توركیا لەدۆزەخی ئەردۆغاندا

17/06/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

1
توركیا بە قۆناغێكی پڕ كێشە و مەترسیداردا تێدەپەڕێت ،ئەردۆغان وێنەی خەلیفەیەكی ستەمكار خۆی نمایش دەكات ، خەلیفەیەك لەو خەلیفانەی عوسمانی كە هەمیشە حەزو هەوەسیان خستبوە پێش ئاینەوە ، هەر بۆیە هەندێكیان لە جوانترین كچەكانی دنیای ئیسلامیان دەكردە دیاری خودا بۆ خۆیان ، ئەردۆغان حەزو هەوەسەكەی لە كورسی و دۆلارو چەوسانەوەدا چڕ كردوەتەوە ، ئەوانەی كە نایانەوێت ئەم راستیە بە چاوی خۆیان ببینن، ئەو وەك فریاد ڕەس تەماشا دەكەن ، فریادڕەسێكی بكوژ،لە سایەی ئەودا ئەمڕۆ توركیا دۆزەخێكی گەورە زیاتر نیە ، دۆزەخی سوتاندنی ئازادی و جیاوازی ، ئەوە ئەردۆغانە تەنانەت لە زیندانیشا لە ئاپۆو دەمیر تاش دەترسێت ، ئەوە ئەوە لە ترسی جیاوازی و ئازادی بۆ ماوەیەكی زۆرە بواری بینین بە ئاپۆ نادات و هەر ئەویشە داوا لە دادوەرەكان دەكات دەمیر تاش توند ترین سزا بدەن .


ئەردۆغان رۆژ بە رۆژ زیاتر هەرەس بە لیرەی توركی دەهێنێت و لیرەی سوك و رسوا كردووە ، كەچی بانگەشەی گەشەی ئابوری گەورە دەكات ، ئەو وڵات بەرەو چینایەتیەكی مەترسیدار دەبات و لای وایە دەوڵەمەند بوونی خۆی و دەست و پێوەندەكانی واتە گەشەی ئابوری ،لیرە ئێستا پارەیەكی تێكشكاوی پەرپوتەو وڵاتیش لە بن باری قەرزێكی گەورەدایە، كەچی ئەردۆغان پەیتا پەیتا گرەو لە سەر كڕینی چەكی زیاتر دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش هەر جارە روولە لایەك دەكات ، جارێك روسیاو جارێك ئەمەریكا ، ئەوە لە زریپۆشە ناشرینەكانی ئەڵمانیا هەر مەپرسە ، راستیەكە ئەوەیە ئەردۆغان نەك توركیای كردووە بە دۆزەخ ، خۆی بووە بە دۆزەخ و توركیا دەسوتێنێت .

3
سەلاحەدین دەمیرتاش شەڕێكی دیموكراسیانەی گەورە بەرانبەر دیكتاتۆرێك بە ڕێوە دەبات ، شەڕی سەلاحەدین بە قەد ئەوەی دژی ئەردۆغانیشە ، دژی هەموو ئەو كوێر بینانەی كوردیشە كە تا ئێستا ئەردۆغان بە خەلیفە دەزانن، هەڵبەت ئەوانیش كەم نین ، شەڕێك لە توركیا بۆ دیموكراسی ، شەڕێكیش لە دەرەوەی توركیا لە نێوان ستەمكاران و ئازادیخوازاندا ، مەرج نیە لە قۆناغی ئێستادا دیموكراتی و ئازادی بیباتەوە ، لێ‌ ئەو رۆژە هەردێت كە ئازادی و دیموكراتی دەیباتەوە ، ئێمە چاوەڕوانی ئەو رۆژەین ، مەرج نیە دۆزەخەكەی ئەردۆغان تاسەر ئەوانی تر بسوتێنێ‌ "إن فرعون وهامان وجنودهما كانوا خاگئین".

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی