ئەم فاشیەتە بەرەو کوێمان ئەبات

13/06/2018

عەدنان عوسمان


ئەمرۆ لە تی ڤی رەسمی یەکێتیەوە، گوێم لە چەند ئەفسەر و بەناو پێشمەرگەیەک بو، بە نەشیاوترین وشە، دژ بەو لایەنانەی داوای عەدالەت ئەکەن ئەدوان، لەنێو ئەوانیشدا دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح پشکی شێری بەرکەوت لە هێرشی نا ئەخلاقی و ناسیاسیانەی پڕ لە تەشهیر و بوختان و تەخوین. هاتنە دەرەوەی ئەو دەستەواژە قێزەون و مەترسیدارانە لەدەمی کەسانێک کە چەک بەدەستن، کەسانێک کە فەرماندەن و چارەنوسی هەزاران کەسی چەکداریان بەدەستەوەیە، بێ هیچ سڵەمینەوەو بەربەستێک، کوردستان بە گشتی و سلێمانیش بەتایبەتی بەرەو ئاسۆیەکی تەڵخ و تاریک ئەبات.
ئەمرۆ کە گوێم لەوهێرشە پڕ لە رق و بوغزانەبو، بیری ئەو رۆژانەم کەوتەوە کە لە پەرلەمان، دوای روداوەکانی ۱۷ شوباتی ۲٠۱۱، ئێمەی ئۆپۆزسیۆن، بە توندی رەخنەمان لە کابینەکەی د بەرهەم ئەگرت و داواشمان ئەکرد متمانەیان لێ بسەندرێتەوە. ئەو شەوە د بەرهەم تەلیفۆنی بۆ کردم و وتی "بەڕاستی رەخنەکانتان زۆر رەق بو، بەڵام زۆربەی حەق بو، من لە توڕەیی ئێوە تێئەگەم بەڵام لای منیش دیوێکی تری راستی و ئەحداسەکان هەیە".
لای من ئەوە ئاماژەیەکی رونە بە دوو رەفتار و کردار و عەقڵیەتی جیاواز و تەنانەت دژ بەیەک.
فاشیەتێک کە لە پشتی چەتەو مافیاگەلێکەوە لێرە خەریکی تەشەنەسەندنە، رێز بۆ هیچ جیاوازیەک و دیدگایەکی ناکۆک دانانێت و ئامادەیە تەنها بە چەک و تەخوین و سەندنەوەی ناسنامەی نیشتمانپەروەری، روبەروی نەیارە سیاسیەکانی ببێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە هێشتا ئارەقەی پڕ لە شەرمەزاری نیشتمان فرۆشتن و دزی و گزیان لە پرۆسەی دەنگداندا، تنوک تنوک لە ناوچاویان دێتە خوار.
دەبێ هەمو ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر و دیموکراسیخوازێک، ئەو هێرشە ناڕەواو و دور لە هەمو بەهایەکی ئینسانی و نیشتمانی، کە دەکرێتە سەر رابەرانی لیستی نیشتمان و بەتایبەت گۆڕان و هاوپەیمانی و کۆمەڵ و بەتایبەتتر د بەرهەم، ریسوا بکەن و وەک شەپۆلێکی فاشیستی وێنای بکەن و بە هەمو شێوازێکی سیاسی و مەدەنی وقانونی دژی بوەستنەوە.
چارەنوسی ئەم فەریکە فاشیستانەش، بە دڵنیاییەوە هەمان ئەوەی رابەرانی کۆنیان ئەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی