دەسەڵات وەك سەرچاوەی نائومێدی

20/06/2018

خانم ره‌حیم

بێئومێدی ئەو حاڵەتە ترسناكەیە كە مرۆڤ توشی دارمانی قوڵی رۆحی دەكات، كاتێك بێئومێدی باڵدەكێشێت بەسەر كۆمەڵگەیەكدا ئیتر زیندۆێتی ئەو كۆمەڵگەیە دەچێتە حاڵەتێكی واوە كە ئاشتی و تەبایش روو لە نالەباری بكات، ئەوكاتە پەروەردەو  میدیاش ناتوانن رۆڵی خۆیان ببینن لەراگرتنی ئومێد و نائومێدیدا. ئەمرۆ فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق ئەوەی ئاشكرا كردوە، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نیو ملیۆن هاوڵاتی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بەرەو ئەوروپا كۆچیانكردووە. ئەم راگەیاندن و ژمارە زۆرەی كۆچبەر، ئەوەمان پێ دەڵێت، كە نائومێدی تاچ رادەیەك باڵی كێشاوە بەسەر هاوڵاتیانی عێراق و كوردستاندا، ئەمە دیسانە ئەم كۆچە، ئاماژەیەكی راستەوخۆیە بۆ رەتكردنەوەی دەسەڵات لەلایەن ئەو هاوڵاتیانەیە كە ئامادبوون خۆیان خێزانەكانیان بەرەو رووی مەترسی مردن بكەنەوە لەپێناو رزگار بوونیان لەم بێ‌ ئومێدییەی كە هەیە.


لەدنیادا دەسەڵات بەرپرسیارە لەدروستكردنی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و بەهۆكاری سەرەكی دەزانرێت بۆ دروستكردنی ئومێدو راگرتنی هاوسەنگی ژیان و گوزەرانی خەڵك، حیزبە سیاسییەكان كە بەشداری هەڵبژاردن ئەكەن لەسەر راگرتنی ئەم هاوسەنگییە بانگەشە ئەكەن و دەیانەوێت گرەوی سەركەوتنیان ببەستنەوە بەوەی كە تاچەندە سەركەوتوو دەبن بۆ راكێشانی متمانەی دەنگدەرەكان، بەڵام هەندێك لە هێزە دەسترۆیشتوەكانی عێراق و كوردستان گرەوی خۆیان لەسەر دەنگی ساختەو مردووەكان كردوە، ئەوان ئەیانەوێت لەرێگەی ئەم ساختەكارییەوە بەتەواوەتی فو لەو تروسكاییەش بكەن كە بەهۆی هەڵبژاردنەوە هەرچەند ساڵ جارێك هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە دەیانەوێت بەئیرادەی خۆیان بەشداری لەپرۆسەی سیاسیدا بكەن، بەڵام ئەوان ئێستا دەیانەوێت بەناوی ئاشتی كۆمەڵایەتی و بەبیانوی راگرتنی ئارامییەوە كارەساختەكارییەكەیان بەسەر خەڵكدا فەرزبكەن و تێیپەرێنن، ئەوان بێ‌ باك لەوەی ئەگەر ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە ساختەیە تێپەرێنرێت، ئەوا جگەلەوەی وێرانەیەكی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە دروست ئەكەن، ئەوا بەدڵنیایشەوە ئەبێت لەچوار ساڵی ئایندەدا چاوەرێی ئەوەبكەین ئەو پینچ سەد هەزار كۆچبەرە چەند بەرابەر زیاد بكات و نائومێدی زیاتر بەرۆكی خەڵك بگرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی