دادگای فیدراڵی.. تاكە دامەزراوە سەربەخۆكەی عێراق

21/06/2018

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

لە عێراق تەنها دادگای فیدڕاڵی دامەزراوەیەكی رێكخراوەو بڕیارەكانی تاڕادەیەكی زۆر سەربەخۆیی و بێلایەنی پێوەدیارە، دەتوانین بڵێین ئەو دامەزراوەیە جێگای ئومێدەو ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت دەتوانێت پارێزگاری لە جێبەجێكردنی دەستوور بكات.

ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ لە لایەن دادگایی فیدراڵیەوە لەبارەی هەڵبژاردنی 12ی ئایارو هەمواری یاسایی هەڵبژاردنەكان درا، تاڕادەیەكی زۆر هاوسەنگی تێدایەوە دەتوانێت مافی مافخوراون بگەڕێنێتەوەو تاڕادەیەكی زۆریش بڕیارەكان عەداڵەتی بۆ هەموو لایەنەكان فەراهەمكردووە.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەگەر بە وردی لە بارەی بڕیارەكانی ئەو دادگایەو بڕوانین دەبینین بڕیارەكانی بە بەراورد بەو فەوزایەی لە عێراق هەیە زۆر عادیلانەیەو، كاریگەری سیاسی و حزبی بەسەریەوە زۆر لاوازە.

لە دوای ڕووخانی سەدام لە ساڵی 2003، سەركردایەتی كورد زۆر باسیان لە پێشێلكاری دەستووری كردووە، بەڵام بە دەگمەن پەنایان بۆ ئەو دادگایە بردووە.

بەداخەوە سیستەمی دادوەری لە عێراق بە چەندین ساڵ لە پێش سیستەمی دادوەری هەرێمی كوردستانەوەیە!

گرینكترین بڕیارەكانی ئەم دادگایە :
دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ پێنج شەممە 21ی حوزەیران، كۆبووەوەو لەكۆبوونەوەكە بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەی ئەو سكاڵایانە دا، كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارو پارتی دیموكرات‌و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماریانكردبوو.

دادگای فیدراڵی لەانیشتنەكەدا بڕیاریدا، بەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەمواركراوە، بەیاسایی‌و دەستووری زانی‌و رایگەیاند، "هیچ پێشێلێكی دەستووری لەو بارەوە نەكراوە".

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژماردەنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو بۆ پەرلەمانی عێراق، دەستوورییە، ئەوەش بۆ دڵنیایی هەموو لایەنەكان، كە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردووە.

هەر بەپێی بڕیاری دادگا، بەراوردكردنی دەنگەكانی ناو سندوقەكانی دەنگدان، بەو ئەنجامانەی لەلایەن ئامێرەكانی ژماردنی دەنگەكان دەرچووە، یاساییەو ئەوەش رێگەیەكی تر دەبێت، بۆ نەهێشتنی گومانەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

هەروەها دادگای فیدراڵی، رەتكردنەوەی رەهای دەنگەكانی دەرەوەی وڵات‌و ئاوارەكان‌و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی بەپێویست نەزانی، تا ئەوەی لەو بارەوە لێكۆڵینەوە بكرێت، بۆ ئەوەی دەربكەوێت، ساختەكاری كراوە، یان نا.

لەبارەی ئەو بڕگەیەی باس لەحاڵەتی هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكات، ئەگەر ساختەكاری هەبوو، دادگا بڕیاریدا، بەوەی ئەگەر سەلما ساختەكاری كراوە، ئەوە دادگای فیدراڵی لەو بارەوە كۆبوونەوەی خۆی دەكات‌و بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات.

لەبارەی راسپاردنی ئەندامانی لیژنەی دادوەری بۆ راسپاردنی كارەكانی كۆمسیۆن‌و سڕكردنی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، ئەو هەموارەو یاسایی‌و دەستوورییەو پێچەوانەی دەستوور نییە، بەو مەرجەی ئەو كارە بۆ ماوەیەكی كاتی بێت.

ئەو بڕیارەی دادگایی فیدڕاڵی عێراقی ئیلزامیەوە هەموو لایەنەكان دەبێ پێوەی پابەندبن.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی