ئەمەریکا، چیڕۆکی دروستبوونی بەهێزترین ووڵاتی دونیا و وانەیەک بۆ هەموو جیهان

29/06/2018

لوقمان حەوێز

تێکساس لە 4 ی تەمموزی ساڵی 1776 ووڵاتێکی نوێ لەوپەڕی دونیا و دوور لە هەموو شارستانیەتەکانی جیهان لەدایک بوو، ئەو ووڵاتەی لەسەرەتا بەریتانیەکان بە ووڵاتی قەرەجەکان ناویان دەبرد لە هۆشی هیچ کەسێک دا نەبوو دوای 150 ساڵ ببێتە سەرداری جیهان. ئەمەریکا، ئەو ووڵاتەی پێ ی دەووترێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و لە 50 ویلایەتی فیدرالی و واشنتۆنی پایتەخت و هەندێ کۆلۆنی تر پێک دێت، خاوەنی بەهێزترین ئابووری و هێزی سەربازیە لە جیهان، سەربازی لەسەر خاکی 177 ووڵات هەیە و هەموو ڕێڕەوە ئاویە بازرگانیەکانی جیهان دەپارێزێت، پێشکەوتووترین ووڵاتە لە بواری تەکنەلۆژیا، ئەو ووڵاتەی خاوەنی زۆربەی هەرە زۆری داهێنانە گرنگەکانە کە ژیانی هەموو مرۆڤەکانی گۆڕی لەوانە: گڵۆپ، کارەبا، تەلەفۆن، فڕۆکە، تەلەفزیۆن، مایکڕۆوێڤ، جلشۆر، تڕافیکلایت، جی پی ئێس، لێزەر، ڕۆبۆت، کۆمپیوتەر، ئینتەرنێت، فەیسبووک، هتد.... لەم نوسینە کورتەدا چیڕۆکی دروستبوونی ئەم ووڵاتە سیحراویە دەگێڕمەوە و هەوڵ دەدەم پەنجە بخەمە سەر نهێنیەکانی بەهێزی و پێشکەوتنی. دامەزرێنەرەکانی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە دواتر ئاماژەیان پێ دەکەم و لەسەرویانەوە "جۆرج واشنتۆن" هەر لە سەرەتاوە بڕیاریان دا لەم ووڵاتە ساوایە گەل حوکمی خۆی بکات و بۆ هەتا هەتایە تاکە حیزب و پاشا و دیکتاتۆر نەتوانێت ووڵاتەکەیان بەڕێوە ببات، ئەو کۆمەڵە کەسە کە ئێستا بە باوکە گەورەکانی ئەمەریکا دەناسرێن دەیانزانی چی لە ئەوروپا و جیهان دەگوزەرێ ویستیان هەڵەکانی ئەوان دووبارە نەکەنەوە، توانیان بناغەی ووڵاتێک دابڕێژن کە دواتر بووە بەهێزترین دیموکراسی لە مێژووی مرۆڤایەتی و جیهان. ئەمەریکا بەرهەمی شۆڕشێکی خوێناوی بوو کە چەند ساڵێکی خایاند لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەم، دوای پتر لە 150 ساڵ لە حوکمی ئینگلیزەکان بەسەر کۆلۆنیەکانی ئەمەریکا لە بەرواری 4 ی تەمموزی 1776 کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و پیاو ماقووڵ و دەرەبەگەکانی ئەو کاتە لە ئەمەریکا کە ژمارەیان 97 کەس بوو کۆبوونەوە، ئێستا مێژووناسەکان ئەو کۆبوونەوەیە بە یەکەم کۆنگرێسی ئەمەریکا دادەنێن، لەو کۆبوونەوەیە "بەیاننامەی سەربەخۆیی" یان بڵاو کردەوە لە دژی حوکمی ئینگلیزەکان، ئەم بەیاننامەیە بە یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامەکان دادەنرێت لە مێژووی نوێ ی مرۆڤایەتی، تەنها ئەو چەند ڕستەیەی کە دەڵێت: "هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی لە دایک دەبن"، یان کە دەڵێت: "حوکمی گەل لەلایەن گەل و بۆ گەل" خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی مەزن بوو بۆ ئەو کاتە، ئەمەریکیەکان زوو زانییان کە بە ئاسانی و بە خۆڕایی سەربەخۆییان دەست ناکەوێت لە چنگی ئینگلیزەکان کە ئەو کاتە خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازی و دەریاوانی بوون لە جیهان و خۆر ئاوا نەدەبوو بەسەر کۆلۆنیەکانیان. ئەمەریکیەکان یەکسەر دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی شانەی چەکدارییان دروست کرد و بۆ ماوەی 5 ساڵ شەڕێکی پارتیزانی زۆر خوێناویان کرد لە دژی ئینگلیزەکان، ئەو کۆمەڵە کەسەی واژوویان لەسەر بەیاننامەی سەربەخۆیی ئەمەریکا کرد بڕیاریان دا جۆرج واشنتۆن بکەن بە فەرماندەی سەربازی ئەو شۆڕشە کە جەنەراڵێکی شارەزا بوو، بەهێزی ئینگلیزەکان لەو کاتەدا زۆربەی ئەمەریکیەکانی بێ ئومید کرد، دوای دوو سێ ساڵ لە بەردەوامبونی شەڕ هەندێکیان داوایان کرد پاشگەز ببنەوە لە هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشە، بەڵام لە کۆتاییدا توانیان سەرکەون بەسەر ئینگلیزەکان بەهۆی لێهاتوویی جۆرج واشنتۆن و خۆڕاگری چەکدارەکانی و پاڵپشتیکردن و خۆبەخت کردنی زۆرینەی هاووڵاتیە ئەمەریکیەکان لە پێناوی ئەو شۆڕشە، هەروەها فەرەنسیەکان کە ئەو کاتە دوژمنی سەرسەختی ئینگلیزەکان بوون لە ئەوروپا هەندێک پاڵپشتی سەربازیان پێشکەشی ئەمەریکیەکان کرد لە کۆتایی شۆڕشەکە و ئەمەش زۆر کاریگەر بوو لە سەرخستنی ئەمەریکیەکان. یەکسەر دوای سەرکەوتنی شۆڕشی سەربازی لە ساڵی 1781 بەهۆی لێهاتوویی و ڕۆلی لە درێژە پێدان و سەرخستنی شۆڕشەکە سەرەتا داوا لە جۆرج واشنتۆن کرا ببێت بە پاشا و حوکمی ئەمەریکا بکات، بەڵام ئەو لە ووتەیەکدا لە بەرانبەر ئەو کۆمەڵە کەسەی کە کردبوویان بە فەرماندە ئەوەی ڕەت کردەوە و ووتی ئێمە بەڵێنمان داوە گەل حوکم بکات و دەبێت لەسەر بەڵێنی خۆمان بین، ووتی دەبێت هەڵبژاردن بکەین و دەستورێک بنوسینەوە و بناغەیەکی پتەو بۆ ووڵاتەکەمان دابنێین بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو شانازی بە ئێمەوە بکەن، ووتارێکی پێشکەش کرد کە زۆربەیانی کردە گریان، وەرچەرخانە گەورەکە لێرەوە ڕوویدا، ئەوە یەکەم جار بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی تاجی پاشایەتی پێشکەشی یەکێک بکرێت و ئەویش ڕەتی بکاتەوە لەبەر بەرژەوەندی میللەتەکەی، لەبەر ئەم هۆکارە هەروەها لەبەر سەرکردایەتی کردنی بۆ شۆڕشەکە لە ئێستادا جۆرج واشنتۆن لەگەڵ چەند کەسێکی تر بە باوکە گەورە و دامەزرێنەرەکانی ئەمەریکا دادەنرێن. لە ساڵی 1787 دەستووری ئەمەریکا نوسرایەوە و هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتەکانیان بە پێ دەستوور بە شێوەیەکی زۆر هاوسەنگ و ڕوون دابەشکرد لە نێوان باڵەکانی دەسەڵات، هەروەها لە نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ویلایەتەکان، سێ باڵەکەی دەسەڵات بریتی بوون لە سەرۆک کە سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بوو، دەسەڵاتی یاسادانانیش خۆی لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران بینیەوە کە هەردووکیان ناویان لێنرا کۆنگرێس، هەروەها دەسەڵاتی دادوەریان دروست کرد کە بەتەواوی سەربەخۆ بوو لە هەردوو دەسەڵاتە سەرەکیەکەی تر و بریتی بوو لە دادگای باڵا و دادگا فیدرالیەکانی تر، بە پێ ی دەستوور حکومەتی فیدرالیش بەشێک لە سەروەریەکانی ووڵاتی بەخشی بە هەرێمەکان کە لە ویلایەتەکان پێکهاتبوون. لە ساڵی 1789 جۆرج واشنتۆن بۆ چوار ساڵ کرا بە سەرۆک، دوایی پێ داگری کرد کە دەبێت بە هەڵبژاردن بۆ خولی دووەم ببێتەوە سەرۆک، لە 1793 لەلایەن خەڵک هەڵبژێردرایەوە و دوای دوو خولی سەرۆکایەتی کە هەشت ساڵی خایاند خۆی بڕیاریدا خۆی هەڵنەبژێرێتەوە و ووتی دەبێت سەرۆک لە دوو خول زیاتر حوکم نەکات و دەستاو دەستی دەسەڵات بکرێت لە ووڵات، هەروەها لە ووتاری کۆتایی سەرۆکایەتی ووتی من پێشتر لە ژیانم کارم جوتیاری بووە و دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر کاری پێشووتری خۆم، و ئەمەش دەست پێشخەریەکی مێژوویی و بێ وێنە بوو، دواتر ئەمە بوو بە نەریت، لەناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش ئەم خاڵە لە دەستوور جێگیر کرا، جۆرج واشنتۆن دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی گەڕایەوە بۆ کێڵگەکەی خۆی لە شارۆچکەی ماونت ڤێرنۆن لە ویلایەتی ڤیرجینیا بۆ کاری جوتیاری، ئەو دوو ساڵ دوای ئەوە لە ساڵی 1799 بە نەخۆشی هەوکردنی سییەکان کۆچی دوایی کرد، لە دوای مردنیەوە جۆرج واشنتۆن وەکو گرنگترین سەرکردەی ئەمەریکا هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، پایتەختی ئەمەریکا و یەک ویلایەت و دەیەها شار و شارۆچکە و سەدەها پارک و شەقام لە سەرانسەری ئەمەریکا ناوی ئەویان لێنراوە. دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە گەورەیە دوای پتر لە سەد ساڵ لە دامەزراندنی بە تەواوی بەرجەستە بوو، دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە گەورەترین پڕۆژەی دروست کردنی ناسنامەیەکی نوێ بۆ مرۆڤەکان لە مێژووی نوێ، بە ووردیش لە کۆتایی سەدەی نۆزدە کاتێک ئەمەریکا دەرگای کۆچ کردنی بەسەر هەموو هاووڵاتیانی جیهان کردەوە بە تایبەتی بۆ ئەوانەی بە دوای ژیانێکی نوێ یان داهێنان دەگەڕێن دوور لە چەوسانەوەی ئایینی و سیاسی بێ گوێ دان بە ڕەچەڵەک یان بیرو باوەڕە ئاینیەکانی ئەو کەسانە. هەر تاکێک کۆچی کردبێت بۆ ئەمەریکا لە هەژارترین یان دەوڵەمەندترین ووڵاتی دونیا، هەڵگری هەر بۆچوونێک یان ئاینێک بووبێت، شێوە و ڕەنگی پێستەی هەر چۆنێک بووبێت بۆتە خاوەن ئەو ناسنامەیە. لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم نهێنی بەهێزی و پێشکەوتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی ئەو کۆمەڵە شیعارە لە حوکم کردن کە لە سەرەتا زۆر سادە بوون بەڵام دوایی گرنگیەکەی بۆ هەموو جیهان دەرکەوت، ئەوانیش بریتی بوون لە "یەکسانی، ئازادی، دادپەروەری و خۆش گوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتیان" ، ئەمەش بێ گومان لە پاڵ دەستوری ووڵات کە مافی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی بیر و باوەڕ و ئازادی هەڵبژاردنی ئایینی دابین کرد بۆ هاووڵاتیان، هەروەها کارکردن و کۆڵنەدانی هاوڵاتیانیش فاکتەرێکی تری گرنگ بوون لە سەرکەوتن و گەیاندنی ووڵاتەکەیان بەم پلەو پایە.

لوقمان حەوێز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی