کوردی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە ئێران

26/06/2018

گۆران هەڵەبجەیی

 

گەر ئاوڕێک لە میژووی سیاسەتی ئەمریکا لە جیهاندا بدەینەوە بۆمان دەردەکەویت کە بەردەوام بە پێی بەرژەوەندی ،پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ جیهانی دەرەوەدا ڕێکخستووە ، واتە بەو لۆژیکەی [چەرچڵ] کاری کردووە ،کە دەڵێت{نەدۆست نە دوژمنی نەگۆڕمان هەیە، بەڵکو بەرژەوەندی نەگۆڕمان هەیە} . هەر بەپێی هەمان میتۆد، دەبین لە ڕابردوودا ئەم وڵاتە زلهێزە پاش ئەوەی کاری پێیان نەماوە پشتی لە چەندین [دۆستی] ی خۆی کردوە و گورگان خواردی کردون . لەم ڕووەوە تەنها دوو نمونە دەخەمە بەرچاو ،یەکێکیان چارەنووسی شای ئێرانە ،کە پاش لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی و گیرسانەوەی لە ئەمەریکا ،ڕێگەی مانەوەی لەو وڵاتە پێنەدرا ،بەڕادەیەک ئەمریکا ئامادە نەبوو قەرەوێڵەیەکی لە خەستەخانەیەکی وڵاتەکە پێ ڕەوا ببینێت بۆ چارەسەری نەخۆشیەکەی و هەر بەو حاڵەتەوە لە خەستەخانە دەریانپەڕاند و سواری فڕۆکەیان کرد بۆ میسر، لە ئاکامدا لە قاهرە لە خەفەتدا گیانی سپارد.. نمونەیەکی دیکە گرووپە مجاهیدەکان و تالیبانی ئەفغانستانە کە ئەمریکا بۆ دژایەتی و لادانی دەسەڵاتەکەی نەجیبو ڵا هەموو جۆرە هاوکاریەکی سەربازی و دارایی پێشکەشکردن . پاشان هەر خودی ئەمریکا دەمێک زانی کە تالیبان بووەتە داڵدەرەی بنلادن ،وە بنلادن و خودی تالیبانیش بوونەتە مەترسی و زیانبەخش بۆ ئەمەریکا ، ئەوەبوو بە ئۆپەراسێۆنێکی سەربازی لە دەسەڵات لایدان.[پاشان بنلادنیشی لە پاکستان کووشت]. هەرچیش پەیوەندی بە کورد و ئەمەریکاوە هەیە، مێژوی ڕووداوەکان دەیسەلمێنن کە ئەمەریکا بەهەمان ئەقڵیەت ڕەفتاری لەگەڵ کورددا کردوە. لە هەر کاتێکدا پێویستی بە کورد بووبێت بەکاری هێناوە ،دەمێکیش کاری پێی نەمابێت پشتگویی خستووە یا دژی خواستەکانی وەستاوەتەوە ،تەنانەت لە کاتە هەستیارەکاندا کوردی بەتەنها بەجێهێشتووە. مەسەلەی مافی نەتەوەیی، چەوساندنەوەو جینۆسایدی گەلی کورد هەرگیز ئەمریکای نەبزواندوە و هیچ گرنگی نەبووە لە سیاسەتی دەرەوەیاندا ، کە بێگومان ئاگاداری هەموو ئەو کارەساتانە بووە کە بەسەر کورددا هاتوون. لە نسکۆی[74 ]وە بگرە تا هەڵەبجەو ئەنفال و ڕاپەڕینی [91] وە تا دەگاتە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم ، لە هەموو ئەمانەدا ئەمەریکا بە ڕاستەخۆ یا ناڕاستەو خۆ ڕۆڵی هەبووە تێیاندا و بگرە زۆر جار ڕۆڵی یەکلایی کەرەوەی دژ بە کورد وازی کردوە. لە داوی پەیدابوونی داعش و کۆنترۆڵکردنی پانتاییەکی زۆر لە خاکی عێراق و سوریا ، تاکە هێز کە توانی بەرەنگاری ئەو دڕندە تەرۆریستانە ببێتەوە پێشمەرگەو شەڕڤانان بوون. هەر بۆیە ئەمریکا پشتی بەو دوو هێزە بەست ، بەتایبەتی بە شەڕڤانان ، وە بۆ ئەو مەبەستەش پڕچەکی کردن . لە ئاکامدا بە هۆی لێهاتووی و ئازایەتی ئەو هیزانەوە پارسەنگی جەنگ لە بەرژەوەندی پێشمەرگەو شەڕڤانان شکایەوە و لە هەردولا داعش تارادەیەکی بەرچاو لاواز بوو. ئێستا کە ترسی داعش لەدەڤەرەکە تا ڕێژەیەکی زۆر نەماوە ، ئیدی پێدەچیت ئەمەریکا کاری بە کورد نەمابێت ،بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەدوای حساباتێکی تردا بگەڕێت. ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش باش لایان ڕوونە، تاکە هێزی سیاسی و سەربازی خاوەن دیسپلین و تێڕوانینێکی مەدەنی ، عەلمانی ، دیموکراتی لە دەڤەرکەدا ، کوردەکانی ڕۆژئاوان. هەر ئەوانن کە دەتوانن سیستەمێکی شارستانی دوور لە کاریگەری ئیسلام بەڕێوەبەرن. لێ پێدەچیت ئەجندا و حساباتی ئەمریکا بەجۆرێکی تربێت و ئەو مەسەلانە بەلایەوە زۆر گرنگ نەبن . پلانەکانی ئەمەریکا دژ بە ئێران و ڕۆڵی کورد تێیدا: ئەمەریکا گەشتوەتە ئەو قەناعەتەی گەر بەخێرایی چارەسەرێک بۆ هەڵکشان بەرفراوانبوون و کاریگەری ئێران لە دەڤەرەکەدا نەدۆزرێتەوە ئەوە لە ئایندەدا دەبێتە مەترسیەکی مەزن کە پێدەچێت لە کۆنترۆڵ دەربچێت و چارەسەر ئەستەمبێت. لە ئێستادا ئێران کۆنترۆڵی عێراق[بەکوردستانەوە]، سوریا ،لوبنان،یەمەنی کردوە و سوپای پاسداران و بەرپرسانیان تەڕاتێن لەم وڵاتانەدا دەکەن . هاوکات بووەتە مەترسیش بۆ سەر ئیسرائیل کە هاوپەیمانێکی مێژینەی ئەمەریکایە . ئەو ڕاکێتانەی ماوەیەک لەمەوبەر ئاراستەی جۆلانی بەری ئیسرائیل کران، لە دەست و کردەوەی ئیران دوور نەبوون. بەکوورتی ئێران گەشتووەتە ئاستێک کە منافەسەی ئەمریکا دەکات لە دەڤەرەکەدا، ئەمریکاش هەرگیز قەبوڵی نیە هیچ هێزێک منافەسەی بکات یا بەرژەوەندیەکانی بخاتە مەترسیەوە و ڕێگری لە پلانەکانی بکات ،بۆیە باشترین چارەسەر ، خستنی یا لاوازکردنی ڕژێمی ئێرانە. بۆ ئەم مەبەستەش زەمینەسازی گەرەکە ،زەمینەسازی ئابووری سیاسی سەربازی و تاد. لە ڕووی سیاسیەوە ،هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتننامەی ناوەکی ، گەمارۆی دیبلۆماسی، هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەمەریکان دەرهەق بە ڕژێمی ئیران. لە ڕووی ئابوریشەوە لە بایکۆتی ئابووری و کشانەوەی چەندین کۆمپانیاو لقی بانکی جیهانی، نەکڕینی نەوتی ئێرانی لەلایەن زۆر وڵاتەوە خۆی دەبینێەوە ،هاوکات کارکردن بۆ پتر دابەزاندنی بەهای تمەنی ئێرانی،ڕێگەیەکی دیکەیە کە ئەمەریکا کاری لەسەر دەکات . کاریگەری ئەم هەنگاوانە بە سیمای دەسەڵاتی ئێرانەوە بە ڕوونی بەدیار کەوتوون. سەبارەت بە گورەزی سەربازی کە پێدەچێت دوا بژاردەی ئەمریکا بیت بۆ کەنارخستنی ئێران ، پیێوستی بە ڕەزامەندنی وڵاتانی دراوسێیی ئیران هەیە ،تا لە ڕووی لۆجستیەوە هاوکاری ئەمەریکابن.یەکێک لەو وڵاتانەی بۆ ئەو مەبەستەی ئەمەریکا گرنگەو پێوستی پێیەتی ، تورکیایە ،ئەوەیش بە هۆی هەڵکەوتەی تورکیا ،هاوکات بەهۆی ئەندامیەتی لە ناتۆدا و پاشانیش بوونی قاعیدەی [ئینجرلیک] لەسەر خاکی تورکیادا کە بۆ ئەمەریکا زۆر زۆر گرنگە . بەهۆی ساردی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە ئێستادا ،هاوکات بەهۆی ئەزموونی شکستی ئەمریکا لە ڕابردوودا لە دەمی خۆئامادەکردن بۆ لێدانی سەددامدا ،کە پەرلەمانی تورکیا ڕێگەی نەدا بە گواستنەوەی کەرەستەی جەنگ بە نێو وڵاتەکەیاندا، جا پێدەچێت ئەم پلانانەی ئەمەریکا بە ئاسانی سەرنەگرن . تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە دەسکەوتێکی ستراتیجی بۆ تورکیا مەیسەر ببێت. ئەو دەسکەوتەش لە ئەمڕۆدا لە دەرپەڕاندنی سوپای سوریای دیموکرات یا شەڕڤانانی [پە یەدە] دا خۆی دەبینێتەوە ،بە دیاریکراویش لە شاروشارۆچکەکانی نزیک بە سنووری تورکیا ،لە نێویاندا باژێڕی مەنبەج کە لە ئێستادا قسەوباسی گەرمی لەسەرە. پێدەچێت ئەمریکاش لەم ڕوەوە نەرمی بنوێنیت و بۆ ڕازی کردنی تورکیا ومساوەمە لەسەر حسابی کوردەکان بکات . لە ئێستادا تورکیا گرنگترە لە کورد بۆ ئەمەریکا ، بەتایبەتیش کە پێشتر ئاماژەم پێدا مەترسی داعش لە ئارادا نەماوە . کەواتە بەدووری نازانم ئەمەریکا ،کورد بکاتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی . بۆ ئەم مەبەستەش پێدەچێت ڕێکەوتنێک لەگەڵ تورکیادا بکات کە من ناوی دەنێم [ کورد بەرامبەر بە ئێران] ئەمەش هاوشێوەی ئەو ڕیکەوتنەی لە نێوان ڕژێمی سەدام و نەتەوەیەکگرتوەکاندا هاتە ئاراوە بە نیوی[ نەوت بەرامبەر بە خۆراک] . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمەریکا ڕێگە بە سوپای تورکیا بدات تا ئەو شوێنانە داگیر بکات لە ڕۆژئاوا کە لە نەخشەیدایە.لە بەرامبەردا تورکیا ڕێگە بە ئەمەریکا بدات تا بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک و خاکی تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە ئێران بەکار بهێنێت. مادام بزوێنەرو داینەمۆی زۆربەی پەیوەندیەکان ،بەرژەوندیە ، کەواتە لە سیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم ئەو سیناریۆیە ڕوونەدات.

گۆران هەڵبجەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی