی تر

27/05/2018

هونه‌ر تۆفیق

هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێراق ، بەدەر لەنەخشە ئیقلیمیەكەی وڵاتانی دەرەكی لەناو عێراقدا . نەخشەیەكی سیاسی تری نێوخۆیشی لەنێوان كورد و عێراقدا داڕشتەوە . 

ئەوەی كورد لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە فاشیلەكەی ٢٥ ی سێپتەمبەردا لەدەستی دا ، لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستی هێنایەوە . 

هەڵەیەی كورد لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییەكەیدا ئەوەبو تاك لایەنە ئەنجامی دا و گوێ ی بەبەشداری و ڕای پێكهاتەكانی دیكەی ناوچە كێشە لەسەرەكان نەدا ، عەرەب و توركمانەكان بایكۆتیان كرد . بەوەش نا شەرعی بوونی ڕیفراندۆمەكەی لێكەوتەوە چ لەلایەن عێراقەوە یان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە . ئەمجارەیان كورد لە هەڵبژاردنەكەدا بەڕێژەی لەسەدا پەنجا زیاتر شەرعیەتی كوردبوونی خۆی لەو ناوچانە وەرگرتەوە . 

تا ئێرە هەڵبژاردن و ئەنجامەكەی لەو ناوچە كێشە لەسەرانە پرۆسەیەكی سیاسی و دەستوری عێراقیە . چۆنیەتی حكومەت و دەستەڵاتی سیاسی لە عێراقدا دیاری دەكات . بەڵام لەئەنجامە كوردیەكەیدا لە ناوچە كێشە لەسەرەكاندا وەك كەركوك ، موسڵ ، شەنگال ، خانەقی و هتد ، واقیعێكی سیاسی نوێ نیشانی كورد و تەرەفی بەرانبەری ئەدات . لەو واقیعە تازەیەوە پێویستە كورد بەهەمان ڕێچكە و عەقڵیەتی ڕابردوودا نەڕواتەوە كە لەسەرەتای كەوتنی كۆمارەكەی سەدامەوە خواستی كوردی جیابوونەوە و جیاكردنەوەی ئەو ناوچانەبوو بەلای هەرێمی كوردستاندا . لەم واقیعە تازەیەوە كە لەپاش فەشەلی ڕیفراندۆمەوە هاتۆتە پێشەوە ، دەبێت كورد پرۆژەیەكی نوێ ی هەبێت ، لەئاست ئەم شانسە نوێ یەدا بێت لەو ناوچانەدا . تەنانەت قەوانی مادەی سەد و چلی دەستوری عێراقیش هاوتا و هاوشانی ئەم دابەشكردنەوە نوێ یە نیە . لەبەر ئەوە گۆڕانكاری ڕیشەی لە سیاسەت و دید و بۆچی كوردیدا بۆ ئەو ناوچانە دەبێت ئەولەویەتی سیاسەتی سەركردایەتی كورد بێت بەهەموو پارتە سیاسەكانی كوردستانەوە .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە